تەکنۆلۆجیا هۆکارێکی یارمەتیدەرە یان خۆی ئامانجە؟

2 مانگ پێش ئێستا

خدر مستەفا سەعید
سەرپەرشتیاری زانستی
لەو کاتەوەی یەکەم مەکتەب بنیاتنراوە مامۆستاو تەلەبە بونیان هەیە، دیارە پێش مەکتەبیش حوجرەی مزگەوتەکان بەو کارە هەستاون ولە جێگای مەکتەبی ئێستا خەڵکیان هەم فێری خوێندەواری کردووەو هەم زانیاریشیان پێداون ئەمە بێجگە لەوەی کە ئامانجی پەروەردەیی تریان هەبووە جا ئیتر دینی بێت یان کۆمەڵایەتی واتە سەرباری زانست و زانیاری فێری شتی تریشیان کردوون. پێش ئەمانیش تەنانەت لە پێش مێژوشدا مامۆستایەتی تەلەبایەتی هەر هەبووە ئەفلاتۆن و ئەرستۆ تالیس کە بە مامۆستای یەکەم (المعلم الاول) ناسراوەهەبوون وپێش ئەوانیش هی تریش هەبوون،
قسەم لەسەر مێژوی مامۆستایەتی نیە بەڵکو لەسەر کاری مامۆستایی قسەئەکەم،
ئەم مامۆستایانە مامۆستایانەو چۆن توانیویانە وانە بڵێنەوەو چۆن چۆنی توانیویانە ئامانجی وانەکە بپێکێن؟. دیارە مامۆستایان لە شێوازی وانەوتنەوەدا جیاواز بوون و شێوازو ڕێگەی جۆراوجۆریشیان بەکار هێناوەو جۆراوجۆریان بەکارهێناوەو توانیویشیانە لە ژینگەکەی خۆشیان هۆکاری ڕونکردنەوەیی وا دابهێنن و دروستبکەن کە یارمەتیدەریان بێت لە وانە وتنەوەداو کاریان بۆ خۆشیان و بۆ تەلەبەیش ئاسانکردووە.
لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاو پیشەسازیشەوە ئامێری ئەلەکترۆنی زۆر پێشکەوتوو (کۆمپیوتەرو مۆبایل و داتا شۆو شتی تریش) و پێگە ئەلەکترۆنیەکانیش پەیدابوون کە دەتوانن یارمەتیدەرێکی چاکی مامۆستا بن لە وانە وتنەوەداو کارێک بکەن ئاسانتر و زوتر بگەن بە ئامانجی وانەکەیان. ئەوەی پێویستە (سەرپارشتیاران و بەڕێوەبەران و مامۆستایانی) بەڕێز بیزانن ئەوەیە کەوا ئەم ئامێرانە یارمەتیدەری کاری مامۆستایاییەو مامۆستا دەتوانێت لە ڕێگەیانەوە ئەو شتانە بگەیەنێتە تەلەبە کە ناتوانێ لەڕێگەی دەست و دەم و جەستەیەوە بیگەیەنێتە تەلەبە، ئێمە ئەزانین هەندێک وانە پێویستی بە داتا شۆ نیە و داتا شۆش لە هەموو مەکتەبەکاندا بوونی نیە ئەمە بێجگە لەوەی هەندێک مەکتەب لە شوێنی زۆر دورە دەستن تەنانەت کارەباشیان نیە لە کاتی دەوامدا ئیتر چۆن تەکنۆلۆجیای نوێ بەکار بهێنن، هەرچەند پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا کارێکی کردووە مامۆستا بتوانێت مۆبایلەکانی دەستی بگۆڕێت بۆ داتاشۆ، ئەوەی جێگەی مەترسیە خەریکە بەکارهێنانی ئامێرەکان بۆخۆی دەبێتە ئامانج وجێی مامۆستا دەگرنەوە نەک وەک هۆیەکی ڕونکردنەوە ی یارمەتیدەر سەیریان بکرێت، خەریکە وای لێدێت مامۆستا لە پۆلدا دادەنیشێت و لە ڕێی ماوسەوە پرسیارێکی حسابی شیکاردەکات یان بابەتێکی زانستی دەڵێتەوە و(هەندێک جاریش سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەران لۆمەی مامۆستا دەکەن کە بۆچی لە وانەیەک لە وانەکانیا یان لە چەند وانەیەکدا داتاشۆی بەکار نەهێناوە کە لەوانەیە لە بنەڕەتدا ئەو وانەیە پێویستی پێی نەبێت )،خەریکە بیرماندەچێتەوە کە تەکنۆلۆجیاو ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان و پێگە ئەلەکترۆنیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هۆکاری یارمەتیدەرن(وەسیلەن) نەک ئامانج .خەریکە هەموو کارامەییەکانی مامۆستا لەبەکارهێنانی کۆمپیوتەرو داتاشۆدا چڕدەکەینەوە و تەباشیر و تەختەڕەش یان ماجیکی ڕەنگاوڕەنگ و وایت بۆرد لەبیر مامۆستا دەبەینەوە.