شــەوانــی بـێخەوێک، یاخود ھــاکەر و ڕواچــی ڕووداوەکانـی شەوان...
5 مانگ پێش ئێستا
فیلمێکی ناوازە و تایبەت لە بارەی کار و پیشەی تاوانـی ڕۆژنامەوانییەوە.
«تۆمارێکی ڤیدیۆیم دەوێت کە بینەران نەتوانن بۆ ساتێکیش لە شاشەکانەوە دووربکەونەوە»!
«ھەواڵـی تی ڤی و کەناڵەکان لە بەیانیاندا، ڕۆڵێکی ئێکجار مەزن لە کۆنتڕۆڵکـردنی مێشکی بینەراندا دەگێڕن»!
«بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەھم لە نێو خەڵکیدا، ڕێژەی باوەڕبوون بە حەقیقەت لە نێو خەڵکیدا زیاتر بەرزدەکاتەوە».
«ڕاگەیاندن، تەنھا کاری سەرەکی لە سەر زیادکردن و بەرزکرنەوەی ڕێژەی تەماشاکارانە ئیدی بە ھەر ڕێگەیەک بێت».
پـڵۆت - PLOT:-
لـویس بلووم؛ کەسایەتیەکـی تا ڕادەیەک ئاڵۆز و گوماناوی ھەیە، ئەم کەسە بە دەست بێکارییەوە دەناڵێنێت، ھەربۆیە بۆتە دزێکی بچووکـی پیشەگەر کە بە ھۆیەوە زیاتر شەوان لە دەرەوەیە و پاشانیش بەناوی گەڕان بۆ کار و پیشە ھەندێک کات سەرقاڵی کاری دزینی وەک؛ تەلبڕینی سیاجەکان و دزینی سەعاتی دەستی و خشڵ و شتانی گرانبەھایە، بەھۆی ڕەتکردنەوەی زۆرێک لە شوێنکارەکان تاوەکو کاری تێدا بکات دوچاری بۆشاییەکی وەک حاڵەتی خۆ بەکەمزانین بۆتەوە، ھەربۆیە کەسایەتیەکی نا ھاوسەنگی لێدەرچووە بە جۆرێک لە پێناو بەدەستخستنی پارەدا ئامادەیە ھەموو کارێکی نائەخلاقی و ناڕەوا و دزێو دوور لە ھەموو بەھاڕەوشتییە مرۆڤەنە و کۆمەڵاتیەکان بکات بە جۆرێک سنوورەکانی بێ بەزەیی و بێ سۆزی و نامرۆڤانە ببەزێنێت. لویس بلووم، شەوێک لە شەوەکاندا کە بە سوودفە چاوی بە ڕووداوێک دەکەوێت ئیدی فزووڵ دەیگرێت و لە سەیارەکەی دادەبەزێت تاوەکو بزانێت چی ڕوویداوە! ئیدی سەرنج دەدات چەند کەسێک وەک میدیاکار و ڕاگەیاندکار بە کامێرا و مایکەکانی دەستیانەوە سەرقاڵی ڕووماڵکردنی ئەو ڕووداوەن. ھەربۆیە ئەمیش لە یەکەم نیگاوە ئارەزوو و حەزی دەچێتە سەر ئەم پیشەیە، ھەربۆیە دەچێتە نزیک یەکێک لە ستافی کارەکەوە پێی دەڵێت؛«ئایا کارمەندتان ناوێت کارتان بۆ بکات»! بەڵام میدیاکارەکە بە جۆرێک ئیھمالکردن و نادیدەگرتن و حساب بۆنەکردنەوە وەڵامێکی سارد و سادەی دەداتەوە و پاشان بە جێی دەھێڵێت. بەڵام لویس بلووم لێرەوە کەڵکەڵەی دەستپێکی ئەو کارەی دەچێتە مێشکییەوە و بۆ دەستپێکییش لە سەرەتادا بە پاسیکیلێک دەدزێت ئەوجا بە پارەکەی (کامێرایەکی ڤیدیۆ)یی پێدەکڕێت. ئیدی لێرەوە لویس بلووم؛ لە کەسێکی دز و بێکاری شەوانەوە، دەبێتە دزەری ڕووداوەکانی شەوان.
