ئالووده‌بوون به ته‌ماشاكردنی فوتبووڵ له دیدێكی ره‌خنه‌ییه‌وه
5 مانگ پێش ئێستا
د. ئیبراهیم سەعید
تێزه ره‌خنه‌ییه‌كانى تایبه‌ت به هه‌ژموونى میدیا له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌وه پانتیاییه‌كى گرنگى توێژنه‌وه‌كانى په‌یوه‌ست به میدیاى داگیر كردوه، ئه‌و تێزانه له ئێستادا خراونه‌ته نێو زیاد له تیۆرێك کە به تیۆره‌كانى ره‌خنه‌ی میدیایی ناوزه‌د ده‌كرێن، ئه‌م تیۆرانه جیاواز له‌و بۆچونە باوەی به‌شێوه‌یه‌كى پۆزه‌تیڤ ده‌ڕواننه میدیا به‌دیدێكى ره‌خنه‌ییەوە زۆرێك له په‌یامه میدیاییه‌كان شيتاڵ دەکات و له‌سه‌ر زۆر ئاست هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر ده‌كات، جەختش لەوە دەکاتەوە كه ناوه‌رۆكى میدیایی له بنه‌ڕه‌تدا خزمه‌تكردنه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌و گروپانه‌ن كه پاوانى میدیایان كردوه، هه‌روه‌ك میدیا چه‌ندین ده‌رهاویشته‌ى ده‌روونى به‌سه‌ر وه‌رگره‌وه جێ هێشتووه كه دووچارى جۆرێك له ئالووده‌بوون و نائارامى ده‌روونى ده‌كات، به‌تایبه‌ت گه‌ر ئالوده‌بوونه‌كه سنوورى ئاسایی تێپه‌ڕێنیت ده‌رهاویشته‌ى نه‌رێنى به‌دواى خۆیدا بێنێت, ئه‌م تێڕوانینانه له ئێستادا بۆته به‌شێكى گرنگ له پره‌سیپه‌كانى بیركردنه‌وه‌ى ره‌خنه‌یی و خوێنه‌وارى میدیایی (Media literacy) كه چۆن ده‌بێت وه‌رگر هۆشمه‌ندانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ په‌یامه میدیایه‌كاندا بكات تا چه‌واشه نه‌كرێت و دووچارى دۆخێكى نائاسایی ده‌رونى نه‌بێت.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه گه‌ر به‌دیدێكى ره‌خنه‌گرانه هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ ته‌ماشاكردنى گه‌مه‌ى فوتبۆڵ بكه‌ین كه له دواین ئاماردا نزیكه‌ى 4 ملیار كه‌سى تێپه‌ڕاندووه ده‌توانین چه‌ندین تێبینى جۆراوجۆر بخەینه روو :
- ئه‌وه‌ى ته‌ماشاكردنى ئه‌م گه‌مه‌یه‌ى وا به‌و شێوه یه به‌رفراوانكردووه میدیایه كه به‌شێوه‌یه‌كى زۆر سه‌رنج راكێش ده‌یگوازێته‌وه، بۆیه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى میدیا ته‌ماشاكه‌ران و ئالوده‌بوون به ته‌ماشاكردن زیاتر ده‌بێت، میدیاش له بنه‌مادا پرۆژه‌یه‌كه بۆ كۆنترۆڵ كردنى وه‌رگر و به‌مه‌به‌سته‌وه په‌یامه‌كان بڵاوده‌وكاته‌وه بۆ به‌دیهێنانى قازانجى سیاسی و ئابوورى.
