شــێفـە سایکۆییەکــە!
2 مانگ پێش ئێستا
تکـایە؛ بە سکـی برسی و گەدەی خاڵییەوە تەماشای ئەم فیلمە مەکە...
The Menu - 2022 Horror / Thriller
(شــێفـە سایکۆییەکــە)!
بەھۆکاری ئەوەی ئەم جۆرە فیلمە، لەو تایپە فیلمانەیە کە ڕەنگە پێویست نەکات شیکاری و شیکردنەوە ورد و چڕ بۆ پڵۆتـی فیلمەکەی بکرێت، ھەربۆیە وا باشترێکە بینەران خۆیان تەماشاکاری ڕاستەوخۆی بن، بەڵام وەک ڕای خۆم لە پاش تەماشاکردنی فیلمەکە ئارەزوو دەکەم بە چەند خاڵێك ڕاز و ڕەمز و لایەنە ڕواڵەتیەکانی نێو فیلمەکە بخەمەڕوو:-
یەکەم؛ سەرەتا و دەستپێکی ئەم فیلمە بریتیە؛ لە سەردانیکردنی ژن و مێردێکی لاو و کەشخە بۆ ڕێستورانتێکی زۆر کەشخە و ڕاقی و دوورەدەست کە دەکەوێتە سنور و دوورگەیەکی دوورەوە، پاشان وەک دەوترێت؛ شێفێکـی زۆر بەناوبانگ و ناسراو سەرپەرشتی ئەو ئەو جێگە ناوازە و دەگمەنە دەکات ئەمانیش ھەم لە پێناو تێستی ژەمەخواردنێکی نوێدا و ھەمیش بەسەربردنی کەشێکی خۆشی ژنومێردانە بڕیاردەدەن بڕۆن و ئەو کەشە ناوازەیە تاقیبکەنەوە. ھەربۆیە ھەر بەساتی چوونیان بەرەو ئەو جێگەیە بەزوویی تێکەڵ بە (دە) خێزانی تریش دەبن کە ئەوانیش ملی ھەمان ڕێگەیان گرتۆتەبەر، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە سەرجەم خێزانەکان سەر بە چینی ھەرە خێزانە ساماندارەکانی دونیان. واتا؛ ئەوانەی ئامادەن بۆ ژەمەخواردنێک سنووری وڵاتێک و دوانیش ببڕن.
دووەم؛ بە پڵۆتی ئەم فیلمە و ھەردوو فیلمەکەکەی Triangle of Sadness و Glass Onion: A Knives Out Mystery دەبێتە؛ سێھەم فیلم کە لەم ماوەیەدا بەرھەمھاتبێت و ھەرسێکیان بە نزیکەیی لە چوارچێوەی یەک پلۆتدا وەستابێتنەوە بەتایبەت خستنەڕووی حەقیقەتی ژیان گوزەردانی بەشێک لە کەسان و خەڵکانی دەوڵەمەند و پارەدارەکانـی جیھان، بەڵام ھاوشێوەی ھێرشکردن و توانج و پلارێێکی زۆر توودوتیژانە لە مەڕ ژیانکردنی تایبەتی خانەوادە سەرمایەدارەکانی جیھان کە لە شوێنە گەشتیاری و ڕێستورانتەکاندا دەچنەوە سەر پلێتی خۆیان ئەوەیش بە ھۆی ئەنجام نەدانی مامەڵەیەکی دروست، ھەروەھا لەگەڵیدا غرور نواندن و مامەڵەیەکی سەرپێیانە و ڕاگوزەرانە لەگەڵ دەوروبەردا بە تایبەت لە ساتی سەفەر و گەشتکردن و سەردانیکردنی خواردنگەکان و پاشانیش رەفتار نامۆییان لە بەرانبەر خاوەن چێشتخانە و شێف و شاگرد و خزمەتکارەکان بەجۆرێک وەک ئەوەی ھەموو ئەوانە بۆ خزمەتی ئەمان خوڵقابێتن! ئەمانیش تەنھا لە پێناو ژەمەخواردێکی زۆر ئاساییدا کە جگە لەوەی ئامادەن ھەزاران دۆلار مەسرەف بکەن تەنانەت بێئەوەی چێژێکی ڕاستەقینە لە تامی خواردنەکانیش وەربگرن.
