یەکەم بکوژ و یەکەم کوشتن..
4 مانگ پێش ئێستا
بۆچی ئەقڵی ئێمە وا دیزاینکراوە کە بکوژین؟
میران ح. سەعید
لە قوڵایی ئەقڵی بکوژەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە لۆژیکێکی بنەڕەتی هەیە بۆ کوشتن. دڕندانەیە، بەڵام ئەقڵانی و لۆژیکییە. وە ئەمە نەک تەنها جێگەی خۆی لە ئەقڵی ئەوانەدا خۆشکردووە کە بە فعلی بکوژن، بەڵکو لە دیزاینی ئەقڵی هەمووماندا بوونی هەیە. بیربکەوە، هەریەک لەئێمە بۆ تەنها جارێکیشبێت خەیاڵی ئەوەمان کردووە کە کەسێک بکوژین، ئەم فانتازیایانەش لە دۆڕاوییەوە دروسەبن بە مەعنا دەروونناسییە پەرەسەندنەکیەکەی...
کوشتن- بە تایبەتی ئەو جۆرە کوشتنانەی کە زۆر باون- سوودێکی هێجگار زۆری پێشکەش بە باوانی سەرەتاییمان کردووە لە کێبڕکێی مانەوە و زاوزێدا (ئەویش بەو تێگەشتنەی کە براوە تەنها ئەوانە نین کە دەمێننەوە، بە مەعنا پەرەسەندنەکەی، بەڵکو ئەوانەشن کە بە سەرکەوتووانە وەچە دەخەنەوە بۆ مانەوەی جیناتیان لە نەوەکانی داهاتوودا). ڕەنگە سەیر بێت باس لە کوشتن بکرێت وەک میکانیزمێکی گونجاو (adaptive mechanism)، یان کوشتن وەک کردەیەکی سوودبەخش، بەڵام لە ڕاستیدا سوودەکانی کوشتن، بە مانایەکی پەرەسەندن، ئەوەندە جەوهەرییە کە نهێنیەکە نابێ ئەو پرسیارەبێت کە بۆچی کوشتن ئەوەندە باو بووە بەسەر مێژووی پەرەسەندنەکەماندا، بەڵکو... بۆچی کوشتن زیاتر باو نەبووە ؟!!
لەڕوانگەی دەروونناسی پەرەسەندنەوە ژیان پڕۆسەیەکی ڕاکابەرایەتی و بەربەرەکانێی بەردەوامە لەگەڵ تاکەکانی ڕەگەزی خۆتدا، بۆ بەدەستهێنان و قایلکردنی ڕەگەزی بەرامبەر بەمەبەستی جووتبوون و بەرهەمهێنانەوەی جیناتی خۆتان.. دوو ستراتیژی بنەڕەتی هەیە کە دەتوانیت پەیڕەوی لێبکەیت لەکاتی کێبڕکێکردن لەگەڵ ئەندامانی ڕەگەزی خۆت؛ یان دەتوانیت سەرنجی خۆت زیاد بکەیت بە بەدەستهێنان یان پیشاندانی گونجاوەهێماکان (fitness indicators)، یانیش دەتوانیت ڕکابەرەکانت کەمتر خواستراو بکەیت و زەڕبەیان لێبدەیت، یانیش بیان کوژیت...
لە سەردەمە بەراییەکاندا کۆمەڵە و هۆزی بچووک بچووک هەبوون، ئەم کۆمەڵانە لە هێرشی بەردەوامدابوون بۆ کۆمەڵەکانیتر، بەمەبەستی بەدەستهێنانی سەرچاوەی زیاتری مانەوە و سێکسی.. هەر ئەم میکانیزمە ئەقڵەیە لەپڕۆسەیەکی دوورودرێژی پەرەسەندندا لە باوانەوە بۆمان ماوەتەوە و لەسەردەمی مۆدێرندا باڵاتربووە بۆ جەنگی وڵاتان. هەر لەم ڕێگەشەوە دەتوانین ئەوە ڕوونبکەینەوە کەبۆچی کاتێک وڵاتێک ئەویتر داگیرەکات، هەموو نێرەکان دەکوژرێن و مێینەکان دەهێڵنەوە؟! ...
لە زۆرێک لە ئەفسانە و ئاینەکاندا باسی یەکەم کوشتن کراوە، ئەویش چیرۆکی دوو کوڕەکەی ئادەم و حەوایە (کەین و ئەیبڵ).. لە ئینجیلدا ئاماژە بە پێنج نەوەی ئادەم و حەوا دراوە، ٣ کوڕ (کەین، ئەیبڵ، سێز) و ٢ کچ (لولووا، ئەکیلا).. بەپێی ئەفسانەکان لولووا کچێکی جوان و سەرنجڕاکێشترە بەراورد بە ئەکیلا (بیرمانبێت لە دەرووناسی پەرەسەند کاریگەرترین گونجاوەهێما بۆ مێینە ڕوخساری جوانە). خوا وا بڕیاردەدات لولووا بۆ ئەیبڵ بێت و ئەکیلاش بۆ کەین..
لەم بڕیارەی خوداوە ئیتر کەین ڕق و حەسوودی بەرامبەر ئەیبڵ دەیگرێت و خەیاڵی ئەوە دەکات کە هەموو ئەوەی پێویستە بیکات کوشتنی ئەو تاکە نێرە ڕکابەرەیە لە دنیادا کە برای خۆیەتی بۆ بەدەستهێنانی لولووا، ئیتر ئەوەیە کەین، ئەیبڵ دەکوژێت.. واتە کوشتنەکە بەهۆی بەدەستهێنانی ڕەگەزی بەرامبەر بووە بۆ مانەوە...
لێرەشەوە بەپێی ئەفسانە ئاینیەکان هۆکاری بوونی کوشتن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جیناتی کەین و میکانیزمی ئەقڵی ئەو بەدرێژایی پڕۆسەی پەرەسەندن بۆ ئێستای مۆدێرن ماوەتەوە.. دواجار وەک شکسپیر دەڵێ؛ (گوناهێک دەزانم، کە گوناهێکیتر دەوروژێنێت؛ شەهوەت و کوشتن وەک بڵێسەی ئاگر و دوکەڵ لەیەکەوە نزیکن.) ..