- فوتبۆڵ ته‌نها گه‌مه‌یه‌كى ئاسایی نییه، ته‌نها هونه‌رى چێژ به‌خشین نییه، به‌ڵكو بۆته پرۆژه‌یه‌كى سیاسی و بارگاویه بە چه‌ندین ئایدۆلۆجیاى جیاجیا، زۆر جار سیاسه‌تمه‌داران ده‌یقۆزنه‌وه‌و وه‌ك پروپاگه‌نده به‌كارى ده‌هێنن، ئه‌نگێلا مێركل راوێژكارى پێشووى ئه‌ڵمانیا نمونەیەک دەهێنێتەوە كه كاتێك له ئه‌ڵمانیاى خۆرهه‌ڵات ده‌ژیا حه‌زى نه‌ده‌كرد هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌ى بیباته‌وه چونكه به‌سیاسى ده‌كراو ده‌چووه خزمه‌ت سیاسەتەکانی ئەوکاتەی یه‌كێتى سۆڤیه‌ت، ئه‌م دۆخه له زۆر وڵات‌دا دووباره ده‌بێته‌وه كه چۆن ئه‌و گه‌مه‌یه تێكه‌ڵ به پرسه سیاسییه‌كان ده‌كرێت، چه‌ند جارێكیش وه‌ك سزایه‌كه سیاسی رێگه به یانه‌و هه‌ڵبژارده‌كان نادرێت به‌شدارى خوله كیشوه‌رى و جیهانییه‌كان بكه‌ن،یاخود یاریزانه‌كان ناچارده‌كرێن پابه‌ند بن به رێنوومایی سیاسییه‌كان كه ره‌نگه زۆربه‌یان بڕوایان پێ نه‌بێت و له ژێر فشاردا په‌یڕه‌وى بكه‌ن.
- فوتبۆڵ گه‌مه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه نییه كه فرت و فێڵى تێدا نه‌كرێت، زۆر جار رێسكانى گه‌مه‌ى پاكژ تێده‌په‌ڕێنێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تاكه‌كه‌سى و ده‌سكه‌وتى دارایی چه‌ندین گه‌نده‌ڵى و ئابروچوون و یاریكردن به ئه‌نجامى یارییه‌كانه‌وه له نێوه‌نده‌كانى به‌رێوه‌بردنى فوتبۆڵ ده‌رده‌كه‌وتوون، چه‌ند جارێك ئه‌م بابه‌ته وروژێنراوه‌و چه‌ندین دۆسییه‌ى ناپاكى له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رانى نێوه‌نده‌كانى فوتبۆڵ له‌سه‌ر ئاستى لۆكاڵى و ناوچه‌یی و جیهانى ده‌ركه‌وتوون.
- فوتبۆڵ ته‌نها ئامرازێك نییه بۆ كات به‌سه‌ربردن، به‌ڵكوو بازرگانییه‌كى گه‌وره‌یە به‌زه‌برى دارایی به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه پڕه له ململانێ و به‌دواى خۆیدا داهاتێكى خه‌یاڵى بۆ سه‌رمایه‌داه‌كان دێنێت، بازارگانى فوتبۆڵ هاوشێوه‌ی بازاره‌كانی دیکه كۆنتڕۆڵ كراوه‌و چه‌ندین سه‌رمایه‌دارى گه‌وره به یاساى بازاڕ‌و قازانج مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، له بازارى گواستنه‌وه‌ى یاریزانان و په‌خشى ته‌له‌فزیۆنى یارییەکان و سپۆنسه‌ر بەدەیان ملیار دۆلار خەرج دەکرێت, جگه له‌و داهاته زۆر‌و ده‌وه‌ندانه‌ى دیكه كه له‌رێگه به‌ده‌ستهێنانى نازناوو به‌شدارى خوله‌كان و فرۆشتنى یاریزانان و ریكلام و به‌شدارى پشك و بازارى فرۆشتنى یانه‌كان و به‌شدارى بینیى یارییه‌كان مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌كرێت، ئه‌وه‌یشى ئه‌م بازاره پرداهات و قازانجه گه‌رم ده‌كات ته‌ماشاكه‌ره، ته‌ماشاكه‌ر ئه‌و بازاڕه گه‌رم ده‌كات و ره‌وایه‌تى پێ ده‌به‌خشێت، بۆیه هه‌ڵسوڕێنه‌رانى ئه‌م بازاڕه زۆر ژیرانه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ى زۆرترین ته‌ماشاكه‌ر، میدیاش ئه‌و نێوه‌نده‌یه كه كه پله‌ى یه‌كه‌م ئه‌م بازاڕه گه‌رم ده‌كات.
