دابەزاندنی بەهای دینار دوو ساڵ؛ حكومەتی دڵخۆش و هاوڵاتی دڵتەنگ!

6 مانگ پێش ئێستا

‌بيلال سەعيد
ئەمڕۆ 20.12.2022 دوو ساڵی ڕەبەق بەسەر گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لەلایەن بانكی ناوەندی تێپەردەبێت...

دووساڵ پێش ئێستا لە 19.12.2020 بانكی ناوەندی لەڕێگەی راگەیەنراوێکدا گۆڕانكاریەكەی راگەیاندوو و لە 12.20. 2020 خستنەڕووی دۆلاری لە 120هەزار دینارەوە بۆ 146 هەزار دینار گۆڕی...

لەماوەی ئەم دوو ساڵە هەڵبەز و دابەزی دۆلار لەژێر كاریگەری لێدوانی سیاسیەكان و پەرلەمانتاران بەردەوام بووە، بەڵام بانكی ناوەندی تاكیدی لە سیاسەتی نەختینەیی خۆی دەكردەوە..

ئەم مانگە بەتایبەت بەهای دۆلار بێ ئەندازە بەرزبووەتەوە و بەدەر لە چاوەڕوانییەكانی بانكی ناوەندی بووە كە 4% بەرزبوونەوە لە نرخی خستنەروو بەئاسایی دادەنێت، لەرۆژانی رابردوو بەهای 100 دۆلار گەیشتە 152 هەزار دینار...
پەیوەست بەم رۆژانە بەپێی شیكاریەكی ئینستیوتی ئابووری بەژمارە لەماوەی یەك هەفتە 585ملیۆن و 937هەزارو 834 دۆلار خستنەڕووی ئەنجامداوە بەڵام لەماوەی 20رۆژی رابردوو قەبارەی خستنەڕوو 2ملیار و 60ملیۆن و 846هەزارو 568دۆلاربووە، لەكاتێكدا لەماوەی 20 رۆژی مانگی 11ی ئەمساڵ قەبارەی خستنەڕوو 1ملیار و 844ملیۆن و 126هەزارو 724دۆلار بووە...واتە خستنەڕووی ئەم 20 رۆژە زیاتر بووە لە 20 رۆژی مانگی رابردوو بەڵام بۆچی نرخ بەرزبوەتەوە؟!

پرسیارێك زۆرێنەی هاوڵاتیان دەپرسن بەهای دۆلار بۆچی بەرزبووەتەوە؟

1. بانكی ناوەندی قەبارەی خستنەرووی زۆر كەم كردووەتەوە و تەنیا 50 تا 60% ڕابردوو ئەنجام دەدات...
2. رێكاری فرۆشتنی تازە پەیڕەو دەكرێت كە وردبوونەوە و بەدیجیتاڵكردنی خستنەروو لەلایەن بانكی ناوەندی پرۆسەكەی بۆ نزیك مەودا لەنێوان بانكە ئەهلییەكان و كۆمپانیاكان و بانكی ناوەندی خاو كردووەتەوە..
3. ئەمریكا 14 بانك و كۆمپانیا كە بەشێكن لە وەرگرتنی دۆلار لەبانكی ناوەندی خستوەتە لیستی رەش ئەمەش هۆكاری كەمبوونەوەی خستنەرووی زیاتر كردووە..
4. فشاری ئەمریكا لەسەر بانكی ناوەندی زیاتری كردووە بەتایبەت كاتێك عێراق 2ملیار قەرزی ئیرانی داوەتەوە و بەجۆرێك لە تەحەداكردنی عێراق ئەخوێنریتەوە..
5. بەهۆی نزیكبوونەوەی سەری ساڵ و تەنگەژەی بازار خواستی رۆژانە لەسەر دۆلار بەردەوام لەبەرزبوونەوەیە...
بۆیە ئەگەر خویندنەوە بۆ خستنەرووی ئەم هەفتەیە بكەین كە لەیەك كاتدا بانكی ناوەندی خستنەرووی بۆ 4 شەممە و 5 شەممەش پێكەوە ئەنجام داوە، ئەتوانین بڵێین نابێت چاوەڕیی دابەزین بكەین بۆ ئەم هەفتەیە...

لەهەمانكاتدا ووتاری هەفتانەی سەرۆكوەزیرانی عێڕاق كە چاوەروانی خستنەرڕووی  رێکاری دابەزینی بەهای دۆلاری لێ ئەكرا بەو جۆرە دەرنەچوو زیاتر تاكیدكردنەوە بوو لە پلانی نەختیبنەیی بانكی ناوەندی و داكۆكی لە سیاسەتی تازەی بانكەكە بوو...

بۆیە لە كۆی گشتی دیمەنەكە ئەگەر بڕوانین عێراق لەرووی یەدەگی دراوی بیانی و زێڕەوە لەباشترین حاڵەتدایە و ئەكرێت بڵین بودجەی ئەمساڵ ئەگەر پەسەندبكرێت نمونەیی ئەبێت لەرووی بەرزی قەبارەوە بەڵام هەژاری و بێكاری و كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆر زۆر زیادی كردووە، بۆیە ئەتوانین بڵێین عێراق  وەك حكومەت دوو ساڵی دڵخۆشی هەبووە و هاوڵاتیان دوو ساڵی دڵتەنگی بەڕێدەكەن...


بیلال سەعید، بەڕێوەبەری ئینستیوتی ئابووری بەژمارە