یاری كۆتایی ئەرجەنتین و فەرەنسا

5 مانگ پێش ئێستا

سەرخێڵ حاجی جەمال
ئەمشەو فەڕەنسای خاوەنی نازناو و ئەرجەنتینی تینوی نازناو، یاریی کۆتایی مۆندیال دەکەن. 
پێشبینیی یاریی تۆپی پێ، جۆرێک لە فاڵگرتنەوەیە ئەگەر زانیاریی وردت لەسەر پێکهاتە و توانای هەردو تیپ نەبێت. جگە لە پێکهاتە و یاریزان، بارودۆخی هەڵبژاردەکە و دۆخی دەرونی یاریزانەکان و کێشەکانی ژوری جلگۆڕین کاریگەرییان لەسەر یاریی دەبێت. 
بۆ یارییەکی وەک ئەم یارییە، بچوکترین هەڵەی تەکتیکی، یان هەڵەی یاریزانێک، یان هەڵەی ناوبژیوان، هەمو پێشبینییەک سەراوژێر دەکاتەوە. 
وەک ئەوەی لە میدیاکان دانراوە، ئەرجەنتین پێکهاتەی (٥_۳_۲ یان ۳_٥_۲) ئەگەریش هەیە (٤_٤_۲) یاریی بکات. لە هەمو حاڵەتەکاندا، ئەرجەنتین بەرگری چۆڵ ناکات و ڕێگە نادات هێرشی هەڵگەڕاوەی لەسەر دروست ببێت. ئەمە لە ڕوی تەکتیکەوە ئاوایە و سکالۆنی ئەمەی دەوێت. بەڵام زۆر جار لەناو یاریگادا ئەوە ڕونادات کە ڕاهێنەر دەیەوێت. 
پشت بە تواناکانی میسی و ئەلڤاریز دەبەستێت لە پێشەوە. ئەمە جگە لەوەی ئەرجەنتین پشت ئەستورە بە ورەیەکی پۆڵایین و ملیۆنان هەواداری دەرەوەی یاریگا و 
هەزاران هاندەری ناو یاریگا. 
ئەگەر پلانەکانی سکالۆنی وەک خۆی جێبەجێ ببێت و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو ڕونەدات بۆ نمونە (دی پاوڵ) کارتی سور وەربگرێت. ئەرجەنتین دەیەوێت یارییەکە بە ۱ و هیچ کۆتایی پێبهێنێت. 
سەبارەت بە فەڕەنسا، بە گشتی میسی و گۆڵچی لێدەربچێت، سەرجەم یاریزانەکانی فەڕەنسا لە یاریزانەکانی ئەرجەنتین بەهێزتر و بەهرەمەندترن. فەڕەنسا بە پێکهاتەی (٤_۲_۳_۱) یاریی دەکات. لەم پێکهاتەیەدا ۲ ئیرتیکاز بونی هەیە، بەڵام من هەر یەک لە فۆفانا و ڕابیۆتم بەدڵ نییە و وەک ڕاگەیاندن باسی دەکات، چوامینی ئازاری پشتی هەیە. 
هەر لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسکراوە، دیشامپ یاریی بە جیرۆ ناکات و تورام یاریی پێدەکات، ئەوکات مباپێ دەچێتە ناو بۆکس و دەبێتە سەرەڕم. لەم حاڵەتەدا خێرایی و بڕینەکانی مباپێ هیچ کاریگەریی نامێنێت. 
من بڕوا ناکەم دیشامپ ئەو هەڵەیە بکات و بە هەمان پێکهاتەی پێشتر یاریی دەکات. دیشامپ دەیەوێت لە سەرەتادا سود لە خێرایی عوسمان و مباپێ و تیۆ ببینێت بۆ تۆمارکردنی گۆڵێک، دواتر ئەرجەنتین ڕابکێشێت و گۆڵی دووەم و ئەگەر کرا زیاتر تۆمار بکات. 
بۆ دیشامپیش بە هەمان شێوەی سکالۆنی، مەرج نییە ئەوەی دەتەوێت لە یاریگادا بۆت جێبەجێ بکرێت. لەوانەیە پەنارتییەک یان پێکانی (مباپێ یان تیۆ) هەمو شتێک تێکبدات. 
بە گشتی لە ڕوی حەماسەت و پشتگیریی هاندران و ڕاگەیاندنەوە، ئەرجەنتین شانسی زیاترە. بەڵام من بۆچونم وایە، هەتا خولەکی ۱۲٠ شانسی فەڕەنسا زیاترە بۆ بردنەوە. لە کاتی پەنارتیشدا، ئەرجەنتین شانسی زیاترە، چونکە گۆڵچی فەڕەنسا هەرچەندە زۆر بەتوانایە، بەڵام پێشبینی بۆ لێدانی پەنارتی زۆر خراپە و گۆڵچی ئەرجەنتین ڕێک بە پێچەوانەوەیە. 
چاوەڕێی یارییەکی کراوەی پڕ گۆڵ و نمایش ناکەم، هیوادارم ئەم چاوەڕوانییەم ئاوا نەبێت و (٤_۳) یەکی تر ببینینەوە.