عەباکەی قەتەر
5 مانگ پێش ئێستا
ئەحمەدی مەلا
مێژووی ئێستای عەرەب، مێژووی ئاوڕدانەوەیە، ئاوڕدانەوە بۆ رابردووە، هەروەکو شەحرور دەڵێ، عەقڵی فیقهی رابردووی پیرۆزاندووە، تەنانەت کردوویەتی بە بت. مشتومڕی زۆر هەیە لەسەر قەتەر، نەک لەبەر ئەوەی وڵاتێکی ئیسلامییە، بەڵکو رۆڵی عەیبداریی هەیە سەبارەت بەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ کرێکارانی بیانیی ئەنجامی دەدا، لایەنگیریی بۆ ئیخوانەکان و تەنانەت جوڵاندن و پاڵپشتی بۆ هێزێکی وەکو نوسرە، هەروەها لە لیستی مافەکانی مرۆڤدا وڵاتێک نییە کە شانازی بە خۆیەوە بکات لەو بارەیەوە، جگە لە بەرتیلدان و گەندەڵی کە یەکێکە لەو کارتانەی کە یاریی پێدەکات بۆ کڕین و فرۆشتن، دوا نموونەش کاتێک لە شوێنی نیشتەجێی یارەیدەدەری سەرۆکی پەرلەمانتاری ئەوروپایی جانتایەک پارە دەدۆزنەوە و دۆسییە و لێکۆڵینەوەکان هێشتا تەواو نەبوونە.
راستە، قەتەرییەکان، توانیان بە پارەی پیترۆ دۆلار یارییەکانی فوتبۆڵینی جیهانیی مسۆگەر بکەن، دواجار ئەوەی یارییەکەی بردەوە، وڵاتی ئەرجەنتین بوو، مێسی وەکو کاپتنی تیپەکە و وەکو یارییچییەکی ناوازە خەڵاتی براوەیان بردەوە.
ئەوەی لەم بگرە و بەردەیەدا، بۆ وڵاتێکی وەکو قەتەر مایەوە، نە داهاتووی تۆپی پێی وڵاتەکەیەتی، نە هیچ، بەڵکو گۆڕەپانەکانیش لە ئێستا بە دواوە دەبن بە بەشێک لە رابرووە، ئەو رابردووە ملهوڕەی کە هەموو شانازیی پێوە دەکەین وەکو ئەو بتەی کە شەحرور ئاماژەی بۆ دەکات.
لە هەناوی ئەم رابردووە، عەبایەک هەیە کە کاتی خۆی پێغەمبەری ئیسلام دەیکاتە بەر سەلمانی فارسی و دەڵێ " ئیدی سەلمان لە ئێمەیە و لە خێزانی ئێمەیە." سیاق و کۆنتێکستی ئەو سەردەمە لەگەڵ ئەم سەردەمە، ئاسمان و رێسمانێکە، سەلمان بە پێی خۆی چووبوو نێو لەشکری موسڵمانان و بوو بوو بە یاوەری مەحەمەد، تەنانەت یەکێک بوو لەو کەسە گرینگانەی کە بەشدار دەبێ لە دروستکردنی ئاینی نوێدا، جگە لەوەی دواتر فەرامۆش دەکرێت و هیچ پلەوپایەیەکی پێ شک نابەن، بەڵام تیپی ئەرجەنتین لە گۆڕەپانێکی بێلایەندا گەمەکانی دەکرد، راستە، لەسەر خاکی وڵاتی قەتەرە، بەڵام بە یاسا و رێساکانی فیفا بەڕێوە چووە، هاتنی مێسی بۆ هاتنە نێو لەشکری قەتەرییەکان نەبوو، بۆ باوەشکردنەوە نەبوو لە بەها و کەلتووریی قەتەری، کەچی دەسەڵاتی قەتەری، هیچی بۆ نەما، تەنها ئەوە نەبێ، لاسایی ئاکتێکی مێژیینەی بێ ناوەڕۆک و بێ بنەما بکات بۆ ئێستایەک کە هەڵگری هیچ بارستاییەکی کەلتووریی نییە..ئەوەی مایەوە، خەڵاتێکە دەچێتە مێژووی وەرزشی وڵاتێکی وەکو ئەرجەنتین، عەبایەکیش کە هەندە نابات بە تەواویی لە بیر دەکرێت یا هەڵدەواسرێت بە بێ ئەوەی کەس ئاوڕی لێ بداتەوە.