پۆپۆلیزمو میدیا، میدیاو کەرامەتی تاک، لایکو کۆمێنتو ڤیوو!!
4 مانگ پێش ئێستا
هاوکار عزەت میکە
بەداخەوە لەئێستادا، لەدوای جیهانگەراییو لەسەردەمی تەکنەلۆژیای بەردەوام گەشەسەندودا، لەنێو بەشێک لەسۆشیال میدیاکانی کوردستاندا جۆرە نەریتێک بوەتە خۆرەی ئارامی کۆمەڵگەو یاری بەکەسێتی تاکو کۆمەڵگە دەکات، گاڵتە بەیاساو ڕێساو بنەماکانی کاری میدیا دەکات، یاری بەسۆزو عەتفی تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگەیە دەکاتو خەریکە وای لێدەکات هیچ بەهایەک گرنگ نەمێنێت، کە بەداخەوە تاڕادەیەکی زۆر وای لێهاتوە.
ئێستا دۆخەکە بەجۆرێکە هەموکەس بوەتە پۆپۆلیست، لەسیاسیەوە بیگرە تا سەرمایەدارو دواتر بۆ خەڵکی گشتیو پاشان بۆ بەشێک لەمیدیاکان، ئێستا پۆپۆلیزمی بەشێک لەمیدیاو پەیجەوانەکان دەستی خستۆتە بینەقاقای بەهاکانی کۆمەڵگەوە، دەستی خستۆتە کەیسەکانی دادگاوە، دەستی خستۆتە ڕێڕەوی پەڕاوەکانی پۆلیسەوەو هەندێکجار پێش پۆلیسیش کەوتوە لەشیکردنەوەی ڕوداوەکاندا، دەستی خستۆتە یاساو ڕێسا جیهانییەکانو جاڕنامەی مافی مرۆڤ پێشێلدەکات، ئێستا بەشێک لەمیدیاکان پشێبڕکێیانە بۆ ئەوەی کامیان زیاتر دەتوانێت خەڵک بخاتە گریانو لایکو کۆمێنتی زیاتر کۆبکاتەوە، میدیا هەیە سزای کارمەندەکەی دەدات لەبەرئەوەی نەیتوانیوە وەک مایک بەدەستێکی تر مامە حاجیەک یان دایکێکی بەتەمەن بخاتە گریانو پەیجەکەی ئەکتیڤ بکات، ئیدی بەشکاندنی کەرامەتی منداڵێک یان پیرەژنو مامە حاجیەک بێت هیچ گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە خۆیان وتەنی زۆرترین لایکو کۆمێنت کۆبکەنەوە.
بەداخەوە کە ڕۆژ بەڕۆژ ئەم گۆڕەپانە زیاتر بەرفراوان دەبێتو ئێستا کۆمەڵگە وای لێهاتوە ئەگەر میدیایەک بەو نەفەسە کارنەکات، پێیانوایە هەڵەکە لەمەو نوقسانییەکى هەیە.
کێشەی گەورەی بەشێک لەمیدیاو پەیجو بەناو ڕۆژنامەنوسەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە کەوتونەتە دواو داوی هەوەسو ئارەزویەکەوە کە هیچکات ڕەوانییە، ئەویش گەورەبونی خۆتە لەسەر ژیانو گیانو کەرامەتی تاکەکانی کۆمەڵگە.
بەداخەوە یاساو دەزگا پەیوەندیدارەکانو لایەنە پەیوەستەکان بەبابەتەکە لەوەزارەتە پەیوەندیدارەکانو سەندیکاو ڕێکخراوەکان لەلاوازی خۆیان بێت یان بەمەبەست بێت بێدەنگییان لێکردوەو گوێی خۆیان لەشکاندنی شکۆی مرۆڤەکانی ئەم نیشتمانە خەواندوە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هیچکات ئیشی سەرەکی میدیا نییەو نابێت بهێڵین ئەمجۆرە لەکارکردن بەردەوامبێت.
ناکرێت تۆ فەلسەفەی شارەزاییو ئیتیکو ئەکادیمیبون لێبدەیتو ئەمەش شێوازی کاری میدیاکەت بێت.