لەودیوی سۆزانیبازو دینبازەوە - بەشی سێیەم
4 مانگ پێش ئێستا
پەیكار عوسمان
ئەگەرچی پەڕینەوە لە میزاجی کەسەوە، بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و کاری دەزگایی و دەستووری، خاڵێکی گەشی مێژووی مرۆڤایەتییە، بەڵام لات سەیر نەبێ، پێشڕەوییە کەسییەکان و پاشەکشێ دەزگاییەکانی لای خۆمان، بە شتێکی باش ئەزانم، لەپێناو ڕاستی. بۆ ئەوەی چیتر ئەو درۆیە کۆتایی بێت، کە دەسەڵاتدارەکان، خۆیان لە پشتی دەزگای کارتۆنییەوە بشارنەوە.
دیموکراسی و دەزگاییبوونی ڕاستەقینە، لە کۆتاییهاتنی یارییە درۆیینەکانەوە دەستپێئەکات. جا وا باشە ماسکی ئەزموونەکەمان بکەوێ و بچێتە سەر پلێت، بۆئەوە نا کە تەسلیمی خێڵ و بنەماڵەکان ببین، بەڵکو بۆ ئەوەی چیتر ڕەخنە لە خودی پلێتەکە بگرین، نەک شەڕ لەگەڵ کەڤەرە گاڵتییەکان بکەین.
بابەتێکی زانستیم کەوتە بەرچاو، ئەڵێ ئەو خانە دەمارانەی کە (پرسە ئاینییەکان و پرسە سێکسییەکان) ئەوروژێنن، هەمان ناوچەیە لە مێشکدا.. شتێکی سەیرنەبوو بەلامەوە، چونکە لە واقعیشدا هەر وایە. هەر بەڕاست باسە سكسییەکان نەبووایە کاهینەکان چییان ئەکرد؟!
لەڕاستییدا ئاینی کاهینەکان هیچ نیە جگە لە گرێیەکی سێکسی پیرۆزکراو، ئاینی ڕاستەقینەش، کافربوونە بەو ئاینە گرگنەو بەرزبوونەوەیە بۆ ئەو ئاگایی و عیشق و ئیمانەی کە لای عارف و حەکیمەکان هەبوو، کە ئەوەش لەناو مرۆڤ خۆیدایە، نەک لە هیچ دوکان و پەرستگایەک.
ئەو ئایینەی کە لە کابول خوێندنی کچان قەدەغە ئەکا، ئاینی گرێ سێکسییەکەی پیاوە، نەک ئاینی مرۆڤێکی ئاگاو خوایەکی نوور. ئەو ئاینەی کە یەکسانی ژن و پیاو هەزم ناکاو فێڵبازانە "هاوڕەگەزخوازی" ئەکاتە پاساوی لێدانی "یەکسانی جێندەری"، ئا ئەوە ئاینی دەسەڵاتی پیاوسالارییە، نەک ئاینی حەقی خوایی.
جیاکاریی ستوونی، مەشروعی هێزو زاڵیتییە نەک مەشروعی حەق. مەشروعی حەق ئاسۆییەو لە حەقدا خواش دێتە پەیوەندی ئاسۆیی و ئەبێتە خەلیل و هاوڕێ ی ئیبراهیم، کەچی کاهینی پیاوسالار، واز لە خوایەتی ناهێنێ و نابێتە هاوتاو هاوڕێ ی ژن.
ڕووکەشبینی ئیسلامییەکان، تەنیا حیکمەتەکانی ناو قورئانی نەکوشت، بەڵکو حیکمەتی ناو ئەفسانەکانی تریشی مراند. هەر دەمئەکەنەوە ئەڵێن تەورات تەحریفکراوە، چونکە لە تەوراتدا خوا لەگەڵ فڵان پێغەمبەر پیاسە ئەکا.. لەکاتێکا ئەوە جوانترین و ئەدەبیانەترین وێنەی پەیوەندی مرۆڤ و خوایە. ئەوان خوایەک هەزم ناکەن هاوڕێ ی مرۆڤبێ و مرۆڤێکیش قبوڵ ناکەن هاوڕێ ی خوابێ، بەڵکو ئەبێ خوا سەدام بێت و مرۆڤەکانیش جوندییەکی ترساوی شەڕەنگێز.
خوا چاکەیەو چاکە لەناو خۆماندایە، ببین بە هاوڕێ ی چاکە، ئەبینە هاوڕێ ی خوداو ئیتر پیاسەشی لەگەڵ ئەکەین و چاشی لەگەڵ ئەنۆشین، چونکە ئیتر ئەوەی کە چایەکە ئەنۆشێ و ئەوەی کە چاکە، هەر یەکە. تەوحید ئەوەنیە ژمارەی بتەکان کەمبکەیتەوە بۆ یەک و ناوی بنێ ی یەهوا یان ئەڵڵا.. تەوحید ڕۆحی تۆیە ئەو کاتەی ئەگاتە دۆخی پیاسەکردن لەگەڵ خودا.
ئا لێرەدا مەسیحییەت لە دینەکانی تر باشتر لە شتەکە تێگەیشت، بەو مانایەی کە خودا نابێ شتێکی جیابێ لە مرۆڤ، بەڵام لەوێدا تێکیاندا کە مرۆڤێکیان جیاکردەوە لە مرۆڤەکانی ترو کردیانەوە بە خودا، لەکاتێکا چاکبوون و خوداییبوون ئیمکانێکی کراوەی هەموو مرۆڤەکانە.
