پڕۆژەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ شەفافیەتی دارایی
6 مانگ پێش ئێستا
سەرکۆ یونس*
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پڕۆژەی شەفافیەتی لەداهاتی نانەوتی و خەرجییەکانی سنوری هەردوو پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان وراپەرین راگەیاند.
ئەم پڕۆژە ئەلیکترۆنییە بەشێوەیەکی ووردو زانستی کاری لەسەرکراوە و سەرجەم ئەو کەرت و فەرمانگانەی تێدا دەستنیشان کراوە کەداهات بەدەست دەهێنن و داهاتەکانیان لەڕێگەی گەنجینەکانەوە ڕۆژانە تۆمار دەکرێن.
گرنگی ئەم پرۆژەیە لەوەدایە، کەزۆربەی گلەیی وگازندەکان لەبواری داهات و خەرجییەکانی ئیدارەی سلێمانی بەشێوەیەکی گشتی دەکرا، خۆشبەختانە ئەم پرۆژە ئەلیکترۆنیە بەئاشکرا وبەڕوونی داتاکانی داهاتەکان ڕۆژانەو هەفتانەو مانگانە دەخاتەڕوو.
ئەوەی زیاتر پرۆژەکە بەهێزتر دەکات، هەماهەنگی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەئاگاداربوون لەداهاتەکان وسەرچاوەی داتاکان، بەو پێ یەی کەبەڕێزیان نوێنەری بزوتنەوەی گۆرانن لەحکومەتدا، هەر بۆیە ئەم هەنگاوە لەپرۆژەی تاکحزبی دەردەچێت و پشتیوانی زیاتری دەبێت لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆرانەوە ولایەنەکانی تریشەوە.
لەلایەکی ترەوە، ئەم پرۆژەیە، وەڵامێکی زانستی و واقعیی یە بۆ هەموو ئەو دەنگۆ وپروپاگەندانە ناڕەوایانەی کەباسیان لەوە دەکرد داهاتی سلێمانی دەدزرێت یان کەم دەکات. ئەم هەنگاوە کردارییە پەنجەرەیەکی ڕۆشنی کراوەیە بۆ زانینی سەرچاوەی داهاتەکان و خەرجییەکانی ئیدارەدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
هەر ئەم وێبسایتە کردارییە، دەرگایەکی گرنگ بەڕووی کەسانی پسپۆڕی ئابوری و رۆژنامەنووسان و لایەنەپەیوەندیدارەکانی دارایی دەکاتەوە بۆ زانینی سەرجەم داهات وخەرجییەکان، بەتایبەت پەرلەمان و لیژنەکانی چاودێری دارایی حکومی وڕای گشتی. تەنها بەوەرگرتنی داتاکان و بەدواداچوونیان بۆیان دەردەکەوێت کەچۆن داهاتەکان کۆدەکرێنەوە و بەچی شێوازێکیش خەرجدەکرێن.
هیوادارین لەنزیکترین ماوەدا بەشی دووەمی پرۆژەکە بخرێتە ڕوو، کەبریتی یە لەلایەنی خەرجییەکانی ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین.
بەخستنەڕووی داتاو زانیاری داهات و خەرجییەکان، هەموو ڕاستییەکان دەردەکەوێت و هاوڵاتیانیش دڵنیا دەبنەوە لەواقیعی دارایی پارێزگاو ناوچەکانیان.
زۆر گرنگە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، ئەم پرۆژەیە فراوانترو گشتگیر بکات و هەولێرودهۆکیش بگرێتەوە، بۆئەوەی سەرجەم هاوڵاتیان وڕای گشتی ئاگادار بن لەداهات وخەرجییەکانی هەرێمی کوردستان، شەفافیەت لەداراییدا ببێتە ئامڕازوپێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئیدارەدانی هەرێم.
*ئابوریناس