ناعەدالەتییەکانی تۆپی پێ

5 مانگ پێش ئێستا

نیاز نەجمەدین
ماوەیەکی دورودرێژ وازم لە سەیرکردنی تۆپی پێ هێنا. تەحەمولم نەما هێندە دڵشکاو ببم. ‌هەندێجار بەوەش بێزار ئەبووم کە تیمی دڵخوازم جوان یاریی نە ئەکرد و سەرئەکەوت، چجای ئەوەی یاریی جوانی بکردایە و بدۆڕایە. 
رێکەوتی ژیان وایکرد ماڵمان چووە پاڵ یاریگای مان سیتی لە مانچستەر. پیاسەی تەنیشت یاریگاکە و ئەو میدیا زەبەلاحەنەی لە پشت یانەکانەوە بوون و ریکلامیان بۆ تۆپی پێ بە گەشتیی و مان سیتی بە تایبەتی دەکرد، وردە وردە منیان کرد بە هاندەری مان سیتی. لە مناڵیشمەوە هونەری پاسات و گێلکردن و دابەشکردنەکانی زیکۆ و سوقڕات منیان کردبوو بە هاندەری بەڕازیل. منێک کە سەر بە کەلتوری کوردییم، زۆر زەحمەتە بۆم شتێک لە منالێیەوە چووە مێشکمەوە، بێتە دەرەوە و بتوانم بیگۆڕم. وادەزانم لەمەدا من سەیر و تاقانە نیم: زۆربەمان دوای ئەو شتە کەوتوین کە گەورەکانی نزیکمان یان دەزگا میدیاییەکان خستیانە مێشکمانەوە و ئێستا توانامان نەماوە بپرسین ئایا ئەمە راست بوو یان هەڵە و ئەمە ئەو شوێنە و ئەو شتەیە من ئەمەوێت یان ئەوان ئەیانەوێت؟
بەهەرحاڵ، هەژموونی دەزگا میدیاییەکان زۆر لەوە بەهێزتر بوو من لە تەوقیان دەرچم، لەم ساڵانەی دواییدا کەوتمەوە ناو دنیای تۆپی پێ. 
زۆر دڵگران بووم بە دەرکردنی بەڕازیل. مەسەلەکە ئەوە نییە من بۆچی دڵتەنگم بۆ وڵاتێکی تر، بەڵکو شتی ترە. 
تۆپی پێ هونەرە، بەڵام هونەرێکە پڕە لە ناعەدالەتیی. 
ناعەدالەتییەکە وایکردووە نەگاتە ئەو ئاستەی چێژی تەواو و راستەقینە لەم هونەرە ببینین. ئەنجامی یارییەکان ئەمانگرێنن چونکە ناعەدالەتییەکی زۆری تێدایە. 
دیسانەوە مەسەلەکە لای من هەر ئەو شتە تەقلیدییە نییە کە دنیا بۆ هێندە نادادپەروەرە کەسێک بە گۆڵکردن دەبێت بە ملیاردێر، کەسێک بە پێشبینیکردنی ئەنجامی یارییەکە دەبێت بە میلیۆنێر، تۆش شەو و رۆژت خستۆتە سەریەک تا شوقەیەک دەکڕیت، رۆحت دەردەجێت، خێزانەکەت سەد شەڕی تێدەکەوێت، هتد. لێرەدا تۆ ئەو نادادپەروەرییەت لە بیر کردووە کە بەرامبەر خودی یاریزانەکان دەکرێت. 
ئەگەر فەرمانبەرێکی حکومەت یان کۆمپانیا ئەوەی لێ داوا دەکرێت دزیی و گزیی نەکات، فێل نەکات و بۆ ئەوەی بگاتە پێگەیەکی بەرزتر ملی هاوکارەکانی یان فەرمانبەرانی بەشەکانی تر نەشکێنێت، ئەوا فەرمانبەری یانەی تۆپی پێ (واتە یاریزانەکان) داوایان لێ دەکرێت بە هەر رێگەیەک بووە بیبەنەوە. لەم هونەرەدا، گرنگ نییە کەسێکی وەک رۆناڵدۆی بەڕازیل بەهۆی فاوڵێکەوە لە یاریی مەحروم دەبێت، خەڵکیش لەو هونەرە بەرزەی ئەو پێشکەشی دەکرد بێبەش دەبێت. 
بە دیوێکی تردا، فاوڵ و قاچشکاندن و ملشکاندن وایکردووە ئەم هونەرە ناتوانێت تەواوی تواناکانی خۆی نمایش بکات. مارادۆنا، رۆناڵدینهۆ، رۆناڵدۆ، کریستیانۆ، نەیمار، هتد، زۆر زیاتریان پێ بووە و پێیە لەوەی بینیومانن، بەڵام ترس لە قاچشکاندن وای کردووە ناتوانن بە ئەدای خۆیان ئیش بکەن. واتە ئەم کارمەندانە وەک چۆن ژینگەیەکی کاریان هەیە ناهێڵێت بێ فاوڵ بژین و کارەکەیان ناچار بە گزیکردنیان نەکات، ئاواش ژینگەیەکی کاریان هەیە ناهێڵێت تواناکانی خۆیان وەک ئەوەی هەیە پێشکەش بکەن. ئێمەش هەمیشە گلەییمان لە خاوەنکار و بەڕێوەبەران هەیە کە ناهێڵن وەک ئەوەی هەین ئیش بکەین و تواناکانمان دەربخەین. ئەگەر ئەم قسەیە بۆ بوارەکانی تری کارکردن راست بێت، ئەوا بۆ یاریزانانی تۆپی پێش راستە. 