ئەگەر بچینە لای دەروونە سیانییەکەی فرۆید: (ئید و ئیگۆ و سوپەرئیگۆ)، ئاینی کاهینەکان، ڕێک ئاینی ئیدە، هەموو شت بە غەریزە تەفسیر ئەکا، پاداشتەکانی ئەودنیاشی هەر سێکس و خواردن و خواردنەوەیە، کە داواکارییەکانی ئیدە. ئەو بەهەشتەی ئادەمی لێدەرکرا، قۆناغی ژیانی ئاژەڵیی بوو، کە ئەخۆیت و ئەخۆیتەوەو سێکس ئەکەیت و نەمریشی، چونکە هۆشیار نیت بە مردن.
کاتێ مرۆڤ هۆشیاربووەوەو لە سێوی مەعریفەی خوارد، ئیتر زانی مردن هەیەو لەو کاتەوە بۆ نەمری ئەگەڕێ. بەهەشتی کاهینەکان بەهەشتی مرۆڤ نیە، بەهەشتی ئاژەڵە، پشیلەیەک ئەخواو ئەخواتەوەو سێکس ئەکاو "نەمریشە" چونکە نازانێ مردن چیە. کاهینەکان ئەوەیان ناونا بەهەشت، یەعنی ئەو قۆناغەی کە مرۆڤ بە پەرەسەندنی مەلاین ساڵ تێیپەڕاند، لە ئەخیرا ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ و ئەبێتەوە بە حەیوانەکەی پێش ئادەم!
با ئید غەریزەبێ و ئیگۆ عەقڵبێ و سوپەرئیگۆ ئەخلاقی کۆمەڵگا بێت. پێغەمبەرو حەکیمەکان، ئەوانەن کە لە خۆیاندا هاوسەنگی ڕوویداوەو تەعدیلی سوپەرئیگۆیان کردۆتەوە بە ئیگۆیەکی عاقڵتر لەوەی کە هەیەو باوە. کاهینەکان بە پێچەوانەوە، سوپەرئیگۆیان هێناوەتە ئاستی ئیدو بەوەش ئیگۆ عاقڵەکەیان کوشتووە.
قەت لە خۆتت پرسیوە بۆچی پێغەمبەران هەمیشە تەنیابوون، بەڵام کاهینەکان هەمیشە دەوریان قەرەباڵغە؟ چونکە داناکان دەسکاری ئەو سایکۆلۆژیا ئیدییە ئەکەن کە کۆمەڵی لەسەر گیرساوەوتەوە، بەڵام کاهینەکان ڕێک نوێنەری ئەو سایکۆلۆژیا ئیدییەی خەڵکەکەن و پاریزگاریی لێ ئەکەن!
لێرەشەوە ئیتر شەقوەشێنەکە شەرت نیە سەلەفی بێت، بەڵام سەر بە هەمان سوپەرئیگۆی کاهینەکانە. کاتێ (ژن لەش سێکس) ئەبێتە گرێ و تابۆ و هەموو ئەخلاقی پێوە ئەبەسرێتەوەو کۆی سوپەرئیگۆی لەسەر بینائەکرێ، ئیتر شەقاوەیەکی حەشیشخۆرو نوێژکەرێکی موحتەرەم، فەرقی نامێنێ و هەمان سایکۆلۆژیاو عەقڵیەت و گرێ، لەناو هەردوکیاندا کارایە.
هاوپەیمانییەکی ڕانەگەیەنراو لەنێوان خێڵ و کاهین و دەسەڵات و عامەی خەڵکدا هەیە بۆ پاریزگاریکردن لە سوپەرئیگۆی پیاوسالاری، لەو پێناوەشدا بە هاوڕەگەزبازی و قەحبەبازی و بێئەخلاقی ئەوترسێنن، لەکاتێکا دوای ئەخلاقی پیاوسالاری، ئێمە ناکەوینە ناو بێئەخلاقییەوە، ئەکەوینە ناو ئەخلاقێکی مرۆڤانەترو هاوسەنگترو خواییترەوە. ئەگەر تەعدیلی سوپەرئیگۆ، کارێکی نائەخلاقیی بێت، کەواتە هەموو پێغەمبەران بێ ئەخلاق بوون، چونکە پێغەمبەرایەتی هیچ نیە، جگە لە پرۆسەی ئەپدەیت و تەعدیلکردنەوەی سوپەرئیگۆی باوی کۆمەڵگا.
ئەمر بە مەعروف، یەعنی هێشتنەوەی کۆنێک کە شایەنی مانەوەیەو هاتنی تازەیەک کە شایەی هاتنە. نەهی لە مونکەر، یەعنی تێپەڕاندی کۆنێک کە شایەنی تێپەڕاندنەو بەرگری بەرامبەر تازەیەک کە شایەنی نەهاتنە. ئەوە یاسای ئەپدەیتی سوپەرئیگۆیە، کە پێش مۆدێرنە، پێغەمبەرو حەکیمەکان کردویانە، دوای مۆدێرنەش لەبری "شەخس" دەزگاو دەستور کارەکە ئەکەن.
بەڵام کاهینەکان یاساکە بە هەڵگەڕاوەیی بەکارئەهێنن. ئەوەی کە پیویستە بێت، نایەڵن بێت، ئەوەی کە پێویستە بڕوا، نایەڵن بڕوا. ئیتر لەبری ئەوەی ئیگۆیەکی ئازادی عەقڵانی ئەپدەیتی سوپەرئیگۆ بکاتەوە، ئیگۆیەکی ترساوی ئیدیی، توند دەسئەگرێ بەوەوە کە هەیە.
ماوەیەتی