هەرێمی كوردستان لە لێواری مەرگدا

4 مانگ پێش ئێستا

سالار دارتاش
لەدوای ئەو گۆڕانكاریە خێرایانەی كەلەناوچەكەماندا ڕوو دەدەن وئەو دەرهاویشتە خراپانەشی كەلێی كەوتۆتەوە ، هەژمونی هەرێمی كوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەدۆخێكی زۆرهەستیارو دژواردا تێ دەپەڕێت كەئەمەش وای كردووە بەمەودایەكی زۆر كورت وخێرا ڕوو بەڕووی زۆر تەنگژەی قورس ببێتەوە هەم لەڕووی (سیاسی) هەم لەڕووی (كۆمەڵایەتیشەوە).كەلە ڕاستیدا ئەم دوو جۆرە لەتەنگژەیەش دەبنە زەنگێكی زۆر مەترسیدار كەبەداخەوە پێ ئەچێ لەداهاتویەكی زۆر نزیكدا واقع ئەم ڕاستیە تاڵە بسەلمێنێ.
ئێستا تاكەشت كەهاووڵاتی ئەم هەرێمە شانازی پێوە بكات و ڕۆحی بەزیندوویی هێشتبێتەوە ئەو ڕابردووە جوانەیە كەتاهەنوكەش وەك مێژوویەكی پڕشنگدار لەبیروهزری هەموو تاكێكمان مابێتەوە بەرجەستەبوون و قاڵبوونەوەی بووە لە(هەستی نەتەوایەتی ، قیەم و ئەخلاق ، بەرز ڕاگرتنی كلتورو فەرهەنگی كوردی). 
بەڵام جێی داخە! ئێستا بارودۆخەكان بەجۆرێك گۆڕاون كەزۆربەی كات ناچاربووین شەرم لەكوردبوونی خۆشمان بكەین، لاوازی لەبیروباوەڕمان و نەمانی ئینتیمای نیشتمانی و لێك ترازانی شیرازەی خێزانەكان كەئەمیش لەدەرئەنجامی ئەو بەركەوتە ڕاستەوخۆیە (ناهۆشیاریە، نالۆژیكیە) تەكنەلۆژیایانەوە بووە كەتاكی كورد لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەكی زۆر نەگەتیڤ پێی ئاشنابووەو هۆكارێكی سەرەكیش بوون لەداڕمان و شكستپێهێنان لەتەواوی جومگەكانی ژیان لەم هەرێمەدا ، ئەوەی لەواقعی ئیمڕۆدا دەگوزەرێت و دەیبینین بەداخەوە جگەلە فەوزای (سیاسی ، كۆمەڵایەتی ، ئابوری) هیچی ترنیە، كەئەمەش وادەكات بەپێی تێپەڕبوونی كات ببێتە مەترسیەكی گەورە لەڕووی بەرتەسكردنەوەو شێواندنی لایەنی دەرونیشمان. 
ئەوەی كەئێستا زیاتر بۆتە مایەی ئازاری ڕۆح و ئەشكەنجەدانی دەروونیشمان بێ گومان خەمی گەورەبوون و ئەو تەشەنەكردنە خێرایەیە كەلەمەودایەكی زۆرنزیكدا گەورەترین دەرهاویشتەی خراپ و قێزەون لەدوای خۆی جێدەهێڵێ كەئەویش لەغیابی یان هەر بەوجود نەبوونی فریاد ڕەسێكە كەبێتو بتوانێ ئەم دۆخە نەخوازراوە لەڕیشەوە دەربكێشێ و دواجاریش ئەم هەرێمەمان لەلێواری مەرگ ڕزگار بكات ، (كوشتن، بەكارهێنانی مادەهۆشبەرەكان و مامەڵە پێوەكردنیان، لەشفرۆشی و بەكاڵاكردنی جەستەی ژنان، بڵاوبونەوەی زۆرخێرای زۆرێك لەنەخۆشیە مەترسیدارەكان، تێكدانی شیرازەی خێزانەكان و بەلاڕێلابردنیان لەكۆمەڵگا، كەدیارترینیشیان بانگەشەی هاوڕەگەزخوازی (جێندەر )ە كەئەمەیان دوورە لەهەموو عورفوعاداتێك كەهیچ كاتێك كۆمەڵگەی كوردی ڕێگەی پێنەداوە نەلە ئێستادا نەلە ڕابردووشدا ، هەمووئەمانە دیاردەگەلێكن كەلەدوو هۆكارەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەوانیش سەرەتا لەدەرئەنجامی ئەو هەموو ناهۆشیاریە زانستی و نامەعریفیانە ڕوودەدەن كەخودی هاووڵاتی لەخۆیدا بەرجەستەی دەكات، خاڵی دووەمیش بێباكی و خەمساردی زۆرێك لەدەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەیە لەپێش پێنەگرتن و بگرە سەپۆرتكردنیشیان لەلایەنە سلبیكەیەوە، چونكە بێ گوومان خۆیان  بەشێكن لەو ناعەدالەتی و بەدڕەوشتیەی كەخولقاندویانە لەنێو كۆمەڵگادا ئەویش لەپێناو چەند ئامانجێكی دیاریكراو. 