بێگومان بە بێ باسکردن لەوەی ڕووداوەکان چۆنن و چی نین بەوەی لویس بلووم چۆن دەبێتە گێڕەرەوەی ڕووداوەکان؟ باس لە خوێندنەوەیکی گشتی گرێچنی ڕووداوەکان و پەیامی ڕووداوەکان دەکەین. چون ئەمجۆرە فیلمانە زۆر قورسن بتوانیت باس لە ھەموو لایەن و گۆشە بینرا و نەبینراوەکانی بکەین؛ چونکە بابەتەکە زۆر گشتگیرترە و ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە ڕووداوەکانی خەڵک و تاوانباران و پۆلیس و ڕاگەیاندن و میدیاوە. بەجۆرێک ھەر کام لە ڕووداوانە سات بە سات لەگەڵماندا و لە دەرەوە و ناوەوەماندا دەژی.
سەرەتا، ئەم بەرھەم دراما سایکۆلۆژییە تاوانییە ڕێک باس لە بەشێک لە کەش و موودی ترسناک و پەنھانی نێو جیھانی کاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن و کەناڵ و تیڤییەکان دەکات؛ بەجۆرێک کارەکتەری نێو ئەو پیشەیە دەکات بە دوو بەشی سەرەکییەوە؛ بەشێکیان زۆرتر ئەو کەس و میدیاکارانەن کە وابەستەن بە (ئیتیک - ئەخلاقی - کاری ڕۆژنامەوانیەوە)، بەشێکی ترشیان تەواو و بە پێچەوانەوەی ئەوانن و بگرە خراپتریش.
لـویس بلوووم؛ ھاکەری ڕووداوەکانی شەو، کاتێک لە کەسێکی بێکاری ئاساییەوە یەکسەر دەبێتە میدیاکار و کارەکانیشی کاریگەری دادەنێن، بینەر شۆک دەبێت چونکە ئەو ڕاستەوخۆ بە ھۆی دیمەنێکەوە دەستی داوەتە پیشەی وێنەگرتن و پاشانیش (میداکارێکی سەربەخۆ)، لە کاتێکدا ئەو تەنھا کەسێکی لەبلەبان و زمانلووس و قایلکەرە، بە جۆرێک رەفتار و گوفتاری ھێندە کاریگەری لەسەر بەرانبەر دادەنێت یەکسەر بەرانبەریشی قایلدەکات بە گشت مەرج و داواکارییە کۆنکرێتیەکانی. بەڵام یەکێک کە لە ھەڵەکانی نێو دونیای ئێمە ئەوەیە؛ کە نە پۆلیس و لایەنی ئەمنی و تەنانەت میدیا و کەناڵەکانیش لە پێشدا لە ھەویەی ڕاستەقینە و پێشینەی ئەم کەسە ناکۆڵنەوە بەوەی چۆن و بە شێوازێک دەستی داوەتە وێنەگرتن بەوەی سڵ لە ھیچ ناکاتەوە و ڕیسک بە ژیانی خۆی و خەڵکیشەوە دەکات بە تایبەت ئەو کارە ھەستیارە پڕ مەترسیەی کە ڕەنگە مەرگ لە ھەر ئانوساتێکدا میوانت بێت و وەک ھەوڵدان بۆ گواستنەوەی؛ ڕووداوی دزی و دستدرێژی سێکسی و کوشتن و ڕوداوەکانی پێکدادان و وەرگەڕانی ئۆتۆمێلەکان و مردن و کوشتنی کەسەکان و دزی و جۆرەھا تاوانی تریش.
