مۆندیال و یەکێتی دژەکان
5 مانگ پێش ئێستا
فارس نەوڕۆڵى
تۆپی پێ دیارترین وەرزشی جیهانییە، کە زۆرترین تەماشاکار و ئاشقی هەیە، وەک کاسترۆ دەڵێت: "وەرزش گوزارشتە لە زیندوییەتی خەڵک".
تۆپی پێ ئەو وەرزشەیە کە بووە بە جێگای سەرنجی گەلان، ڕای جیاوازیش هەیە لەسەر مێژووی تۆپی پێ، هەن دەیگێڕنەوە بۆ چینییەکان و میسرییەکان و ئینگلیزەکان. لەلایەکی دیکەوە هۆمیرۆس باسی لەوە کردووە، کە سەربازە یۆنانییەکان بۆ بەهێزبوونی جەستەیان یاری تۆپی پێیان کردوە.
لە ١٨٥٧ دا لە بەریتانیا یەکەم تیپی تۆپی پێ دادەمەزرێ هەر بۆیە بەریتانیا بە دایکی تۆپی پێ ناسراوە. ئێستا تۆپی پێ چووەتە ئاستێکی زۆر بەرزی جیهانی و ڕەهەندی جیا جیای وەرگرتووە (ئابوری و سیاسی و ئایدۆلۆجی و ناسیۆنالیستی) لە ئاستێکی گشتیدا یەکێتی دژەکانی لەسەر دروست دەبێت.
مۆندیالی ٢٠٢٢ کە لە قەتەر بەڕێوە دەچێت هەر لێرەوە بەرجەستە کرا بۆ نەتەوەیی بوونی عەرەب و شانازیی قەومی، کە لە وڵاتێکی عەرەبیدا بەڕێوە دەچێت، لە هەمانکاتدا بەشێک بە دیوێکی ئاینیدا دەیبینن کە لە وڵاتێکی ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێت هەتا ئەو ڕادەیەی کە سعودییە لە ئەرجەنتینی بردەوە پەرلەمانتارێک وەک جەنگی بەدری شوبهاند، لەلایەکی دیکەوە بۆ جیهان بردنەوەی شەڕە لەناو یاریدا هەر بۆیە هەر وڵاتێک دەدۆڕا چی یاریزانەکان، چی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە قوڵ قوڵ دەگریان.
ئەمەش نمونەیەکی جوانی تۆپی پێیە کورتکردنەوەی شەڕ لەناو یاریدا، مەیدانی جەنگ بۆ مەیدانی تۆپی پێ، بردنەوە و دۆڕاندن بەبێ میلیشیاو تانک و تۆپ و سەرباز، بۆیە ڕۆحیەتی ئاشتی بەسەر فەزای گشتی مۆندیالدا زاڵە هاوهەڵوێستییەکی جیهانی دروست کردووە، کە لە تێپەڕاندنی ئایدیۆلۆجیا و سیاسەت و شەڕانگێزیدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەوەتا لەیەککاتدا موسوڵمانێک و مەسیحییەک و یەهودییەک لایەنگری ئەرجەنتینن، بانگخوازێک و قەشەیەک لایەنگری میسی دەکەن، هەتا ڕادەیەک بانگخوازێک دەڵێت: "دوای میسی گۆڵ حەرامە" ئەمە دەستەواژەیەکی جوانە پڕە لە گیانی وەرزشی کوردێک عەرەبێک ئینگلیزێک فارس و تورکێک لە یەککاتدا هەواداری ڕۆناڵدۆن، لە دیوێکی دیکەوە لە کاتی مۆندیالدا زۆرینەی خەڵکی جیهان سەرقاڵ نین بە هەواڵی سیاسییەوە تەنها چاوەکان و بیرکردنەوەکان لەسەر مۆندیالە.
یاریزانان لە مۆندیالدا جێگای کاریزمایان گرتوەتەوە، ئێستا ئەوەندەی گەنجی جیهان میسی دەناسن هیچ ڕابەر و سەرۆک دەوڵەتێکی جیهان ناناسن. بۆیە مۆندیال ئەگەرچی ململانێ و ڕکابەریی و دژ بەیەکییە لەنێوان وڵاتان و یانەکان، هێندەش یەکێتی دژەکان و کۆکەرەوەی بۆچونە سیاسی وئاینی وئایدۆلۆژایا جیاوازەکانە لە فۆرمێکی دیکەدا.