بۆ لە یەک دوورین؟ چی کۆمان بکاتەوە؟

4 مانگ پێش ئێستا

هەرچی سەیری ژینگە سیاسییەکە و بارودۆخە سیاسییەکەمان دەکەین، ئەوەندەی ترس لە زیاتربوون و قووڵبوونەوەی ئەو لێکترازان و دوورکەوتنەوە هەیە، ئەوەندە ئومێد بۆ سازان و کۆبوونەوە نییە. ئەگەرچی چاودێران و راڤەکاران هۆکارگەلێک باس دەکەن کە ئەم حاڵەتەی خولقاندووە، بەڵام من لە رەهدنێکی دیكەوە لێی دەدوێم، کە وابەستەیە بە سروشتی مرۆڤ و مرۆڤبوونییەوە. ئەمە چۆن؟
مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە لەسەر زەوی کە لەسەر خەیاڵ و چیرۆک کۆ دەبێتەوە، جیاواز لە مێروو و باڵندە و ئاژەڵان، کە لەسەر شتی بەرجەستە کۆ دەبنەوە. یۆڤاڵ نوح هەراری، فەیلەسووفی سەردەم و مامۆستا لە زانکۆی ئۆرشەلیم، دەڵێت: "هەرگیز نابینیت ژمارەیەک مەیموون لەسەر چیرۆکێک کۆ ببنەوە، بەڵام دەتوانیت لەسەر داری مۆزێک چەندین مەیموون کۆ بکەیتەوە و پەلاماری مۆزەکە بدەن،بەڵام ملیۆنان مرۆڤ لەسەر چیرۆکێک کۆ دەبنەوە ."
ئاژەڵان بەدوای شتی بەرجەستەدا دەڕۆن و کۆ دەبنەوە، بۆ ئەوەی بژین. مێروولەیەک نابینیت زۆر جار لە ماڵەکەتدا و ناتوانیت بە هیچ شتێک ژمارەیەکیان کۆ بکەیتەوە، تا هەندێک شیرینی، یان خواردن دادەنێی، ئەوەندە دەزانیت شارەمێروولە لە ماڵەکەت دروست دەبێت. کەواتە ئاژەڵان هەرگیز لەسەر چیرۆک کۆ نابنەوە، بەڵکوو لەسەر خواردن و ئەو شتانەی کە ژیانیان بەردەوام دەکات و لەپێناو مانەوەدا کۆ دەبنەوە، بەڵام دەتوانیت ملیۆنان مرۆڤ لەسەر خەیاڵێک، یان چیرۆکێک، یان دیدێکی هاوبەش کۆ بکەیتەوە، ملیۆنان مرۆڤیش رەنگە خۆیان کردبێت بە قوربانیی ئایدیا و چیرۆکێک، کە لەسەریاندا کۆ بووەتەوە و باوەڕیان پێی بووە، تەنانەت بە لەدەستدانی ژیانی خۆیشیان بووبێت.
ئەمە نهێنیی کۆبوونەوەی مرۆڤە.
ئەگەر نموونەی ئەم چیرۆکانە باس بکەین، ئایینەکان چیرۆکن بۆ مرۆڤ، مرۆگەلیش بە خەیاڵ وێنای ئەو چیرۆکانە دەکەن، هەموو ئەفسانەکان چیرۆکن. هەیانە هەزاران هەزار ساڵە روویان داوە، رەنگە رووشیان نەدابێت و وانەبێت کە دەگێڕدرێتەوە، یان گۆڕداربێت و شتی دیكەی بۆ زیاد کرابێت، بەڵام ملیۆنان خەڵک باوەڕیان پێیەتی و لەسەری کۆبووەتەوە.
بۆیە بۆ کۆکردنەوەی مرۆڤ، دەبێ خەیاڵ، چیرۆک، دیدی هاوبەش هەبێت. مەزهەبگەرایی، ئەوەی ئێستا ملیۆنان کەسی لەسەر مەزهەبی نموونەی وەک شیعەگەرایی کۆ کردووەتەوە، شتێکە رووی داوە، بەڵام لە چیرۆک و ئایدیا و خەیاڵێکدا کۆ کراوەتەوە کە بەردەوام تەسویقی بۆ دەکرێت، لە مەزارگەکان دەبینیت ملیۆنان کەس دانیشتوون، کەسێک چیرۆکی رووداوەکە دەگێڕێتەوە، هەموو گوێیان بۆی گرتووە و دەگرین.
