ئایین لە ڕوانگەی (کریشنا مورتی)یەوە
5 مانگ پێش ئێستا
حەمەسەعید حەسەن
ئایا ڕۆییشتن بۆ پەرستگە و دانانی گوڵ لەبەر پێی بتێکدا کە کەسێک دروستی کردووە، دینە؟ ئایا دووبارەکردنەوەی ئەم سرووتە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و ساڵ لەدوای ساڵ، دینە؟ ئایا گوتنەوەی هەندێک ڕستە و دووبارەکردنەوەی هەندێک جووڵە، دینە؟ تۆ بڵێیت دین زادەی ترس نەبێت؟ دین: پەرستنی شتێکە، ئیدی ئەو شتە یان بە دەست دروست کراوە، یان بە عەقڵ، ئاخر ئەو بیرۆکەیەی لەبارەی خواوە هەیە، عەقڵ دایهێناوە. پەیکەرتاشێک پەیکەرێکی دروست کردووە، ئەوی نەچێت بۆ پەرستگە و کڕنووشی بۆ نەبات، بێدینە!
پێویستمان بە هێزێک هەیە کۆمەکمان بکات و لە تەنگانەدا بە هانامانەوە بێت، کەواتە ئەوە ترس و تەنیایییە بەرەو لای ئایینمان دەبات. بە منداڵی پشت بە داکوبابمان دەبەستین، کە گەورە دەبین، بۆ بەگژدا چوونەوەی دژوارییەکانی ژیان، هانا بۆ خوا دەبەین. لە ترسی ئەوەی نەک هەمووان دەستبەردارمان ببن و وەتاق بکەوینەوە، بڕوا بە خوا دەهێنین و خۆمان دەدەینە دەستی. ئایین ئەوەیە خۆمان لە باوەڕی کۆن بەتاڵ بکەینەوە و بۆ حەقیقەت بگەڕێین. حەقیقەت نادۆزینەوە ئەگەر پێشەکی خۆمان لە دەست ترس قوتار نەکەین.
سەبارەت بە خوا و نزیکبوونەوە لێی، زۆر کتێبی تەنک و ئەستوور نووسراون، بەڵام ترس لەدوای هەموو ئەو نووسراوانەوەیە، تا ترسیش پاڵنەر بێت، دۆزینەوەی حەقیقەت مەحاڵە. ئەگەر لە تاریکی بترسین، بەرەو ڕووناکی بەڕێ ناکەوین، سەری خۆمان دادەپۆشین و دەخەوین، بۆیە سەرەتا دەبێت خۆمان لە ترس قوتار بکەین. گەورەکان لە ترسی داهاتووی خۆیان، لە ترسی ئەوەی نەک هەر چییان بونیاد ناوە، بڕووخێت، ئامۆژگاریی بچووکەکان دەکەن. گەورەکان بەو هیوایەی لەگەڵ کولتووری زاڵدا بیانگونجێنن، ئامۆژگاریی بچووکەکان دەکەن.
سیاسەتکاران و ڕێبەرە دینییەکان زوو زوو دەڵێن: ئەوە لاوانن دونیایەکی نوێ بونیاد دەنێن، بەڵام ئازادی بە لاوان ڕەوا نابینن، هەرچەندە ئازادی مەرجی یەکەمە، بۆ ڕۆنانی دونیایەکی نوێ. چونکە گەورەکان شێوازی بیرکردنەوەی خۆیان بەسەر لاواندا دەسەپێنن، بۆیە ئەگەر لاوان لێیان یاخی نەبن، هەمان ڕێچکەی ئەوان دەگرن و دونیایەکی وەک ئەوەی ئەوان بونیاد دەنێن. دونیای نوێ بە بیری کۆن بونیاد نانرێت، دونیای نوێ، کەسانی ئازاد دایدەمەزرێنن.
