شەڕەقۆچی نێوان کۆیلەکان
3 مانگ پێش ئێستا
زيدان مەلا تەها
سەبارەت بەخوێندنەوەی کۆیلایەتی لە زەمەنە جیاوازەکاندا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کۆیلایەتی مێژوویەکی درێژی بڕیووە کە لە زەمەنی شارستانییە کۆنەکانی وەک ڕۆمانییەکان، بابلییەکان، چینییەکان میسری کۆن و...هتد کۆیلایەتی هەبووە.
ستراکتۆرە سیاسیەکان ، کۆمەڵایەتیەکان ، خێزان ، ئایین ، ئەقڵیەتە سونەتی و بەها کلتوریەکان ، هەمیشە کاریان لەسەر بەهاکانی مرۆڤ کردووە و ڕەتی دەکەنەوە مرۆڤ بەتەواوی ئازاد بێت بۆئەمەش چەندەها تیۆر و بیردۆز و یاسای سروشتی دادەتاشن بۆ ئەوەی بۆمان بسەلمێنن ئازادنەبوون پێدراوێکی ئەزەلی و سروشتییە،بۆیە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بۆ بە کۆیلەکردنی مرۆڤ دەدەن و ڕێگای پێنادەن خۆی بێت ، لێرەوە سیستەمی کۆیلایەتی ڕەگی خۆی دادەکوتێ و دەبێتە بەشێک لە بەرخوردەکانی ناوەوەی مرۆڤ و تەواوی کۆمەڵگاش لە چوار چێوەی ئەو سیستەمە داخراوەدا ژیان دەگوزەرێنن.
پرسی کۆیلە یەکێکە لەپرسە فەلسەفیە بنەڕەتیەکان کە تەنانەت بیرمەندان و فەیلەسووفانیشی لەسەردەمە جیاوازەکاندا پێوەی سەرقاڵ بوون و ڕەوایەتیدان بە کۆیلایەتی تەنانەت لەلایەن هەندێک لەفەیلەسووفانیشدا جەختی لێکراوەتەوە و برەوی پێدراوە وەک پێدراوێکی سروشتی، بەشێوەیەک مرۆڤێکی وەک ئەرستۆ کە خودان عەقڵیکی گەوەرەبوو دەبینین مرۆڤەکان بۆ سێ بەش پۆلێن دەکات . مرۆڤە زێڕینەکان؛ کە یۆنانییە ئازادەکان دەگرێتەوە، مرۆڤە زیوییەکان؛ کە مرۆڤە ئازادەکانی دەرەوەی یۆنان دەگرێتەوە و مرۆڤە کۆیلەکان.
بەڵام پێموایە هیچیان هێندەی لەسەر وەستاندنەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی فریدریک هیگڵ کۆمەکیمان ناکات بۆ تێگەیشتن لەم پرسە کە لە کتێبە بەنێو بانگەکەیدا (فینۆمینۆلۆجیای ڕۆح) دا بەرجەستەترین تیۆریی دەسەڵات دەخاتە بەرباس كە بەشێكی ئەو بەرهەمە تەرخانكراوە بە توێژینەوە لە پەیوەندی لێكدژی نێوان ئاغا و كۆیلە ، بەپێی ئەوەی كە هیگڵ دەیڵێت مرۆڤ هاتە دونیا و لە مێژوودا یەكەمین ململانێ سەری هەڵدا و دەرەبەگ و كۆیلەی هێنایە ئارا ، ئەمە یانی مرۆڤ لەو مێژووە بەدواوە یان دەرەبەگ بووە یان كۆیلە ، وە ئینسانەكان تەنیا لە كات و شوێنێكدا باسی لێوە دەكرێت كە مشتومڕی ئاغا و كۆیلە لەئارادا بێت. دانەیەكیان ئاگاییەكی جودا كە شوناسێكی سەربەخۆ و ئەوی دیكەیان ئاگاییەكی وابەستە كە شوناسی لە ژیان و بوونی ئەوی دیكەدا مانا پەیدا دەكات : یەكەمینیان ئاغا و دووەمیان كۆیلەیە ، واتە هیگڵ مرۆڤی بەسەر دوو دەستەدا پۆلێن كرد ، دوو پێكهاتەی ئاگایی كە بە ئاغا و كۆیلە ناویان دەبات كە ئاغا و كۆیلە پەیوەستی یەكدین و یەبێ یەك بوونیان نابیت.
هەر بەپێی ئەم فەلسەفەیەی هیگڵ كە پێشوەختە دیاری نەكراوە كێ لە ڕۆڵی ئاغادا فەرمان بكات و كێش لە ڕۆڵی كۆیلەدا ملكەچ بێت كەواتە هەر كەسێك لەوەدا سەرپشكە كە كامەیان هەڵبژێریت، بەشێوەیەك كە لەم دونیایەدا ئەگەر ئاغا نەبیت ئەوا دبیتە كۆیلە ئەگەر نەخۆیت ئەوا دەخورێیت كەواتە یان دەبێت ببیتە ئاغا یان بگەرێیت و ئاغایەكی بەهیز یۆ خۆت بدۆزیتەوە، كە دوو جەمسەری تێدا هەن : ئاغا و كۆیلە ، وەك سەر و خوار ، ژیان و مردن.
بەم شێوەیەیە تێدەگەین کۆیلایەتی فۆڕم و گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینیووە کۆیلایەتی لەم ئانەدا ئەوەنییە تاک ببرێتە مەیدانی کۆیلەفرۆشان و مامەڵەی پێوەبکرێت بەڵکو لە تازەترین فۆڕمیدا و لە کۆیلایەتی مۆدێرندا بە پێچەوانەوە ئەوە کۆیلەکان خودی خۆیانن بەشوێن ئاغاکانەوەن و عەوداڵی هەبوونی ئاغا و سەردارێکن ناتوانن بەبێ لێخوڕ و سەردارێک بژین ئەوە خۆیانن بازاڕ بۆخۆیان گەرم دەکەن ، کەسێک لەسەرووی خۆیەوە دادەنێت و بە ڕاست و چەپدا دەگەڕێتەوە بۆی و وەک دەروێشێک بۆ شێخەکەی تەنها وەزیفەی سەربادانە بۆ گەورەکەی.
کاتێک کە ابراهام لنکوڵن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا یاسایەکی دەرکرد بۆ قەدەغەکردنی بەندە و کەنیزەک و قەدەغەکردنی بازرگانی کردن پێوەی ، بەڵام بەندە و کەنیزەکەکان خۆیان دژ بەو یاسایە وەستانەوە و شۆڕشیان بەرپاکرد و پێیان باشبوو هەروەک بەندە و کەنیزەک بمێننەوە .