سەخیفترین یاریی بۆکسێنە. لە بۆکسێندا دوو کەس بە بەرچاومانەوە بەردەبنە یەکتر. ئەوان بۆ ئەوەی چێژ ببینن، چێژ ببەخشن، خۆشیان بژێنن، سەروکەللەی یەکتر دەشکێنن. پڕوپوچییەکی هاوشان بەم پڕوپوچییە ئەوەیە کە ئێمەشیان فێرکردووە چێژ لەم توندوتیژیی و نادادپەروەرییە ببینین. تۆپی پێش بڕێکی زۆر توندوتیژیی و نادادپەروەریی تێدایە، کە هەم رەفتاری یاریزانەکانی گۆڕیوە و ئیشەکەیانی زۆر سەخت کردووە و هەم ئێمەش بە بەلاش دەگرێنێت. 
راستە نەیمار، میسی و کریستیانۆ دەوڵەمەندن، بەڵام ئەوان بە کوڵ ئەگرین کاتێک دەدۆڕێن، ئێمەش دەگریەنن. بەشێكی ئەم گریانە ئەو توندوتیژییەیە لە تۆپی پێدا هەیە، ئەو نادادپەروەرییەیە کە لە تۆپی پێدا هەیە، هونەرێک جوانیی لە یاریکردندا یەک خاڵی لەسەر نییە، بەڵام لە سەد و بیست دەقەدا یەک تۆپ بەرە و بیکە بە گۆڵ و بیبەرەوە، ئەوەت بۆ دەنوسرێت. 
من یەکجار لە ژیانمدا شتێکی جیاوازم بینی. لەناو بازاڕەکەی ستۆکهۆلم گۆڕەپانێک هەیە، بەوێدا تێدەپەڕم و دەبینم خەڵک وەستاون و سەیری دوو تیم دەکەن کە یاریی دەکەن. یارییەکە ناوی "تۆپی پێ بە سەماوە" بوو. یارییەکە زۆر چێژ بەخش بوو، دەبوو یاریزانەکان بە سەماوە بجوڵێن و پاسات بکەن و گۆڵ بکەن. بە جوڵەکانیان تۆیان دەخستە پێکەنین، دڵخۆشیان دەکردیت، جوانییان پیشکەش دەکردیت. لە کۆتاییدا تیمێکیان گۆڵی کرد، تیمەکەی تر گۆڵی نەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی سەماکەی جوان بوو، بە گۆڵێک بۆیان حساب بوو. واتە سیستمی پۆینت کۆکردنەوە بوو، شتێک هەبوو کە بتکردایە بە گۆڵێک بۆت حساب بوو. دوایی بوو بە پێناڵتیی و ئەو تیمەی جوان یاریی دەکرد بردیانەوە لەوێدا. 
تۆپی پێی تەقلیدیی وا نییە، هونەرێکە بەنرخترین شت تیایدا گۆڵکردنە و ئەمەش زۆری لە رەفتاری راهێنەر و ئیدارەی یانەکە و یاریزانان و جەماوەریش  بەرەو خراپتر گۆڕیوە. سەرباری ئەوەی شتی زۆر جوانی تێدایە، ژمارەی فاوڵ، گزیکردن لە ئاوت و کۆڕنەر و زۆر شتی تر کاتێک بەسەر حەکەمدا تێدەپەڕێت، نابنە هۆی ناشیرینبوونی یاریزان و یانەکە، بەڵکو کەرەستەی سەرکەوتنتن و رێپێدراون تا رادەیەکی زۆر، دوایی دێن ئەڵێن بە موعجیزە سەرکەتووە.   
تۆپی پێ هەندێک هەنگاوی باشی ناوە ( بۆ نموونە، ڤار و نرخدانان بۆ ژمارەی کارتی زەرد)، بەڵام زۆری ماوە و لە سەرەتای ئەم یارییەوە تا ئەمڕۆ و ساڵانی داهاتوش بە نادادپەروەریی کاس و دڵخۆشیی دابەش دەکات. 
هەر ئەوەی کە تۆپی پێ بوار دەدات تیمێک بە موعجیزە و رێکەوت سەرکەوێت، بۆ خۆی نادادپەروەرییە و ئێمەشیان لەگەڵ ئەم هەموو نادادپەوەرییەدا راهێناوە تا ئەو رادەیەی یارییەکی وەک باسکە و بالە و شەڕەنجمان بۆ تۆپی پێ لە پێ کردووە.