ئەمە گوایە بۆ حەقیقەت دەگەڕێین، بەرەو ڕووی هەندێک باوەڕ دەبینەوە، لەبری ئەوەی لە کوێرەوەری و ململانێ ڕزگارمان بکەن، هێندەی تر ژیانمان دەشێوێنن، ئاخر زوو لە گەڕان ماندوو دەبین و هانا بۆ یەکێک لەو باوەڕە دێرینانە دەبەین کە نەک هەر بەرچامان ڕۆشن ناکەنەوە، بەڵکوو دەرگای جەهلیش بە ڕووماندا دەخەنە سەر پشت. باوەڕ ماسکێکە لەودیوییەوە هەر گەندەڵکارییەک بخوازین، دەیکەین و لە خۆمان وایە، ئەوە خواپەرستییە. ئەگەر هەڵگری باوەڕ نەبین و سرووتەکانی جێبەجێ نەکەین، کۆمەڵ بە بێدینمان لە قەڵەم دەدات. جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان کۆمەڵێکدا بە گژ بێدینەکاندا بچێتەوە و کۆمەڵێکی دیکە کە سەنگەر لە باوەڕداران بگرێت.
ئایین باوەڕە، باوەڕیش ئیشی ئەوەیە، عەقڵ لە قاڵب بدات و ئازادیی لێ زەوت بکات. بەهۆی ئازادییەوە دەتوانین حەقیقەت بدۆزینەوە، نەک بەڕێی باوەڕدا، ئاخر باوەڕ پێشەکی حەقیقەتی دیاری کردووە و هیچ بواری بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە عەقڵی خۆمانی بۆ بەگەڕ بخەین. باوەڕ کۆسپە لەبەردەم دۆزینەوەی حەقیقەتدا، ئاخر بە ئەفسوونی باوەڕ خۆمان فەرامۆش دەکەین و لاسایی ئەوانی دی دەکەینەوە.
ژیان بریتییە لە نیگەرانی و لە کوێرەوەی، ئاسوودەیی و شادی بەدەگمەن پەیدا دەبن، یان هەر نابن، بۆیە عەقڵ پێویستی بە شتێکی گەورەیە خۆی پێوە گرێ بدات، ئەو شتە گەورەیە، عەقڵ (خوا)ی پێ دەڵێت و بە هۆیەوە لە واقیع هەڵدێت. تۆ هەست دەکەیت خۆت بە تەنیا بچووکیت، تۆ خاوەنی منێکی بچووکیت، بۆ گەورە پیشاندانی خۆت، شانازی بە خواوە دەکەیت. بەهۆی خواوە خۆت بە گەورە دەزانی، کەواتە شانازیکردنت بە یەزدانەوە، بۆ تێرکردنی حەزی برسیی ئیگۆی خۆتە. کێشەکە ئەوەیە، وەها وابەستەی باوەڕ دەبیت، ئامادەیت لە پێناویدا هەم خەڵک بکوژیت و هەم خۆت بە کوشت بدەیت.
چونکە خۆت هیچت تێدا بەستە نییە، چونکە ناخت پووچە و دەیشزانیت دەمریت، بۆیە خۆت بە شتێکی گرنگی پڕ ماناوە، بە خواوە هەڵدەواسیت. بەهۆی خۆهەڵواسینت بە خواوە، هەست بە ئاسوودەیی دەکەیت، چونکە خوا سەنگت پێ دەبەخشێت و ئیگۆت گەورە دەکات! کەواتە تۆ خواپەرست نیت، خۆپەرستیت، عاشقی خوا نیت، عاشقی خودی خۆتیت.
ئایین کە بریتییە لە تێکست و سرووت، لە سیحر و ئەفسانە، لە وەعز و لە واعیز، پێمان وایە لە ئەنجامدا بەرەو ئامانجێکمان دەبات. عەقڵ ئایینی داهێناوە، ئایین بە باوەڕ و فرتوفێڵی کاهین دەست پێ دەکات و لە هەواری یەقیندا بارگە دەخات. ئایین ئەزموونی نەوەی پێشووە، نەوەی نوێ بەبێ هەڵسەنگاندن دووبارەی دەکاتەوە. لایەنی هەرە نێگەتیڤی ئایین ئەوەیە، بڕوات بە هەر ئایینێک هەبێت، خۆت لە خەڵکانی سەر بە ئایینەکانی دیکە بە باڵاتر دەزانیت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە، ئایین گیانی شەڕەنگێزی بڵاو دەکاتەوە.