دواتر؛ پڵۆت و گرێچنی فیلم زیاتر لە سەر چۆنێتی کارکردنی نامرۆڤانەی (لویس بلووم) چڕبۆتەوە کە ئەو بە ھۆی گرتە کەموێنە و نایابەکانیەوە لە چاوی میدیا و خەڵکدا بۆتە پاڵەوانێکی ڕاستەقینە، بەڵام لە ڕاستیدا پاڵەوانێکی دزێو و وەھـمـییە. چونکە لێرەدا ڕێک ئەوەمان نیشاندەدات کە دونیای ڕاگەیاندن؛ چەندێک پاڵەوانی وەھمی و شیعاری و قێزەوەن دەکاتە پاڵەوانێکی ڕزگارکەر کە خەڵک ھیچکات درکی ئەو راستیە ناکەن کە مەعدەنی ئەسڵی ئەم مرۆڤە چییە و لە کوێوە ھاتووە و دەیەوێت چی بکات و چۆن شتەکانی ئاوەژوو کردۆتەوە.
ھەربۆیە ئێمەی بینەر ھەنگاو بە ھەنگاو لە یەک حەقیقەت نزیکدەبینەوە ئەوەیش ئەوەیە؛(کەسایەتی لویس بلوم سایکۆییە) - چونکە لەو پێناوەدا جگە لە دەستخشتنی پارە، کەچی چیژ لە ڕوودانی ڕووداوەکان وەردەگرێت و زۆرکاتیش ھەوڵدەدات یەکەم کەس بێت بگاتە سەر شوێنگەی ڕووداوەکان و تاوەکو بە ئارەزووی خۆی یاری بە ڕووداەکان بکات لە ڕێیەوە ھەم؛ خەڵک، ھەمیش میدیا و لایەنی ئەمنیش فریو بدات، وە ئەوەیش ئەنجام دەدات.
جا لویس بلووم؛ چونکە خۆی لە سەرەتا بێکار و بێ پارە بووە و سەیارەیەکی ئاسایی پێ بووە، بەڵام لە ناکاو بەو گرتە ناوازە و دەگمەنەکانی خۆی دەبێتە کەسێکی پارەدار و ساماندار تەنانەت سەیارەکەی ژێریشی دەگۆڕێت - وەک خۆمان دەڵێین؛(ئەوە بە چی وای لێھات)؟ ئیدی ھێندەی تر تەماع دەیگرێت! تەنانەت ئەسیستانت و ھاوکارێکیش شەوی بە (٣٠)دۆلار دەکاتە ھاوکاری خۆی و لەگەڵیدا لە ناو سەیارەکەیدا وەک (گووگووڵ ماپ)ێک بەکاری دەھێنێت و ھەندێکجاریش وەک وێنەگرێک بۆ وێنەگرتنی ھەندێک زاویە و ئەنگڵی گرنگ سوودی لێ وەردەگرێت بەجۆرێک شێوازی کارکردنەکەی ھێندە زیرەکانە دەکات کە تەنھا خۆی داھێنەریەتی و چونکە ئەو تاکە خەونی ئەوەیە لە پاش کۆکردنەوەی پارەیەکی بێشوومار (دەزگایییەکی میدیایی) تایبەت بە خۆی دابمەزرێنت بە جۆرێک خەڵک و ھاوکارێکی زۆر لە دەوری خۆیدا کۆبکاتەوە.
