ژیـانی پاش ھاوسەرگـیری...
4 مانگ پێش ئێستا
Little Children 2006
Romance / Drama
فیلمێک؛ لە بارەی دەرئەنجامی لادان و چەپاندنەوە…
فیلمی (منداڵە بچووکەکان - لیتڵ چڵدرن - ٢٠٠٦)، لە تایپی ڕۆمانس و دراما و پاشانیش سایکۆلۆژی مرۆڤەکانە. لەو جۆرە فیلمانەیە؛ ڕێک لە ناوائاخن و بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی ھەندێک لە مرۆڤەکان دەدات کە دواتریش لە رەفتار و کرداریاندا ڕەنگدەداتەوە؛ واتا؛ ڕۆچوونێکی قووڵە لە مەڕ دیوە پەنھانی و شەیتانییەکانی مرۆڤ کە زۆریان بەھۆی نا ڕێکخراوی و ناباڵانصی ژیانیانەوە دوچارییان ھاتووە و پاشانیش بە شوێن دەرەچەیەکەوەیەن(باش و خراپ). بە تایبەت دەستەوەستانـی ھەندێک لە مرۆڤەکانە لە بەرانبەر ھەندێک لە دیاردە باو و ناباو و ناجۆرەکانی نێو کۆمەڵگە کە ھەرگیز مرۆڤەکە ناتوانێ بە ئاشکرا لە بارەیانەوە بدوێت. ھەربۆیە ئیدی ناچارە یان لای خۆی بیانھێڵێتەوە و بە تەنھا ئازار بچێژێت، یاخود بە پەنھانی و لەڕێی پەنابردن بۆ ئارەزووە چەپاندنەکانی ھەنگاوی نھێنی تریان بۆ بنێت گەرچی بە ئاشکرابوونیشی دڵنیایە لەوەی لە نێو خەڵکیدا قێزەوەن و بەشەیتانی دەکرێیت و دواتریش لە چاوی کۆمەڵگەوە دەبێتە؛ (تەنێکی فەرامۆشکراو، یاخود مرۆڤێکی قەتیسکراو و گۆشەگیرکراو)! کە ئیتر لە پێناو دەرچوون و ڕزگاربوونیشدا ناچارە پەنا بۆ چڵە پووشێکیش ببات! وەک ھەموان دەزانین، ئاشکرابوونی ھەندێک لە رەفتاری ناجۆر و نامۆکانی وەک؛ خیانەتکردنی پاش ھاوسەرگیری و لادانە سێکسییەکانی نێوان ھاوسەرەکان و کەسانی سەڵت و ھەتا دوایی ئیدی مەعدەنی کەسەکان دەخاتە سەر پلێت و پاشانیش ڕووتیاندەکاتەوە لە ھەرچی بەھا کۆمەڵایەتییەکانـی وەک: بێوەفابوون، فێڵکردن، دووڕوویی و درۆکردن و ماسککردن و دەبڵ مۆڕاڵی، خیانەتکردن و لادان و چەپاندن. تەنانەت لاوازبوون لە بەرانبەر ھەندێک لەو بڕیارانەی مرۆڤ ھەندێکجار ھەر دەبێت لە ژیانیدا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لە بارەوە بدات. ھەربۆیە بینەر لە پاش تەماشاکردنی ئەم فیلمەدا ھەڵوەستەیەکی جدی لە بەرانبەر رەفتار و ئاکارەکانی ناوەوە و دەرەوەی مرۆڤەکان وەردەگرێت و چونکە بێگومان بەشی خۆیان کاریگەری ئەوتۆ لەسەریان دەبێت، بەڵام لە ھەمانکاتدا لە بڕیاری پەلە و ھەڵەشەیی ھۆشیاریان دەکاتەوە، یاخود ناخیان لە ڕق و کینە کوێرانە و بوغز پاکدەکاتەوە. لەم فیلمەدا، ھەر سەرەتاوە تاوەکو کۆتاییەکەی بە ڕوونی دۆخە ئاڵۆزە دەروونیەکانی ناوەوەی مرۆڤ شیدەکاتەوە و لەگەڵیدا ڕەفتاری مرۆڤەکان لە بەرانبەر ئەو ڕووداوانەدا نیشاندەدات کە بەردەوام لەگەڵیاندا دەژین و بەریان دەکەوێت و تەنانەت بەو شتانەشەوە کە مرۆڤ بەردەوام لێیان دەترسێت و سڵیان لێدەکاتەوە (نھێنیە چەپێنرا و خەپەکراوەکان)کە بەهۆیانەوە ئازارێکی قووڵ و نەبڕاوە دەچێژێت و لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەر ھەیە ئاشکرا ببن.
شــادمان محەمـەد