گــرنـگی ھەڵبژاردنی نـاوی فیلمەکـان.
5 مانگ پێش ئێستا
یەکێک لەو شتەی کە لە فیلمە نوێیەکەی دەرھێنەری ناسراوی سویدی- Ruben Östlund - براوەی دوو خەڵاتی کــان، لە لام زۆر جێی سەرنج و گرنگی بوو، ئەویش جوانی ناوی فیلمەکەی بوو. واتا؛ Triangle of Sadness - تراینگێڵ ئۆف سادنێس - سێگۆشەی خەماوی، یان سێگۆشەی غەمگینی.
لە ڕاستیدا، ھەر لەسەرەتای دەستپێکی فیلمەکەوە و لە ڕێی وتنی دیالۆگی یەکێک لە لیژنەی ھەڵسەنگاندنی لاوە فاشیۆن و مۆدێلەکانەوە ئەو وشەیە لە بەرانبەر کارلدا بەکاردەبرێت! چونکە کاتێک نمایشکارە فاشیۆنەکان نمایش و شۆوەکانیان لەسەر ستەیج دەکەن پێویستە بەر لە ھەموو شتێک فۆکەسی سەرەکیان لە سەر چەند لایەنێکی زۆر ورد و گرنگ بێت وەک؛ شیکی جسم و بۆدیان، ڕێوڕۆیشتنیان لەسەر ستەیجی نمایش و لە بەرانبەر بینەراندا، ھەروەھا وتنی ئاوازێکی دڵڕفێن و ھەستبزوێن و ھەیاجان لە ناخی خۆیاندا تاوەکو ڕیتم بە ڕێکوپێکی و پێرفێکتی جوڵەکانی جەستەیان بدەن و بەوەیش لەسەر ستەیجدا جوڵەیەکی ھارمۆنیان ھەبێت. ھەربۆیە کارلی نمایشکار، لە کاتی تێست و تاقیکردنەوەدا لە بەرانبەر لیژنەکەدا شێوازی ڕوخساری توڕە و نیگەران و غەمگینانە دەرکەوت بەجۆرێک لە (نێوان برۆکانیدا) چەند ھێڵێکی خوار دەردەکەوتن کە ئەوەیش تەعبیر بوو لە غەمگینی و توورەیی ئەو مرۆڤە لە ناخیدا کە دواتر زیان بە ئەنجامی کارەکەی کارل دەدات. ھەربۆیە ئەندامەکەی لیژنەکە بە زوویی پێیدەڵێت؛«ھەوڵبدە ئەو ھێڵە گرژانەی سەر ڕووخسار و نێوان برۆکانت نەھڵێیت». دواتریش کرۆک و ناوی فیلمەکەیش ھەر لەسەر ھەمان مانا و واتای ئەو وشەیە دامەزراوە، گەرچی بینەر لە سەرەتادا لەخۆوە وا ھەستدەکات و شەک و گومانی بۆ مانا و دەربڕینی دیکە دەچێت.
بۆ نمونە؛ مادامەکی ڕووداوەکان لە سێ بەش و لە سێ جێگە و سێ لۆکەیشندا ڕوودەدەن (سەر ستەیج و سەر پشتی یەختەکە و دوورگە دابڕاوەکە). کەواتا دەکرێت مەبەست و مانای لە (سێگۆشەی ڕووداوە خەمھێنەرەکان)بێت.
دواجاریش ھەموو ئەمانە بێگومان نیشاندەری زیرەکی و بلیمەتی و سەلیقەبەرزی دەرھێنەر بوو کە ھەر لە سەرەتاوە زۆر ورد و چڕ و قوڵانە کاری لەسەر کردبوون و پاشانیش بە تەنھا لەڕێگەی خوێندنەوەی (ناوچەوان گرژی مرۆڤەکانەوە)کێشە و موعاناتەکانی پشتەوەی زۆرێک لەو کەسانەی بۆ خستینەڕوو کە بە ڕووکار و ڕواڵەت زۆر کەشخە و سپۆرت و کەیفساز دەردەکەون، بەڵام لە ناخیاندا غەم و بەژارەیەکی قووڵتر ھەیە. تەنانەت دەرھێنەر لەم کارەیدا لە گۆشەیەکی ترەوە، گۆشەیەکی تاریک و خەمھێنەرانەی ترمان بۆ ئاشکرا دەکات کە وابەستەیە بە ھەموو ئەوانەی ئەو کار و پیشەیەیان ھەڵبژاردووە (فاشیۆن) کە زۆر جار لە پشت پەردەوە ڕووبەڕووی ئیھانە و سوکایەتیپێکردن و شکاندنێکی زۆر خراپ دەبنەوە، تەنانەت بێگوێدانە ئازارەکەی، یاخود بێئەوەی درکی ئەو ڕاستیە تاڵیە بکەن.
نوسین: شــادمان محەمەد