ئەوانەی كەئاماژەیان پێ دەكەم نەبێ هیواییە نەئاڕاستەكردنی شەقامیشە بەرەو توندوتیژی هەڵگیرساندنی شەڕو ئاشوب ، بەڵكو ئەمانە هەموو ئەو ڕاستیەتاڵە حاشاهەڵنەگرانەن كەبەداخەوە ئیمڕۆ لەهەرێمەكەماندا بونیان هەیەو دەرچونیش لەم دۆخە چەقبەستوەی كە ئیمڕۆ تێی كەوتوین ئەتوانم تەنها بەخەیاڵ بینای بكەم. 
ئاخرلێره هەرلەم هەرێمە بچوكەی ئێمەدا ژیان هێندە تاڵ بووە ڕۆژنیە تیایدا مەرگ بەئاوات نەخوازرێت، ڕۆژنیە گوێبیستی هەواڵی مەرگی ئازیزێك ، سوتانی باڵەخانەیەك، ڕووداوی هاتوچۆیەك، بڵاوبونەوەی گرتەیەكی نەشیاوی كەسایەتیەك لەنێوتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هتد ،،،، نەبین. 
هەربۆیە لێرەوە هەرلەم میمبەرەوەو لەسۆنگەی هەستكردن بەبەر پرسیاریەتیمانەوە ئەم پەیامە گرنگە لەپێناو بەرژەوەندی تەواوی كۆمەڵگای كوردی ئەدەین بەگوێی هەموو ئەوكەسانەی كەتوانای بڕیاردان و گۆڕانكاریان هەیە جاچ لەنێو حكومەت بن یان لەنێو هەرپارتێكی سیاسیدابن كەدەسەڵاتی ڕەها یان نیمچە ڕەهاشیان هەبێت گەر لەبەرژەوەندی میللەتیش نەبێ هەربۆ مێژووی خۆیان كارێك بكەن كەبە لەدەستدانیشیان بەخەسارەتێكی گەورەی گەلەكەمانی بزانین هەروەك ئەوەی كەلەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا بەچاوی خۆمان بینیمان كەبەلەدەستدانی فەرماندەیەكی هێزەكانی كۆماندۆ خەڵكی چەند بە پەرۆش و بەداخ بوون، دەبائیتر ئەمانە وانەیەك بن بۆ بەخۆداچونەوەو سەرزەنشتكردنی خودی عەقڵ و ئەو بیرە تەسكەی كەبەهۆیەوە بە شێوەیەكی نامۆو دوور لە لۆژیك میللەتی پێ ئەچەوسێننەوە، دەباچیتر ئەم ڕوداوە نەخوازراوانە بكەینە هەوێنی ئاشتی و پێكەوە تاوەكو بەهەماهەنگی هەموولایەك بێ جیاوازی لەفكرو ئایدۆلۆژیاو ئایدیای حزبی خۆیان ئەم دۆخە بگەڕێنەوە دۆخی جاران و باچیتر تۆوی شەڕو ئاشوب و فیتنەش زیاتر باڵ نەكێشێ بەسەر هەرێمەكەمانداو لەوەش زێدەتر میللەت لەئازارو ناڕەحەتی و مەینەتی ژیان نەچەوسێندرێتەوە گەروانەكرێت دوورنیە ئەم هەژموونە تاڵە نەگریسە هەرێمەكەمان لەلێواری مەرگەوە بەرەو مەرگێكی یەكجارەكی نەبات.