وەفیق سامەڕائی كەی وچۆن بوو گەیشتە كوردستان؟!
4 مانگ پێش ئێستا
وەڵامێك بۆ كاك عیماد ئەحمەد!
مەحمود حاجی عومەر
ئەڵبەتە لەدوای ڕاپەڕین و بەتایبەتیش لەدوای تێكچونی مفاوەزاتی (بەرەی كوردستانی وحكومەتی عێراق) لەساڵی ( 1991و1992) و كشانەوەی ئیداراتی حكومەتی ناوەند لەكورستان. هەمیشە ناوچەكە لەژێر تۆپباران و ناوە بەناوە هێرش و ترسی پەلاماردانی ڕژێم هەبوو بۆ ناوچە ڕزگار كراوەكان.
بۆ ئەو مەبەستە بەو توانا كەمە پێشمەرگانەیەی كە لەبەردەستدا هەبوون بۆ ئەو سەردەمە كە لەسەر هێڵی تەماس خاڵی سەربازی دانرابوون و بە پێشمەرگە و فەرماندەی فیداكار هەر لەبەری خانەقینەوە تا خوارو خۆرئاوای كفری بۆ ناچەی داودەو رۆژهەلات و باكوری كەركوك بە پچڕپچڕ نیگابانی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرەنگار بوونەوەی سوپای عێراق جێگیر كرابوون. كاك عوسمانی حاجی مەحمود كە بەرپرسی قیادەی مەنتیقەی كەركوكی هێزی پێشمەرگە بوو ، وەك فەرماندەیەكی بەرپرسی سەربازی سنورەكە سەرقاڵی كۆبونەوەو تەشكیلاتی پێشمەرگانە بوو.
بیرمە زستانی ساڵی 1994بوو لە كەلار بووین لە پڕ بروسكەیەك لە محورەی نەوجول ناوچەی دادەوە گەیشت! بروسكەكە بۆ كاك عوسمان نوسرابوو بەم شێوە: درەنگانی ئەمشەو مەسئولێكی گەورەی ڕژێم بە جلی ئەفسەرییەوە خۆی تسلیم كردین.كە عەرەبەو گەنجێكی كوردیشی لەگەڵە گەیشتە سەنگەرەكانمان ئەڵێ من پەیوەندیم بە شەخسی مام جلال خۆیەوە هەیە! چی لێ بكەین؟.
كاك عوسمانیش وەڵامی دانەوە: حورمەتیان بگرن وبە پەلەو بەسڵامەتی بیگەیەننە لامان، من لە كەلارم.
سەعات نزیك11 پێش نیوەڕۆ كاك عوسمان وتی پێم باشە دوو، سێ پێشمەرگە لەگەڵ خۆت بەری و بڕۆ بزان چیەو كێ یە؟ كە من چووم مەفرەزەیەك لەو پێشمەرگانەی محوەری نەوجول هێنابویاننە ناو ناحیەی سەرقەڵا. ئیتر لەوێ من وەفیق سامەرائی یم وەرگرت.
وەفیق سامەرائی دشداشەیەكی سپی و قەمسەڵەیەكی ئامریكی لەبەر بوو، جوتێك كالای سپی وەرزشی لەپێ بوو كە لەملاولاویەوە هەڵتڵیشا بوون. دەمانچەیەكی چواردە خۆر و چەند نارنجۆكێك و گوێنیەك كە هەندێ فیشەك و بڕێك پارەی دیناری تەبعی تێدا بوو، لە گەڵ جەنتایەكی ڕەنگ جەرگی دیپلۆماسی كە پڕ بوو لە دۆلاری ئامریكی و كۆمەڵێك مستمسكاتی خۆی. هاوسەفەرەكەشی كەكوردێكی هەولێری بوو بە ناوی محمد، كە لێم پرسی تۆ وەكو كوردێك چۆنە وا هاوڕێ و هاوسەفەری وفیق سامەڕائی یت؟
وتی: من باخەوانی باخەكەی بووم، بەڵام واتێگەیشتم كە مراسل و خزمەتكاری سەربازی بووە كە لە عسكەریدا پێی ئەڵێن (مراسل). ئەمیش كڵاشینكۆفێك و یەك دوو مەزەن فیشەكی پێ بوو. ئەو پێشمەرگانەی جەبهەی نەوجول تا ئەو كاتە بەهیچ جۆرێك هیچ یەك لەو شتانەیان لێ وەرنەگرتبوون. ئەویش بەهەست كردن بەو حورمەت وڕێزەی شەوێ لێی گیرابوون وتی: ئەگەر ئیجازەم بدەن من ئەم پارە تەبع و فیشەك و تەقەمەنیانە دەدەم بەم كوڕانەی كە لەنیوەشەوی دوێنێوە پێمانەوە ماندوو بوون. بەلام بۆ مێژوو ئەیڵێم ، یەك كەس لەو پێشمەرگانە ئامادە نەبوو هیچی لێ وەربگرێت.!