بەڕای خۆم ئەم فیلمە گرنگترین (پۆینت - خاڵ) کە تێیدا کۆکراوەتەوە و چرکراوەتەوە؛(ئاشکراکردنی دیوە تاریکەکەی بوار و کاری ڕۆژنامەوانییە). کە ھەندێ کەس لە پێناو ناووناوبانگدا ئامادەن ھەموو کارێکی ناپیشەیی و تاوانی ئەنجام بدەن، ئەوەیش تەنھا لە پێناو گەیشتنیان بە مەرامە پیسەکانیان کە زۆرتر لایەنی پارە و سامانە و پاشانیش ناووبانگی دەگرێتەوە. ھەربۆیە لەمڕۆدا ھەموان زۆتر لە ناو ئەم زەلکاوەدا دەژین کەزۆرێک لە کەسەکان بە بێ بوونی پێشینەی کاریان لە بوارەدا ھەڵدراونەتە نێو ئەو بوارە ھەستیارەوە تەنانەت بە بێ قاڵبوونەوە و قووڵبوونەوەی زۆر لە بوارەکەدا بە تایبەت لەسەر لایەنە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی وەک ؛(ئـیتیک - ئەخلاق - مۆڕال - ویژدان- مرۆڤبوون). چونکە کاتێک مرۆڤ گەورەترین داھێنەریش بێت گەر ئەو سیفەتانەی سەرەوە لە کارەیەکدا پەیڕەو نەکات تەنانەت باشترین کەسیش بێت لە ئاشکراکردنی تاوان و تاوانکارییشدا ھەر نابێتە (پاڵەوانێکی ڕاستەقینە)! بەڵکو دەبێتە (پاڵەوانێکی فەیک و وەھمی) کە دواتر ڕۆژگار و دۆخ و ساتە پڕ قێزەوەنەکانی ئاشکرا دەکات. ھەربۆیە کارەکتەر لویس بلوومەکان لە جیھاندا ھێندە زۆرن و ھەن و ڕەنگە تاک و تەراش بن، بەلام ئەوان کاریگەری زیاتر لە سەر چەواشەکاری و داپۆشینی چاوی بینەران و خەڵک دادەنێن بەوەی بە لاڕێییەکی تردا بیانبەن و گوومیانکەن. ھەر بۆیە تەماشاکردنی ئەم فیلمە؛ ڕێک ھەڵدانەوەی (سەرە مەنھۆڵــێكی بۆگەناوییە)کە بۆن و بەرامەی بەشێک لەکارەکانی ئەو کەسە بڵاودەکاتەوە کە بەناوی کاری میدیاییەوە خەڵک و میدیا و ھەموانیان چەواشە کردووە.
لە کۆتاییدا ئەم فیلمە دەکرێت وانەیەکی زۆر باشیش بێت وەک ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لە مەڕ ڕووداوەکانی سەر شاشەکان بەوەی ھیچکات یەکسەر باوەر بەھەموو شتێکی ناوی نەکەن! لە ھەمانکاتدا زەنگێکی مەترسیداری ئاگادارکرنەوەشە لە مەڕ پەردە لادان لە سەر تاوانە پەنھانییە ڕۆژنامەوانیەکان. چونکە لەم فیلمەدا ئاشکرابوونی تاوانەکان ھەبوون، بەڵام یاریکردن بە ڕووداو و پارە پەیداکردن بە سەرییەوە ھەبوون وەکو؛ (وێنەگرتنی ڕووداوە ھەستیارەکانی وەک کوشتن و خوێنرشتن و پێکدادان و وەرگەڕانەکان). واتا؛ میدیا زۆرکات بۆ سەرنجراکێشانی بینەران بێگوێدانە گواستنەوەی گرتەی ترسناک و کاریگەر لەسەر دەروونی کەسەکان ئەنجامی دەدات ئەوەیشی بۆ ئەوەیە تاوەکو بیسەلمێنێت ڕکابەری میدیایی تری نیە بە تایبەت لە گواستنەوەی ڕووداوە دەگمەنەکاندا! وە ئەو یەکەم میدیایە کە دەستی دەگاتە ڕووداوە ئەستەمەکان. وە ئەو یەکەم میدیایە لە خێرا بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکان بەڵام بە بێئەوەی لە لایان گرنگ بێت کە ئەو کارە بۆتە؛(ژەھرڕشتنێکی زۆر ترسناک بۆسەر تێکدانی دەروونی خەڵکەکان).
شــادمان محەمەد