سێکسفرۆش و ویژدانفرۆش
4 مانگ پێش ئێستا
حەمەسەعید حەسەن
ئەوی سێكس بفرۆشێت، بەستەزمانە زیاتر (قەحبە)ی پێ دەڵێن، بەڵام لە هەندێک ناوەنددا پێی دەگوترێت: هونەرمەند! بە تایبەتی لەو یانانەدا کە شەوان، هەم فشەگۆرانییان تێدا دەگوترێت، هەم سەمایان تێدا پێشکەش دەکرێت. سێکسفرۆش لە سەرەتای شەوەکەدا، لەڕێی سەماوە، جەستەی خۆی نمایش دەکات و کە درەنگ داهات، دەخزێتە ئامێزی سێکسکڕێکەوە.
سەماکار و سیاسەتمەدار فیلمێکی میسرییە، چیرۆکەکەی ئیحسان عەبدولقوددووس نووسیویەتی، سەمیر سەیف کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و نەبیلە عوبێد و سەلاح قابیل، ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن، یەکەمیان سەماکارەکە و دووەمیان سیاسەتمەدارەکە. ئەوی ڕۆڵی سیاسەتمەدار وازی دەکات، هێندە گەندەڵکارە، تەنانەت هەقی سەماکاریش دەخوات. سەماکار لە ترسی ئەوەی نەک کە مرد، کەس دوای تەرمەکەی نەکەوێت، بەو سامانەی بە سەما و سێکفرۆشتن پەیدای کردووە، بڕیار دەدات خانەیەک بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشتیار ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام کە دەزانن سەرچاوەی داهاتەکەی پاکژ نییە، مۆڵەتی پێ نادەن. سێکسفرۆش بۆ ئەوەی ئیشەکەی بۆ ڕایی بکرێت، ناچار دەبێت هانا بۆ سیاسەتمەداری ویژدانفرۆش ببات.
ئەم ڕاوەڕێوییەم بۆ ئەوە هێنایەوە، بڵێم: خێر بە پارەی حەرام ناکرێت، وەک پەرلەمانتارەکانی کۆمەڵی دادگەری گوایە دەیکەن. تۆ کە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان بە نارشەرعی دەزانیت، تۆ کە ناچیتە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، تۆ کە وەک پەرلەمانتارێک، ئەرکی سەرشانی خۆت جێبەجێ ناکەیت و بایکۆتی پەرلەمانت کردووە، ئەو مووچەیەی وەری دەگریت حەرامە، خێر لە پارەی حەرام ناکرێت. کە پەرلەمانتارەکانی عەلی باپیر گوتیان: مووچەکانمان دەکەین بە خێر، ئەو جۆکەم بیر کەوتەوە کە دەڵێت: "قەحبەیەک لەو پارەیەی بە شەو، بە فرۆشتنی سێکس پەیدای دەکرد، بە ڕۆژ مافووری بۆ مزگەوت لێ دەکڕی!"