ئیتر وتی ئێستا بۆ كوێم دەبەن؟ چونكە من دەمەوێ بە زووترین كات وهەر ئەمڕۆ بگەمە حزوری مام جلال تاڵبانی، لەبەر ئەوەی سبەی كەشف بم ماڵ ومنالەكانم بەر مەترسی كوشتن دەبنەوە لەلایەن سەدام حسین ەوە. منیش پێم وت ئێمە مەسئولمان لەم سنورە هەیەو ( فلان كەس) بەرپرسی ناوچەكەیە دەچینە لای ئەو كە ئیستا لە كەلارە. وتی دە بمبە بۆ شوێنێك با خۆم بگۆڕم. ئێمەش سەرەتا بردمانە مقەڕی فەوجی سمود. كە شەهید ئازاد فەریق لەو مقەڕە بوو. ئەو دەمە ئەو كاك ئازاد فەریق ە ( زابت استخبارات فەوج) بوو . ئەیویست تحقیقی لێ بكات.! وتم كاك ئازاد ئەمە من قسەم لەگەڵ كردوە زۆر لەوە گەورە ترە كە خۆمان دەیزانین. كاك عوسمان لە كەلار چاوەڕێ ی دەكات . ئینجا وەفیق لەوێ خۆی گۆڕی بە جلێكی شیكی سەربازی و تەواوی( ڕوتبەكەشی ) لەسەر شانەكانی دانا. تا ئەو ماوەیە كە پشوویەكی چا خواردنەوەی داو ئەو مەسافەی كە گەیشتینە كەلار من كۆمەلێ پرسیارو دەنگ وباسم لێ پرسی.. بەتەواوی خۆی ناساندو وتی 5 دەزگای باڵاو حەساس لە عێراق هەیە من بەڕێوەبەری یەكێكیانم كە پێ ی دەوترێت( مدیر عام الاستخابرات العسكریە). هەویەو ناسنامەكانیشی پیشان دام. وتی من نوێنەری تشریفات و پەیوەندی وەفدی حكومەتی عیراقی بووم بۆ مفاوەزاتی ( كورد وعێراق) هەر لەو سەرو بەندەو پێشتریش وەكو ئۆپزسیۆنێكی نهێنی پەیوەندیم بەخودی مام جلال ەوە هەیە. زۆریش برادەریم لە گەڵ ( أبو نما و أبو سەڵاح) خۆشە.
بەهەر حاڵ : كە گەیشتینە كەلار كاك عوسمان لە بارەگای كۆمیتەی كەلار چاوەڕێ ی دەكردین. ئەو دەمە كاك حسن جیهاد مەسئولی كۆمیتەی كەلار بوو. دوای پشودان وپرسیارو وەڵام، كاك عوسمان ویستی بە جیهازە ڕاكاڵەكە بروسكە بۆ بەڕێز مام جەلال بكات ، ئەویش وتی نا نەكەی! هەموو بروسكەكانی ئێوە بە (أجهز قدرە ) لە مخابرات دەكرێتەوەو كەشفە . ڕەنگە پێش مام جلال مخابراتی عێراقی بزانن كە من بەئێرە گەیشتووم.!
كە حاڵی پێ و پێڵاوەكانیمان بینی ، باشم بیرە بەو بۆنەیەوە لێیمان پرسی: پێڵاوی ژمارە چەند لەپێ دەكەیت؟ وتی 42 قاوەیی . جوتێك پێڵاوی سوری ژمارە 42شمان بۆی كڕی. پێ و پوزی ئاوسا بوو لە شەكەتی ڕێكردنی دووری ڕێگاكە . ئەوەشم بیرە دەبوو دەعوەتی پێشمەرگەو فەرماندەی دێرین كاك علی سید محمود بووین بەو بۆنەیەوە نانەكەیمان نەخواردو بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتین. كاك سەمەد هۆمەربل یشمان لەگەڵ بوو هەندێ پرسیاری چارەنووسی ئەنفالەكانی لێ كرد..