سێھەم؛ دیمەنی ئەم فیلمە لە سەرەتادا بریتیە؛ لە نیشاندان و ناساندن و پێشکەشکردنی راقیترین و کەشخەترین و ڕازاوەترین ژەمە خواردنی دونیا، بە جۆرێک بینەر ناتوانێت؛ بە سکی برسی و گەدەی خاڵییەوە خۆی لە بەردەم شێواز و جوان ڕازوەیی خواردن و ئامادەکارییەکانیدا بگرێت. ھەربۆیە میوانان و ئامادەبوان یەکسەر شۆک دەبن.
چوارەم؛ ئەم فیلمە سەرەڕای ئەو دەستپێکە جوانەی لە کەشوموودی نەرمونیانی و خۆشی و بە چێژی خواردنەکان و ڕازاوەیی لە خواردنەکاندا، لە ناکاو پەل دەھاوێت بۆ ناو دۆخێکی چاوەڕوان نەکراوی زۆر توند و شۆکھێنەرانە!! بەجۆرێک ھەموو ئامادەبووان دەخاتە دۆخێکی ڕاڕایی و قەلەقی و دەرکەوتنی تارمای مەرگ لەسەر ڕووخسارییان، واتا؛ بەرەو کەشێکی ھەستبزوێنی ترسناکی درامی و سایکۆیی، چونکە ئیدی بە شێفێکی سایکۆیی رەفتارنامۆی ترسناک ئاشنا دەبن.
پێنجەم؛ ھەمیشە ئەم جۆرە فیلمانەی کە لە یەک لۆکەیشن و یەک جێگەدا وێنەی لێدەگیرێت بێگومان دەبێت دەرھێنەر لە سەرەتادا پشت بە دوو رەگەزی سەرەکی فیلم ببەستێت؛ یەکەم، دیالۆگـی کاریگەر، دووەم بەھێزی ڕۆڵی نواندنکارەکان. گەرچی زۆرجار لەم کارانەدا ھێندەی ئامادەگی ڕوداوی چاوەڕوان نەکرا و شۆکھێنەرانە بۆ بینەران گرنگن و ڕۆڵ دەبینن، ھێندە سیناریۆ ڕۆڵ ناگێرێت، چونکە ئەم فیلمە لەو دووخاڵەدا زۆر سەرکەوتوو بووە؛ واتا؛دیالۆگ و نواندکار.
لە کۆتیاییدا دەگونجێت فیلمی (زە مێنیو - لیستەکە - لیستی خواردنەکان - لیستی ژەمە خواردنەکــان)، بەژەمە خوانێک و خواردنێکـ وەسفبکرێت کە لە سەر ئاگر و گڕێکـی ھێواش و کزی سەر تەباخێک دانرابێت، بەڵام بە لەمس و تەچەێکی بکوژانەوە. یاخود بە ژەمەخواردنێکی بەچێژ و بە لەمسێکی خوێناوی و تێکەڵ بە کۆمیدیای ڕەشەوە، دواتریش ھاوشان بە نمایشکردنی کۆمەڵێک دیمەنی نەکردەی ھاوشێوەی نمایشێکی ترسناک لە سەر تەختی ستەیج و شانۆیەک کە نواندکاری وەک شێف و شاگردەکان و بە ئامادەکردنی ناوازەترین خواردن بۆ میوانەکان پێشکەش بکرێت، بەڵام بە ھەنگاو نان بەرەو دۆزەخێکی ترسناک کە بینەران و میوانەکان بە ھۆیەوە گیانیان مێروولە بکات و تەزوویەکی گرژ و ھەیەجانی لە ناکاو بە نێو دەمارەکانی لەشیاندا گوزەر بکات و لە ھۆش خۆیان بچن.
شـادمان محەمەد