بە پێوەری نیوەدێڕی نزیکی نوێژ مەبنەوە!
4 مانگ پێش ئێستا
حسێن عەلی شەریف
لەم دونیا بێ سەروبەرەی سۆسیالمێدیا و میدیای کوردستانی باشوردا، زۆرینەی پەیج و دەزگا میدیاییەکان بە پێوەری ئەو ئایەتەی سورەتی نیسائ مامەڵەئەکەن کە ئەفەرموێت( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَقْرَبُوا الصَّلَاةَ )
ئەڵبەتە بەئەنقەست نیوە دێڕی دووهەم ئەقرتێنن کە بە دوای ئەم نیوەدێڕەدادێت، کە ئەفەرموێت وانتم سكاری ( ئەوكاتانەی كە سەرخۆشن)
بۆئەوەی لە کەسایەتیت بدەن و دەمی جنێوفرۆشەکانت لێ بەرەڵابکەن، دێن و بە ئەنقەست نیوە دێڕیک یان تەنها یەکدێر لە نوسینێک یان دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی یان رۆژنامەوانی کەسێک ئەهێنن و بە تایتڵێكی گەورە بڵاوی ئەکەنەوە!
ئەوکاتەش کەسەیری جنێوەکانی ژێر تایتڵەکە ئەکەیت، باش ئاشکرایە کە جنێودەرەکان و ماڵپەڕەکە، سەر بە یەک دەزگان!
تێگەشتن لە ئامانج و لە تاکتیکی ئیهانەکردن و لەکەدارکردنی کەسایەتییەکان، بۆ یەکێک گەر بیەوێت زۆر ئاسانە، چونکە وەکگوتم جنێوی زۆربەی کۆمینتنوسەکان بەهەمان زمان و بەهەمان نەفەس ئەنوسرێن و لەهەمان پەیج و دەزگای میدیایی دیاریکراویشدا کارئەکەن( تایتڵنوسەکان و کۆمینتنوسەکان)
کێن لە پشت ئەم جۆرە کارانەوەن، کێن کە ڕۆژانە بە نوسینی یەک تایتڵ لەسەر کەسێک، هەزاران جنێو و سوکایەتی ئەکەن بەڕیشی ئەوە کەسەوە و لە کەسایەتی ئەدەن؟
ئەڵبەتە وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ یەکێک گەر بیەوێت زۆر ئاسانە!
دەزگا سێبەرەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی دەڤەری ئەملا، دژی کەسایەتی و سیاسییەکانی دەڤەری ئەولا ئەم کارانە ئەکەن، لە بەرانبەریشدا دەزگا میدیاییە سێبەرەکانی دەڤەری ئەولاش بەرانبەر ئەملا ئەیکەن!
لە ناو حیزبەکانیشدا دەزگای سێبەری ئەم باڵ دژی ئەو باڵ و ئەو باڵ دژی ئەم باڵ هەمان کار ئەکەن!
سەلەفییەکانی بەرانبەر ئیخوانەکان و ئیخوانەکان بەرانبەر سەلەفییەکان، ئیخوانەکان بەرانبەر عەلمانییەکان و عەلمانییەکان بەرانبەر تەواوی ئیسلامییەکان، هەمانشت پیادە ئەکەن!
لە ناو کێشمەکێشمی ئەحزابەکانیشدا، ئەم شەڕەش ئەگوازرێتەوە بۆ کەسانی بێلایەن و غەیرە حیزبی!
ئەگوازرێتەوە بۆ لێدانی بێژەر، گۆرانیبێژ، هونەرمەند، نوسەر، شاعیر، کۆمەڵناس، دکتۆر...هتد!
ئیتر هەریەکە و بەپێی بەرژەوەندی و پلانێک، کەسی دیاریکراو ئەکاتە ئامانج و ناشیرینی ئەکات!
شەڕە دەنوکی ئەحزاب و باڵباڵینی ناو ئەحزاب و لەیەکتریدان، دیاردەیەکی ئاساییە و لە دونیادا تاڕادەیەک بوونی هەیە، بەڵام ناشیرینترین و خراپترین شکاندن، ئەم شکاندنانەیە کە هەندێک لایەنی بە ناو دینی و هەندێک خەڵکی بەناو بێدین دەستیان داەوەتێ بەرانبەر یەکتری!