دواتر كە گەیشتینە دەربەندیخان لە چێشتخانەیەك بۆ نانی نیوەڕۆ لامان دا. كاك عوسمان وتی بەڵكو ئەو ڕوتبەو نەجمانەی سەر شانت لابەیت با خەڵكی لێمان كۆنەبێتەوە.! ئیتر ڕوتبەكانی لەخۆ كردەوە. بۆ لای ئێوارەكەی گەیشتینە سلێمانی ، ماڵی كاك عوسمانی حاجی مەحمود . لەوێ دانیشتین تاكو كاك عوسمان سۆراغی جەنابی مام جەلال ی بۆ بكات . ئەوە بوو مام جەلال ئەو كاتە لە هەولێر بوو. وەفیقیش زۆر جەختی لەوە دەكردەوە هەر دەبێ ئەم شەو بیگەیەنینە خزمەتی مام . كاك عوسمان پێ ی باش بوو ئەو دەستە ئەمینەی كە بەسەڵامەتی ئەم پیاوە بگەیەنێتە دەستی مام دەبێ (سەید جەوهەر) بێت.ئەو دەمە تەلفۆن وموبایل نەبوو. من ناو شار زۆر گەڕام شەهید سەید جەوهەرم نەدۆزییەوە. كە گەڕامەوە ماڵی كاك عوسمان شەهید ئاكۆ سووری لەوێ لەماڵی كاك عوسمان دانیشتبوو. ئیتر ئەو شەوە وەفیق سامەڕائی بە شەهید ئاكۆ سوری فەرماندەدا نێردرا بۆ هەولێر.
مەبەست لەم نووسینەم:
كاك عیماد لە ماڵپەڕی بابەتێكی لە ژێر ناوی: لە دەروازەی مێژوودا ناكۆكیەكان یان دەرفەتەكاننمان گەورە ترن! لە ڕۆژی 6 ی ئەم مانگەدا بڵاو كردوەتەوە، لەو پەرەگرافانەی كە دێتە سەر باسی (وەفیق سامەڕائی )وانیەو بەڵكو ڕاستییەكەی ئەوەمەیە كە من لێرەدا خستوومەتە ڕوو بۆ مێژوو ،با خوێنەر ڕاستی وحەقیقەتی بابەتە بزانن. لە گەڵ ڕێزم دا.
1-خوالێ خۆش بوو (وەفیق سامەڕائی) لەو سەفەرەیدا نە كاك نەوشیروان و نە هیچ مەسئولێكی نەبینی.! بەلكو راستەوخۆ لە كەلار بۆ ماڵی كاك عوسمان لەسلێمانی و لەوێشەوە بە نهێنی بۆ هەولێر ماڵی مام جەلال.
2-وەفیق سامەڕائی لە سەرەتای مانگی 12 ی ساڵی 1994 هات نەك سالی 1995. وەك كاك عیماد دەڵێ.
3-وەفیق سامەڕائی بە قەمەرە سۆپەرە 85 ەكەی خۆی تاكو مشروع ئاوی (نعمانیە )هاتووەو لەوێوە بۆ گوندە روخاوەكەی ( خدر وەلی) وەك كاك عیماد دەڵێ داقوق.! داقوق بۆ ئەو شوێنەی كە پێشمەرگەی لێ بوو ئەو سەردەمە زۆر دوورە ! ئاسان نیە بە چەند سەعاتێكی هەمان شەو بگات..!
ئەمەو زۆر وردەكاری دیكە لای منە! كە هەر كات پێویست بوو بە نووسین دەیخەمە ڕوو. كە من لە كەسە یەكەمەكانی دیتنی (وەفیق سامەڕائی) ی بوم. ماوەتەوە و بڵێم : ڕۆحی بەڕێز مام جەلال و شەهید سید جوهرو شەهید ئاكۆ سور و شەهید ئازاد فەریق شاد بێ و خوای گەورە لە گوناحی ئەوان و ڕەحمەتی وەفیق سامڕائی یش خۆش بێت ….