- فوتبۆڵ ته‌نها نمایشێكى ئاسووده به‌خش نییه، به‌ڵكو ئامرازێكه بۆ دروستكردنى ده‌روێش ولایەنگری دمارگیرو توندڕەو به روخسارێكى نوێوه، جۆزیف مۆرینۆ قسه‌یه‌كى به‌ناوباگى هه‌یه ده‌ڵێت: مرۆڤ ده‌توانێت ئاینى خۆى بگۆڕێتن به‌ڵام ئاماده نییه ده‌ست به‌ردارى یانه‌و هه‌ڵبژارده دڵخوازە‌كه‌ى بێت، بۆنموه زۆر جار كه‌سانێك، به گاڵته جاڕییه‌وه باس له ده‌روێشى سیاسی و ئاینى ده‌كه‌ن كه چۆن خۆیان به قوربانى سیاسه‌تمه‌دارێك یان حزب و شێخ و ته‌ریقه‌تێك ده‌كه‌ن ، به بێ ئه‌وه‌ى به خۆیان بزانن ئه‌وانیش له رێگه‌ى ئالوده‌بوونیان به ته‌ماشاكردنى فوتبۆڵ بۆنه‌ته ده‌روێشى یانه‌کان و هه‌ڵبژارده‌و ئه‌ستێره‌یه‌كى تۆپی پێ، چۆن ده‌روێشى سیاسی و ئاینى ده‌مارگیرن و سه‌رسه‌ختانه به‌رگرى له بیروباوه‌ڕیان ده‌كه‌ن و دژى ركابه‌ره‌كانیان ده‌وستنه‌وه ئه‌وانیش به‌هه‌مانشێوه به‌رگرى له یانه‌ى و هه‌ڵبژاده دڵخوازه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه ململانێ و سوكایه‌تى به هه‌وادارانى تیپه‌كانى دیكه، میدیا رۆڵێكى گرنگى هه‌یه بۆ دروستكردنى ئه‌م ده‌روێشانه، چونكه ده‌بنه سوته‌مه‌نى بۆ بره‌ودان به‌و پرۆژه گه‌روه بازرگانى و سیاسی و ئایدۆلۆجییه.
- ته‌ماشاكردنى فوتبۆڵ وه‌ك هه‌موو په‌یامێك لێكه‌وته‌و كاریگه‌رى ده‌روونى به‌سه‌ر وه‌رگره‌وه به‌جێ دێڵێت، ساندرا پول روكیچ له ناوه‌ڕاستى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا ئاماژه‌ى به‌و كاریگه‌رییانه دا كه له ریگه‌ى ته‌ماشاكردنى په‌یامه میدیاییه‌كانه‌وه به‌سه‌ر وه‌رگره‌وه دروست ده‌بن، له نێویاندا كاریگه‌رى ده‌روونى، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ته‌ماشاكردنى فوتبۆڵ چه‌ندین كاریگه‌ر ده‌روونى دروست ده‌كات كه ره‌نگه پشتگیرى سۆزدارى وه‌ك ئاسوده‌یی به‌شێكیان بێت، به‌ڵام چه‌ندین دۆخى ده‌روونى نێگه‌تیفى تر دروست ده‌كات وه‌ك (دڵه راوكێ، خه‌مۆكى، شۆك بوون، ده‌مارگیرى، گۆشه‌گیرى، دڵ ته‌نگى و رق و كینه..... تادوایی) میدیا ئه‌م دۆخه ده‌روونییه قۆڵتر ده‌كاته‌وه له‌رێگه‌ى هاوارى كۆمینته‌ران و ئه‌و ترش و خۆێیه‌ى له ته‌كنیكى په‌خشى یارییه‌كاندا به‌كارى ده‌هێنێت و یاخود ئه‌و رووماڵ و شیكارییه‌ى بۆ یارییه‌كان ده‌كرێت، هه‌مووشى له پێناو پرۆژه مه‌زنه ئابوورى و سیاسییه‌كه. ئه‌و ده‌مه‌ى ته‌ماشاكارێك دووچارى دۆخیًكى ده‌روونى سه‌خت و ئازار به‌خش ده‌بێته‌وه له رێگه‌ى شكستى تیپه دڵخوازه‌كه‌ى ئیره‌یی به‌و كه‌سه ده‌بات ته‌ماشاى فوتبۆڵ ناكات، به‌ڵام گه‌ر وردتر بین ده‌كرێت مرۆڤ ته‌ماشاى فوتبۆڵ بكات، به‌ڵام به‌ئاگاییه‌وه، فوتبۆڵ كۆنترۆڵى نه‌كات و دۆخى ده‌روونى نه‌شێوێنێت، به‌ئاگابێت له‌و فرت و فێڵانه‌ى به‌ناوى فوتبۆڵه‌وه له پشت په‌رده‌وه ده‌هۆنرێته‌وه بۆ مه‌به‌ستى سیاسی و ده‌ستكه‌وتى دارایی.