کەواتە هێزی کۆبوونەوەی مرۆڤ چیرۆک و دید و ئایدیای هاوبەشە. هەموو ئەو جەنگانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا روویان داوە، ئەوەیشی لەسەر سنووری جوگرافی و زەوی و دەستکەوت و سامان و خواردن بووە، هەمووی لەسەر شتەکە نییە، بەڵکوو لەسەر ئەوەیە، دیدێکی هاوبەش نییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەیە. ئەوەی ئێستا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، ئۆکرانیا و رووسیا دەبینرێت، نەبوونی دیدی هاوبەش و چیرۆکێکی هاوبەشە بۆ بەڕێوەبردن و پێکەوەهەڵکردن.
لە مێژووی ئەورووپادا جەنگی گەورە روویدا، ئێستا شتێک کۆی کردوونەتەوە (یەکێتیی ئەورووپایە) دیدێکی هاوبەشی بۆ بەڕێوەبردن و هەڵکردن و مامەڵەکردن پێ داون. هەموومان رەنگە ئەو پرسیارەمان هەبێت، بۆ بیری ئایینی و ئەفسانە زوو گەشە دەکات و بڵاو دەبێتەوە و خەڵک لەسەری کۆ دەبنەوە، چونکە چیرۆکن. سەیری کتێبە ئاسمانییەکان بکە، هەر لە قورئاندا خوای گەورە خۆیشی بە چیرۆک شتەکان بۆ مرۆڤ دەگێڕێتەوە، چونکە مرۆڤ لەسەر چیرۆک کۆ دەبێتەوە.
ئەوەی ئێمە هەمانبوو چیرۆکی کۆبوونەوەمانە لە کوردستان بە هەر چوار پارچەکە، چیرۆکی نەتەوەیە، کە سەرکەوتنی لە شۆڕشەکانی دژی داگیرکەران بۆ فەراهەم کردین. بەداخەوە ئێستا دیدی هاوبەشمان نییە بۆ ئەو چیرۆکە، بەڵکوو خەریکە ئەو چیرۆکە ون دەبێت، تەنانەت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان. لایەک باوەڕی پێیەتی و لاکەی دیكەیان باوەڕی پێی نەماوە، یان دیدی هاوبەش لەنێوانیان وەک جاران بۆ کۆبوونەوە لەسەری نییە.
بۆیە دەبێ (نەتەوە و سەربەخۆیی کوردستان) بکەینە ئەو چیرۆکە زیندووە و هاوبەشی دیدی بۆ دروست بکەین، تاکوو لەسەری کۆ ببینەوە و میراتێکیش بێت بۆ نەوەکانی بەجێ بهێڵین. ئەستەمە ئەگەر ئەم چیرۆکە خوانەخواستە بە دیدی هاوبەش ون بکەین، هیچ بەرژەوەندییەکی دیكە کۆمان بکاتەوە. جگە لەو مەترسییەی کە ئەگەر ئێمە کار لەسەر بەزیندووڕاگرتنی و بە چیرۆککردنی ئەم پرسە بە دیدێکی هاوبەش نەکەین، چیرۆکی دیكە و ئەفسانەی دیكە و خەیاڵی دیكە و بیری دیكە دێت، کۆمەڵگەکەمانی لەسەری کۆ دەکاتەوە و دەبێتە جێگرەوەی.

د.نەزاکەت حوسێن