ئازاری كیژۆڵه‌ى هوانه، به‌رهه‌مى توندڕه‌وى ئاینیه
4 مانگ پێش ئێستا
عه‌دنان كۆچه‌ر
ئه‌وه‌ى له سلێمانى په‌لاماری كچه‌كه‌یاندا، له‌وانه‌یه له روخساردا له‌سه‌رسه‌ری و باندی تیك تۆكچی بچن و به چه‌قۆ و كێرد و ئامرازه‌كانى تری شه‌ڕكردن، كه پۆلیس بڵاویكردۆته‌وه وا ده‌ربكه‌وێت هه‌ندێك ده‌مڕوتى ئه‌و جیهانه گریمانه‌ییه‌ن، كه شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ كچ و ژن و جه‌سته و ئازادییه‌كه‌یان راگه‌یاندووه، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها ره‌هه‌ند و دیوه سه‌ره‌كیه‌كه‌ى نیه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى له‌پشت به‌رهه‌مهێنانى ئه‌و رق و بوغزاندن و یاخیبوونه‌یه، ئه‌و دیدگا توندڕه‌وه ئایینیه‌یه كه رۆژانه بانگخواز و میدیای دینى خه‌ڵكى بۆ راده‌هێنن و روخساره ئیسلامییه‌كانیش ئه‌و نه‌وه تازه‌یه ته‌یار ده‌كه‌ن به‌هه‌موو جۆره‌كانى ره‌تكردنه‌وه و رقلێبوونه‌وه، به‌جۆرێك نیوه‌یان نازانن ئه‌و رقه له كێیه و له پاى چییه؟
به‌و مانایه‌ى رقى به‌رهه‌مهێنراوى ئه‌و نه‌وه‌یه، پرۆسه‌یه‌ك نییه له یادگه و باوه‌ڕی ئه‌وان دروست بوبێت، به‌ڵكو خه‌ڵكانى تر بیریان بۆ ده‌كاته‌وه و بڕیاریان بۆ ده‌دات و فتواشیان له‌سه‌ر ساغده‌كاته‌وه. ره‌نگه له روخساردا ئه‌و هه‌ژموونه دینیه ئه‌گه‌ر به گوێره‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت، وا هه‌ست بكرێت كه پاشه‌كشه‌یان كردبێت، به‌ڵام راستیه‌كه‌ى پاشه‌كشه روینه‌داوه به ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى میكانیزمى سیاسه‌ت و هه‌ڵسوڕانى خۆیان گۆڕیووه، ئه‌گه‌ر جاران له‌چوارچێوه‌ى رێكخستنى سیاسی خۆیان رێكده‌خست، ئێستا خه‌ریكن له‌ناو ئۆپۆزسیۆن و میدیاى ئه‌هلی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان جێگاى خۆیان بكه‌نه‌وه و شوێن بگرن.
راستییه‌كه‌شی ئه‌و میكانیزمه تازه‌یه كاریگه‌رتره، چونكه چیتر حزب و میدیا و سۆشیال میدیاى ئیسلامی گوێ لێگیراونین، بۆیه باشترین رێگا خۆ دۆزینه‌وه‌یانه له‌ناو هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆن و سۆشیال میدیادا، به‌م رێگایه‌ش زۆرترین شوێنه‌وار له‌سه‌ر گه‌نجان جێده‌هێڵن.
راستیه‌كه‌شی نه‌وه‌ى تازه، كه به‌شه زۆره‌كه‌ی كاته‌كانی خۆیان له‌ناو جیهانی گریمانه‌ى سۆشیال میدیا و تۆڕى جاڵجاڵوكه‌یی نێت به‌سه‌رده‌به‌ن، تیك تۆك ده‌یانكاته نێچیریكى ئاسانى ئه‌و ئاراسته دینیه توندڕه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كى خۆڕسك له‌چوارچێوه‌ى یه‌ك بۆچوون كۆیانده‌كاته‌وه، دروستیش ئه‌وه‌ى دوێنێ روویدا هه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌و یه‌كخستنه‌یه، كه بانگخواز و توندڕه‌وه‌كانى تر ده‌ستیان به‌سه‌ر كۆنه‌ستى نه‌وه تازه‌كه‌دا گرتووه. له‌و پرۆسه‌یه‌ش سلێمانى به ئامانج گیراوه و ئه‌گه‌ر وورد و ووریا نه‌بین گه‌وره‌تر و كاریگه‌رتر ده‌بن.