میدیا وەك شوێنی دڕندەكان
4 مانگ پێش ئێستا
بەختیار عەلی
*زۆرجار ئەو بێگوناھەی جەلادەكان ناتوانن پەتی بكەنە گەردن، ڕۆژنامەنوسەكان دەتوانن. ئەمە مۆراڵی كوشندەی ناو میدیایە كە بێئەوەی وێنەی ڕاستەقینەی شتەكان ببینێت، لە ڕێگای داڕشتن و ڕستەسازییەكی ژەھراوییەوە چارەنوسی مرۆڤێك و ئابڕوی دەكاتە ئامانج.
*ھەڵبەت ترسی من لە میدیا زۆر لە ترسی بەرپرسە كوردەكانەوە دوورە، كە لە ڕاستیدا خۆیان بەڕێوەبەری بەشێكی ئەو میدیا كوشندانەن كە وێنەیەكی نادروستمان دەربارەی دونیا بۆ دەگوازنەوە، نوسینەكەم بانگەوازێكە بۆ ھەموو ڕۆژنامەنووسێكی گەنج و ھەموو كەسێك كە لە میدیای ئازاددا ئیشدەكات، بزانێت كە ھەڵەكردن لە میدیادا كاراكتەری ڕۆژنامەنوس نزیكدەكاتەوە لە كاراكتەری جەلاد.
*میدیا دەشێت كەرەستەیەكی ترسناكی درۆكردن و سەحنەیەكی وەحشەتناكی شێواندنی مرۆڤ بێت... میدیاكاری ڕاستەقینە دەبێت كەسێك بێت ھەستی ئینسانی خۆی نەدۆڕێنێت، ئاگاداری ئەوە بێت چەكێكی كوشندەی بەدەستەوەیە، ئاگاداری ئەوە بێت چۆن نابێت ویژدانی خۆی بە دەسەڵات و حاكمان بفرۆشێت، نابێت ویژدانی خۆشی بە خوێنەری سەتحی و بینەران و خواستی بازاڕ و مەیلی پۆپۆلیستی بفرۆشێت. میدیا دواجار كەرەستەیەكی كۆمۆنیكاتسیۆنە كە نابێت واقیعێكی ئەلتەرناتیڤ لەسەر حیسابی واقیعی ڕاستەقینە دروستبكات... نابێت جیھانێكی دەستكرد لەسەر حیسابی جیھانی واقیعی دابڕێژێت. دەبێت بزانێت ھەموو بابەتێك لە میدیادا ھەڵگری بارگەیەكی ئایدۆلۆژییە... بزانێت میدیا ھیچ كات شوێنێكی بێ گوناھ نییە كە تەنیا كاری گەیاندنی ڕاستی ساف و بێگەرد بووە. ھەموو وشەیەك لە تۆڕەكانی میدیادا، نیشانەیەكی ئایدۆلۆژییە و سەر بە سیستمێكی وێناكردن و تێگەیشتنە، كە ھەمیشە بڕێك لە ڕاستی دەشكێنێت و دەیچەپێنێت.
ئاوڕەكەی ئۆرفیۆس- بەختیار عەلی
وتاری "میدیا وەك شوێنی دڕندەكان"