لەچاخی پێشمەرگەوە بۆ سەردەمی کۆماندۆ

4 مانگ پێش ئێستا

هونەر تۆفیق
نەوەی پێشووی سەرکردەکانی شاخ و شار ، پێداگربوون بە هێشتنەوەی ناوی پێشمەرگە بە هێزی چەکداری کوردی هەرێمەوە . پیرۆزکردنی ئەو نازناوە درێژکرایە بۆ ناو نەوەکانی پاش ڕاپەڕین و وەزارەتێکی تایبەتیان لە حکومەتە کوردیەکەدا بۆ پێکهێنرا .
پێشمەرگەکانی شاخ پیربوون و تینی سەردەمی شاخیان پێوە نەماوە . نەوەی دووەمی کوڕە سەرکردەی پێشمەرگەکانیش وەک باوانیان حەزیان لەو ناو و پلە سەربازیە کوردیە نەماوە . ناونیشانی تازەیان لە چەکدارەکانیان ناوە وەک : گۆڵدن فورس ( هێزی ئاڵتونی) و سی تی جی و سی تی دی و دوپشک و کینگ فورس و تایگەر فورس و هێزە ڕەشەکە و کۆماندۆ .
سەردەمی ئەم کۆماندۆیانە لە کورت مەودادا کۆتایی چاخی پێشمەرگەی بەدواوەیە . ئەو کاتە هەڵوەشاندنەوە نەک هەر ناو بگرە تەشکیلەی چەکداری پێشمەرگەش ئاسانتر دەبێت کە لەبەر پیرۆزکردنەکەی نەدەوێررا بیر لە حەلکردنی بکرێتەوە .
پێداگری و مەرجی ژێربەژێری ئێرانی و ئەمریکیەکان بە هاوبەشی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشد و پێشمەرگە و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی هێزی چەکداریە لە سەرتاسەری عێراقدا کە کۆماندۆکان جێگایان بگرنەوە . ئەو مەرجەش کوتلە سیاسیاکانی عێراق و هێزە چەکدارەکانیان دابەشدەکاتەوە بەسەر هاوپەیمانی سەرسوڕهێنەردا کە لەداهاتوودا شکڵی تەشکیلەکانی لە شکڵی کۆماندۆکانیاندا دەردەکەوێت .