خێر و سەدەقە چارەسەرە؟

3 مانگ پێش ئێستا

دەسكۆ خەسرۆ
میللەتی عاتفی قەت نابێ بەهیچ هەمیشە بە ئاسانی ڕامدەكرێ، لە ناو گەورەترین قەیران بە هۆی ڕووداوێكەوە هەمووی دەبێ بە حاتەم تەی لە خێر و سەدەقە .

قەت بازاڕی دەسەڵات لە برەو ناكەوێ بە هۆی سەدەقەی میللەتەوە، كورد بەڕادەیەك تەمبەڵە لەبیركردنەوە، دەسەڵات دەتوانێ بۆ ئەم مانگی ڕەمەزانە بڵێ زەكات و سەرفترەتان بدەن بە حوكمەت كەسێكیش بیرناكاتەوە بۆ ؟

تاك ئەگەر تاقەتی بیركردنەوەی نەبوو ناتوانێ گومان دروست بكا كە گومانی لا گەڵاڵە نەبوو هەم دیسان ناتوانێ پرسیاری جەوهەری بكا، بڵێ ئەمە بۆ وایە ؟ هۆكاری ڕووداوەكە چی بوو ؟ بۆ چارەسەر نەكرابوو ؟ ئەم كردەیە ئەنجامی چی بووە ؟

پار ساڵ هەزاران خانوو كەوتە بەر لافاو، هۆكارەكەی پڕۆژەی سەرمایەدارێك بوو . هەرزوو كامێراكان گەیشتنە بەردەمی زیانلێكەوتوان، نوزانەوە و كروزانەوە دەستی پێكرد دوای ئەوە خەڵك كەوتە سەدەقە كۆكردنەوە كەس نەیگوت بۆ ئەمە ڕوویدا ؟ ئێ خۆ گەر ئەو هەزاران كەسە بچوبانە سەر ئەو كەسەی هۆكاری كارەساتەكەبوو دەیانتوانی قەرەبوو لە كابرا و حكومەتیش وەرگرنەوە  ئەمە چاتربوو لە فەردە برنج و فەرشی خێر و سەدەقە .

چونكە ئێمە فێری خێر و سەدەقەین تەنانەت حكومەت ماف و موچە و خزمەتگوزاریشت بە زەكات و سەرفترە پێ دەدا، خۆ ئەگەر وەزارەتێك هەبوا بەناوی وەزارەتی خێر و خێرات دڵنیام خەڵك ئەوەندە پارەیان بۆ كۆدەكردەوە هیچ ئەركێكیان لەسەر حكومەت نەدەهێشت .

تۆ سەیركە لە ناخۆشترین كارەساتەكانیش ئێمە هەر بیرمان لای خێراتە، خانوێك بە هەموو ئەوانەشی تێیدایە دەتەقێتەوە و كەسی لێ دەرناچێ، كەچی هەرزوو خەڵكێك بیری لەوە كردۆتەوە سەدەقە بكاو خانوەكە چاك بكاتەوە.

گەنجێكی كاسبكار ماتۆڕەكەی دزرا سیاسی و سەرمایەدار و وەزیر و گزیر، تەنانەت حكومەتیش ئامادەیە بۆ كڕینەوەی ماتۆڕەكە بەڵام كەس نییە ئەم پرسیارانە بكا : بۆ دزرا ؟ كێ دزی ؟ هۆكاری دزیكردن چییە ؟ كەسی دزیكەر لە چ ئاستێكدایە گەر خوێندەوارە بۆ ئەم پەروەردەیە فێری نەكرد دزی نەكا ؟ گەر نوێژكەر و دیندارە بۆ لە دین و نوێژ و مزگەوتەكەی تێنەگەیشت ؟ لە چ خێزانێكە ؟ پەردوەردەی خێزانی چۆنە ؟ تاك بۆ كێشەی پەروەردەی هەیە ؟ بۆ كێشەی ئەخلاقی هەیە ؟ چی كراوە و چی بكرێ تا ئەم هەموو خواریە ڕاستبكرێتەوە و ئەم هەموو پرسیار و گومانە وەڵامبدرێتەوە .