پێویستە خۆت حەقیقەت بدۆزیتەوە، ئەوانە هیچ گرنگ نین، کە ماڵ و منداڵ و دەسەڵات و دراوت هەبن، ئاخر بێجگە لە حەقیقەت هەموو شتێک ڕوو لە نەمانە. دەبێت پشت بە خۆت ببەسیتت و خۆت بۆ حەقیقەت بگەڕێیت. باوەڕ عەقڵی تۆ ئازاد ناکات، لە کاری دەخات و بەرەو تاریکستانی دەبات. بۆ ئەوەی عەقڵت ئازاد ببێت، پێویستە پشت بە خۆت ببەستیت و لە گەڕان بەدوای حەقیقەتدا ماندوو نەبیت. ئەرکی فێرکردن ئەوەیە، تاک وەها پەروەردە بکات، وابەستەی هیچ باوەڕێک نەبێت، ئاخر دینداری ڕاستەقینە کەسێکە خۆی حەقیقەت بدۆزیتەوە، نەک ئەوی نابینایانە ڕەدووی باوەڕێک بکەوێت. ئەوە ئازادی نییە، دوای ڕێبەرێکی دینی بکەویت، ئازادی ئەوەیە بەدەم گەورەبوونەوە هێدی هێدی گەشە بکەیت و خۆت حەقیقەت بدۆزیتەوە.
بۆچی نوێژ دەکەیت؟ چونکە داوای کۆمەک لە خوا دەکەیت و بەبێ ئەو هەست بە ترس و تەنیایی دەکەیت. کەواتە تۆ نوێژ بۆ خوا ناکەیت، دەرۆزە لە خوا دەکەیت. نوێژ ئەوەیە مەبەستت لێی پاکژ بێت، بۆ ئەوە بێت، ئاشتی باڵ بەسەر دونیادا بکێشێت و خەم یەخەی مرۆڤایەتی بەر بدات. نوێژ ئەوەیە خۆشەویستی ببەخشیتەوە، نەک بۆ خۆشیی خۆت بپاڕێیتەوە. تۆ داوا لە خوا دەکەیت، کاسەی ماڵت قەت خاڵی نەبێت، کەواتە تۆ نزا ناکەیت، سواڵ دەکەیت. داوا لە خوا دەکەیت، کچەکەت چاک ببێتەوە و کوڕەکەت بگەڕێتەوە، کەواتە تۆ خوات خۆش ناوێت، ئیشت پێیەتی.
دینی ڕاستەقینە کامەیە؟ بۆ ئەوەی تیشکی هەتاو بە ڕوونیی ببینیت، پێویستە شووشەی پەنجەرەکانت پاک بکەیتەوە، بۆ ئەوەی دینی ڕاستەقینەیش بناسێت، پێویستت بەوەیە کۆسپەکانی بەردەمی خۆت و ئایین تەخت بکەیت، ئەوەیش بەوە دەکرێت، سەرەتا دینی ساختە بناسیت و دوور تووڕی بدەیت. تۆ سرووتێکی دیاریکراو زوو زوو دووبارە دەکەیتەوە، بەڵام ئایا ئەوە دینە؟ تۆ باوەڕێک و نەریتەکانی پەسەند دەکەیت، بەڵام ئایا ئایین ئەوەیە؟ تۆ لە ئایین تێناگەیت،هەتا ئەوەی تا ئێستا بە ئایینت زانیوە، نەیخەیتە ئەو لاوە.
