ماسۆنی و ئیخوان

3 مانگ پێش ئێستا

حەمەسەعید حەسەن
(11)
(سەیید قوتب)ی ئایدیۆلۆجیستی ئیخوان، لە گوتاری: (بۆچی بووم بە ماسۆنی)دا کە ٢٣ی نیسانی ١٩٤٣دا لە (التاج المصري)ی ئۆرگانی ماسۆنییەکاندا بڵاو بووەتەوە، دەڵێت:
(بۆیە بووم بە ماسۆنی چونکە هەستم کرد، ماسۆنی هەتوانی برینی مرۆڤایەتییە. بۆیە لە دەرگەی ماسۆنیم دا، تا ڕۆحی برسیم بۆ حیکمەت، تێر خۆراک بکەم. بۆیە بووم بە ماسۆنی، تا تیشکی مەشخەڵەکەی ڕێی تاریکی ژیانم بۆ ڕۆشن بکاتەوە. بەرلەوەی ببم بە ماسۆنی، خۆم ماسۆنی بووم، بەڵام پێویستم بەوەبوو ماسۆنیبوونی خۆم زاخاو بدەمەوە و جۆشی بدەم. بۆیە ئەو ڕێگە ڕاستەم هەڵبژارد، تا لەبەر دەستی بیناسازە ئازادەکاندا پەروەردە بکرێم و ڕابهێنرێم.
ماسۆنی کەسێک نییە بە ڕێوڕەسمی بە ئەندامبووندا ڕەتبووبێت و بەس، کەسێکە بە هێوری و بەبێ ژاوەژاو کار بکات، کەسێکە بە یەکسانی و بە هەمان چاو، سەرنجی هەمووان بدات و دەرگەی دڵی بۆ گەورە و بچووک کراوە بێت. ماسۆنی کەسێکە چاکە لە پێناوی چاکەدا دەکات، بە ئومێدی هیچ دەستکەوتێک نییە و هەر ئەرکی سەر شانی ڕادەپەڕێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ مافێکی بوێت.
ماسۆنی هەموو ئایینەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، دژی کاولکارییە، فەرهەنگەکەی جێی دەمارگیریی تێدا نابێتەوە و نزایەکە خەڵکەکە لەوپەڕی خۆرهەڵاتەوە، تا ئەوپەڕی خۆرئاوا هۆگری یەکتری دەکات. ماسۆنی تاقە جێگەیەکە، بە چاوپۆشین لە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان، هەمووان دەتوانن دەست لەنێو دەستی یەکتر بنێن و تێیدا وەک برا پێکەوە بژین. ماسۆنی لەسەر بناغەی سێپای ئازادی و برایەتی و یەکسانی ڕۆ نراوە و باڵاترین پرەنسیپ و باوەڕ و ئامانجە.
ماسۆنی باوەڕێک نییە و هیچی تر، پیاوەتییە، مرۆڤایەتییە، ئینسان بۆ کاری چاکە هان دەدات، تەنیا بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی و هیچی تر. ماسۆنی ڕۆحێکی بەرز و پاکژە، ئینسان لەسەروو شتە بچووکەکانەوە ڕادەگرێت و لە خڵتە پاکی دەکاتەوە. ماسۆنی بۆ کەسانێک کە لەدووی شکۆ وێڵن، نموونەی باڵایە. ماسۆنی چاکەکارییەکە هەڵگری باڵاترین مانا و پاکترین مەبەست و جوانترین باوەڕە.)
*
ڕەنگە کەس هێندە ساویلکانە بە ماسۆنی سەرسام نەبووبێت و هێندە بە زێدەڕۆیییەوە قسەی لەسەر نەکردبێت. ئەحمەد زەکی ئەبوو شادیی شاعیر کە ماسۆنی بووە، کە دوو کتێبی لەبارەی ماسۆنییەوە نووسیوە، وەها ستایشی بزاڤەکەی نەکردووە. ماسۆنی ڕێکخستنێکی جیهانگرەوە، نائینسانی، پیاوسالار، نهێنی، ڕووخێنەر، تینووی خوێن، تیرۆریست و تەمومژاوییە، هەوڵی بۆ ئەوەیە، لەڕێی دروشمی بریقەداری فریودەرانەوە، دونیا بخاتە بن هەژموونی خۆیەوە.
درێژەی هەیە