ئەگەر رۆناڵدۆ بچێتە نەسر چی روودەدات؟
5 مانگ پێش ئێستا
سامان وڵاتژێری
رۆناڵدۆ نزیکە بچێتە یانەی نەسری سعودی، یانەکە تاکە یانەیە دەستەوارەی فەرمی پێشکێشی یاریزانەکەی کردووە، هەرچەند بەرای من هێشتا رۆناڵدۆ توانای ئەوەی هەیە سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی تیپێکی بەهێز و بێ کێشەی ئەوروپا بکات، بەڵام ئەگەر رۆیشتنی کریس بۆ یانەی نەسر بووە راستی گرێبەستەکە چەند سوودێکی دەبێت، هەرچەندیش کە یانەی نەسر یەکەم بەنێوبانگترین یانەی سعودیە نییە و یانەی هیلال پێشەنگی یانەکانی وڵاتەکەیە.
یەکەم؛ رۆناڵدۆ دەبێتە گەورەترین یاریزان بچێتە خولەکە، هەلی ئەوەی دەبێت بە توانایەکی زۆرباش لە خولەکەدا یاریی بکات و ژمارەیەکی زۆری گۆڵیشی تۆماربکات و نازناوی زیاتر لە خولێکی جیاوازتر بباتەوە، بەمەش دەتوانێت خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی ئەو یاریزانانە بهێڵێتەوە کە زۆرترین گۆڵیان کردووە.
دووەم؛ چوونی رۆناڵدۆ بینەری خولی سعودی زیاددەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی میدیای دەرەوە گرنگییەکی زیاتر بە خولەکە بدات و رکابەریکردنیش لە خولەکەدا بەهێزتر دەکات.
سێیەم؛ چوونی رۆناڵدۆ وادەکات مافی پەخشی گواستنەوەی یارییەکانی خولەکە بەرزتر ببێت و خولەکە ماوەیەکی زیاتر وەک بەهێزترین خولی ئاسیا بمێنێتەوە، لەکاتێکدا ئێستا خولەکە بەهێزترین خولە لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا.
چوارەم؛ گرێبەستی رۆناڵدۆ دەرگا بۆ گواستنەوەی یاریزانی دیکە بۆ خولەکە دەکاتەوە و هەر یاریزانێک یانەیەکی سعودی داوای بکات، راستەوخۆ یاریزانەکە ئەوەی بیر دەکەوێتەوە کە رۆناڵدۆ لەو خولە یارییدەکات و ئەگەری رازیبوونی زیاتر دەبێت، هەرچەند پێشتر چەند یاریزانێکی بەنێوبانگ و گرانبەها پەیوەندییان بە یانەکانی خولەکەوە کردووە، بەڵام ئەمەی رۆناڵدۆ زۆر جیاواز و کاریگەرتر دەبێت.
پێنجەم؛ رۆناڵدۆ بە چوونی بۆ نەسر پارەیەکی زۆری دەستدەکەوێت و لەرووی ئابوورییەوە خزمەتێکی زۆری دۆن دەکات و هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ لە داهاتوودا بازرگانییەکەی بۆ وڵاتەکە بگوازێتەوە و دەرگا بەڕووی زۆر بازرگانی دیکەشدا دەکاتەوە کە لە وڵاتەکەدا بیر لە وەبەرهێنان بکەنەوە.
شەشەم؛ رۆناڵدۆ بە رۆیشتنی بۆ نەسر هۆکارێکی سەرەکی و پاڵنەرێکی بەهێزی سعودیە دەبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 و رێژەی گەشتیاریش لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە.