ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و پرسی عەدالەت

4 مانگ پێش ئێستا

كەمال چۆمانی
سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستێکی فەیسبوکدا، لە یادی روداوێکی توندوتیژی و تۆقاندن و تیرۆری پارتی، لەبری ئەوەی بیری پارتی و کۆمەڵگای کوردی بخاتەوە کە پرسی کوشتنی ئەندامانی حیزبێکی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن، پرسی عەدالەتە، پرسی جێبەجێکردنی عەدالەتە، دەڵێ ئەوە <<بەشێکە لە سەروەریمان.>>
ئامانجێکی هەرە سەرەکیی سیاسەت، هەروەها دینیش، پرسی عەدالەتە. پەروەردگار پێغەمبەرانی ناردوە بۆ جێبەجێکردنی عەدالەت. ئەوانەی سیاسەت دەکەن، ئەرکیانە بەدوای عەدالەت بن.
نەخێر، کوشتنی کادیرانی یەکگرتو و سوتاندنی بارەگاکانیان، بەشێک نییە لە سەروەریی، بەڵکو بەشێکە لە مێژویەکی رەش دەبێ دادگایی بکرێ. ئەوە پرسی عەدالەتە و دەبێ یەکگرتوەکان و سەڵاحەدین بەهادین و هەر تاکێکی کۆمەڵگای کوردی کە بڕوای بە عەدالەت، دیموکراسی، ئازادیی سیاسیی، فرەحیزبی، و حوکمی قانون هەیە، ئەو رۆژانەی تێیدا تاوانی سیاسی لە وێنەی کوشتنی کادیران یەکگرتو و سوتاندنی بارەگاکانیان هەبوە، داوای گێڕانەوەی حەق بۆ مافخوراوان بکەن.
ئەگەر سەڵاحەدین بەهائەدین و یەکگرتو سولحی عەشائیرییان لە بەرانبەر ئەو تاوانە کردوە، ئەوا هەڵەیان کردوە، ئەگەر ئەو سولحە نەکراوە، ئەوا پێویستە داوای دادگاییکردنی قاتیلان بکرێ نەک تاوانێکی وا گەورە بکرێتە سەروەریی حیزبێک. خۆ ئەگەر سەڵاحەدین بەهائەدین مەبەستی ئەوە بێ ئەوان حیزبێکی ئیسڵاحخوازن و دانیان بە خۆیاندا گرتوە لە بەرانبەر تیرۆر و تۆقاندنی پارتی و حکومەتی هەرێم، ئەوا دیسان هەڵەیە چونکە کەس چاوەڕێی ئەوە لە سەڵاحەدین بەهائەدین و یەکگرتو ناکات شەڕ بکەن لە بەرانەر ئەو تیرۆرە، بەڵام چاوەڕێمان دەکرد و چاوەڕێ دەکەین، رێی دادگا بگرن تەنانەت ئەگەر دەشزانین دادوەری لە کوردستان سەربەخۆ نییە.
بەو جۆرە حیزبی دامەزراوەیی دروستدەبێ و سیاسەت پێ دەنێتە قۆناغێکی تر، نەک تاوانێکی وا بیربهێنرێتەوە بۆ شەعبەوییەتی حیزبیی.