ئەرکی ئایین نە قووڵکردنەوەی جیاوازییەکانە، نە خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکی، ئەوەی خەڵکەکە لە یەکدی دادەبڕیت و دۆژمنایەتی دەخاتە نێوانیانەوە، ئایین نییە، بە هەڵە بە ئایین لە قەڵەم دراوە. ئەوەی بڕوامان بە هەندێک ئەفسانە هەیە، ئایین نییە، کولتووری کۆمەڵە و بە میراتی بۆمان ماوەتەوە. ئەوەی من باوەڕم بە شتێکە و تۆ بە شتێکی دی، هی ئەوەیە لە دوو وەڵاتی جیاواز لە دایک بووین، زادەی جوگرافیا و ڕاهاتنمانە لەگەڵ دەوروبەری خۆماندا. تۆ بۆچی بە سرووتەکانی کولتوورەکەی خۆتەوە وابەستە دەبیت؟ بۆ ئەوەی جێیەکت لە بەهەشتی بەرین بەربکەوێت، ئایا ئەوە دینە؟ بۆ ئەوەی عەقڵ بزانێت، کامەیە دینی ڕاستەقینە، دەبێت دوای پاکژکردنەوەی خۆی لە خڵتەی کەلەپوور، لە سفرەوە دەست پێ بکاتەوە. بۆ ئەوەی بزانیت دینی ڕاستەقینە چییە، سەرەتا دەبێت خۆت لەبن هەژموونی ترس قوتار بکەیت، ئەوسا بۆی بگەڕێیت.
کە نماز دەخوێنین هەست بە ئارامی دەکەین، ئارامییەک زادەی بەنگبوونی عەقڵمانە. لە ئەنجامی ئەوەوە کە میکانیکییانە هەمان کۆمەڵە جووڵە و هەمان کۆمەڵە وشە بەردەوام دووبارە دەکەینەوە، عەقڵمان سڕ دەبێت و هێدی هێدی گێل و گێلتر دەبین. ئایا تۆ بە کۆششی خۆت بۆت دەرکەوت نماز سوودبەخشە، یان وەک لاساییکردنەوەی دەوروبەر دەستت پێ کرد؟ ئەگەر هەموو ژیانت هەر بە لاساییکردنەوەوە بەسەر دەبەیت، ئەدی پێم ناڵێیت، عەقڵت بۆ کەی هەڵگرتووە؟ کەی دەیخەیە گەڕ؟ ئەو ئارامییەی نماز پێمانی دەبەخشێت، هەر لەو ئارامییە دەچێت لە حەبی خەوەوە دەستمان دەکەوێت، بۆیە دەستبەرداری نابین. دۆزینەوەی حەقیقەت، یان ناسینی خوا، بە بەردەوام گوتنەوەی کۆمەڵێک وشە مەیسەر نابێت. دەستپێشخەری بکە، لاسایی مەکەوە، ڕێی خۆت بدۆزەوە! نمازخوێنێک دەناسیت، شتێکی نوێی داهێنابێت؟ عەقڵ بۆ ئەوەیە سوودی لێ ببینیت، خۆ تۆ ئامێر نیت!
بۆچی لایەنگری ئەم یان ئەو باوەڕین؟ لە خۆشەویستییەوە نییە، لەبەر ئەوەیە پێمان وایە ئارامیمان پێ دەبەخشێت و لێ ناگەڕێت هەست بە ونبوون بکەین. ئەوە ترسە هانمان دەدات دوای فڵان ڕێبەر بکەوین، خۆشەویستی نییە، تا دوای ئەم و ئەو بکەوین، کۆیلەین نەک ئازاد. چاوچنۆک نازانێت خۆشەویستی چییە، کارەسات ئەوەیە، کەسانی چاوچنۆک چارەنووسمان دیاری بکەن! گرنگە خۆمان ئەوە دیاری بکەین خۆشەویستی چییە، ئاخر باڵاترین پۆستیشمان هەبیت، بەبێ خۆشەویستی هیچ بایەخێکی نییە.
*
سەرچاوەکان
(١) کریشنا مورتی، عقل بلا حدود، ترجمة: سلام خیر بک، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة، سوریة.
(٢) کریشنا مورتي، فضاءات جدیدة، الحب، الحریة، الإدراک، ترجمة: معاني صالح، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة.
(٣) کریشنا مورتي، أنت العالم، ترجمة: محمد فندي، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة.
(٤) مع کریشنا مورتی في ثلاثة و عشرین لقاء، ترجمة و تعلیق: أنیس الرفاعي، الرفاعي للنشر و التوزیع ٢٠١٨ حلب، سوریة.