پەروەردە لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێدەكات

2 مانگ پێش ئێستا

د. پەروەین نوری عارف
دایكان و باوكان ، وادەی پەروەردەیان بەسەرچووە!!
كە باوكێك بوتڵی ئاوەكەی لە ئوتومبیلەكەوە فڕیدەدات، منداڵ چاوی لێدەكات. كە دایك لە بەردەمی منداڵەكانی درۆ دەكات، درۆكردن ئاسایی دەبێت.

پەروەردە ، ئەركی خێزانە ، پێش خوێندنگە، بە مامۆستاكە مەڵێ: (گۆشتەكەی بۆ تۆ و ئێسقانەكەی بۆ من) ئەوە راستە منداڵی تۆیە، بەڵام تاكێكە بۆ خۆی وە تۆ دەبێت رێزی لێبگریت، نەك دەستی مامۆستا واڵا بكەیت دەستو قاچی بشكێنێت.

ئەو منداڵە عەریزەی نەداوە بەتۆ بیهێنیتە ئەم دونیا جەنجاڵەوە و لە تەمەنی 8 ساڵیدا ئاوی پێبفرۆشیت.
ئیدی بەسە، قوڕكردن بەسەر مناڵاندا لە تەمەنێكدا كە پێویستیان بە دایك و باوكە ئاگاداریان بن، نەك داركاریانبكەن كە فرۆشی ئاو، كلینێكس و بنێشتیان كەمبێت.

ترس و تۆقاندن مناڵدەكات بە بوونەوەرێكی رۆحترساو:
 كەباوكت هاتەوە خۆم ئەزانم چیپێدەڵێم!!
ئەبێت بێم بتتەزێنم!! 
چاوت دەردەهێنم!!
رۆژانەكەت دەبڕم!!
تەمبەڵ تۆ بۆچی باشیت!!
ئەمە هەندێك لەو رستانەیە كە دەروونی منداڵان بریندار دەكات.

منداڵ دەبێت منداڵی خۆی ببینێت و ئەزموونی بكات  نەك لێی حەرام بكرێت و بكرێت بەگەورەیەكی منداڵیدزراو .
با ساڵی 2023 بكەین بە ساڵی تێگەیشتن لە منداڵان و باشكردنی ژیانیان. ساڵی رێزگرتن لە منداڵی منداڵان. ساڵی تێگەیشتن لەوەی هەر منداڵێك تاكێكەو بە (جملە) سەیری منداڵان نەكەین. ساڵێك پڕبێت لە جوانی بۆ منداڵان.