دروستکردنی دەیان پەیج و دەزگای سیبەر کە کار لەسەر شکاندن و ناوزڕاندنی ئەو خەڵکانە ئەکەن کە لە دیدی ئەوانەوە دژی بەهای کۆمەڵایەتی و دینین، لە بەرانبەریشدا شکاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتییە دینی و بانگەوازخوازەکان، چوەتە دۆخیکی تەواو مەترسیدارەوە!
ئەمەی لە کوردستاندا ڕوئەدات لە غیابی دەوڵەت و لێپرسینەوە و چاودێری ئەلەکەترۆنیدا، گەشتۆتە دۆخێکی مەترسیدار و واشبڕوات کەسێک نامێنێت پەلامار نەدرێت!
بڵاوکردنەوەی دەیان و سەدان گەنج لە شەوانی سەری ساڵ و بۆنەکانی تر و هاندانیان بۆ لێدان و سوکایەتی ودەستبردن بۆ ژنان و کچان، هەمان دەستە کە خاوەنی پەیجەکانە و ئامانج لێی بۆ خزاندنە ژورەوەی ژنەکانە!
دروستکردنی دەیان پەیجی ژنانە کە بەرگی مۆدیرنیزم و ژنپارێزیان کردوە بەبەریشدا ئامانج تەنها ناشیرینکردنی ئەو کچ و ژنانەیە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دیارن!
دانانی وێنەی نیمچەڕووتی ژنان و بەتایتڵکردنی نیودێر لێداون، کەمەبەستیان شکاندنی ئەو کەسەبێت، هەر هەموی پلانە و دەزگایەکی گەورەی دەوڵەمەند و بەتوانا لە ڕوی مادی و ئیعلامییەوە لە پشتیەتی!
ئەم پلانەی ئێستا لە کوردستاندا جێیبەجێ ئەکرێت هەمان پلانە کە لە میسردا جیبەجێکراوە، هەمان پلانە کە لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکانی تریشدا کاریان بۆ کردوە، ئامانجەکەش ڕون و ئاشکرایە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خۆیانەوە مەشغوڵبکەن!
کارەساتەکەش ئەوەیە پلان داڕێژەرەکان کەسانی دژەدینن و لە ڕێگای خەڵکی دیندارەوە ئامانجەکەیان ئەپێکن!
دەیان حیزب و ڕیکخراوی دینی هەن کە بۆ مەبەستی گەمژاندن و خەریککردنی خەڵکی ئەم ناوچانەبە بابەتی پڕوپوچەوە دروستکراون و خەڵکی ئاسایی نازانن لە کوێوە یارییان پیئەکرێت!
وەکچۆن لە زەمەنیکدا دەیان گروپ و ڕێکخراوی دینی توندڕەویان لە ناوچەکەدا دروستکرد، ئاواش لە دەیان ڕیگای ترەوە خەریکی چەندین جۆری گروپ و تاقمی ترن!
لە بەرانبەریشدا دەرکەوتنی هەندێک کەسایەتی بە ناو بانگخواز و دینی و کارکردن لەسەر ناشیرینیکردنی ئاین، چەکی دەستی بەرەکەی ترە!
لە لایەکی تریشەوە بەرەی بە ناو مۆدیرینیزم و دژە دین ئەوەی لە توانایانداهەبێت بەرانبەر لایەنەکەی تر درێغغیان نەکردوە لە شکاندن و تەشهیرکردن، جیاوازییەکە تەنها ئەوەیە کە ئەمان دیارن و ئاشکران و ئەوان نهینی و ژێربەژێرن!
لەم نێوەندەدا کەسانێکی سادەی وەک ئیمە لە کوێی موعادەلەکەداین، کە نە نوسەرین، نە هونەرمەندین، نە کەسایەتییەکی دیاری ناو کۆمەڵگاین، نە سەر بە هیج حیزب و ڕێکخراوێکین، کەواتە بۆچی ئەمانخەنە ناو ئەم سیراعە نابوتەی خۆیان؟!
لە کۆتاییدا ئەڵیم:
خۆزگەم بەوەی کە نازانێت لەم وڵاتەدا چی ئەگوزەرێت!