بۆچی لە هەرێمی كوردستان كەس ناوێرێت باسی گێچەڵی سێكسی لە كاركردن بكات؟

4 مانگ پێش ئێستا

ژیار محەمەد
تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا دەزگایەك نییە بۆ ئەوەی خانمان لە كاتی هەراسنكرد یاخود گێچەڵكردنی سێكسیدا پەنای بۆ ببەن، ئەگەرچی بە وتەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و چالاكوانانی ژنان گێچەڵی سێكسی لە هەرێمی كوردستاندا ڕوو لەزیادبوونە چ لە ناو كەرتی تایبەت چ لەناو كەرتی گشتی و تەنانەت ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكان.

ئاری ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕوبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "لە كوردستان دەزگایەكی تایبەتمان نییە بۆ (ڕووبەڕووبوونەوەی) هەراسانكردنی سێكسی، بەڵام یەكەی جێندەریمان هەیە لەسەر ئاستی هەموو وەزارەتەكان ئەو یەكەیە كار دەكات لەسەر پاراستنی بنەماكانی پاراستنی جێندەری و دابینكردنی پۆست و پلەكان و پەیوەندی فەرمانبەران بە حكومەتەوە."

ئاری ڕەفیق ڕایگەیاند كە دەزگاكە "ڕەنگە تا ئێستا وەك پێویست نەیانتوانیبێت لە ئاست ناوەكەدا بێت،" بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی كە لە دامودەزگاكانی هەرێم كاردەكەن هەركات ڕوبەڕووی توندوتیژی بوونەوە، لە نێویشیاندا هەراسانكردنی سێكسی، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو دەزگایەوە سكاڵا تۆماربكەن.

ئاری ڕەفیق وتیشی، "بەداخەوە یاسای توندوتیژی ئێمەی كۆتكردووە بەوەی تەنها لێكۆڵینەوە و چارەسەری كەیسی ژنان لەچوارچێوەی خێزاندا بكەین. بەڵام لە درافتی ئەو پڕۆژە یاسایەی ئێستا لە پەرلەمانە ئەو بابەتەشی تێدایە كە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دەتوانێت كار لەسەر گێچەڵی سێكسی وەك كەیسێك بكات."

چالاكوانێكی مافی ژنان، ئاڤان فارس، ئاماژەی بەوە دا كە بەدواداچونەكانی دەریدەخەن لەكەرتی گشتی و كەرتی تایبەت گێچەڵی سێكسی لە بەرزبوونەوەدایە. ئەو بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "ئێستا لە زانكۆكانیش زیاتر بووە چونكە، بۆ نمونە، هێز و نمرە لای مامۆستا پیاوەكانە كە لەو ڕێگایەوە دەسەڵاتی خۆیان بەكاردەهێنن."
ئەو چالاكوانە ڕایگەیاند، "خوێندكار هەبووە داوای سەرچاوەی زانستی كردووە بۆ توێژینەوە زانستییەكەی كەچی بەوجۆرە وەڵامدراوەتەوە، 'وەرە ماڵەوە ئەمڕۆ كەس لەماڵ نییە لەوێ یارمەتیت دەدەم."

هەوڵەكانی دەنگی ئەمەریكا سەركەوتوو نەبوون بۆ دەستكەوتنی ئامارێكی فەرمی ساڵانە یان مانگانە لەسەر ژمارەی تۆماركراوی كەیسەكان.

بەرپرسانی پەیوەندیدار بە دەنگی ئەمەریكایان گوت كە سەرەڕای ئەوەی كە گێچەڵی سێكسی ڕووی لە زیادبوونە، بەڵام هیچ ئامارێكی ورد بەدردەست نییە. ئەوان دەڵێن یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكان ئەوەیە كە كەسی تاوانلێكراو نایەوێت سكاڵا تۆماربكات لە ترسی لێكەوتە كۆمەڵایەتیەكانی.

پەروین حەسەن لە ئەنجومەنی خانمان ڕایگەیاند، "لە هەرێمی كوردستاندا گێچەڵی سێكسی هەیە بەڵام داتایەكی وردمان نییە چونكە هەندێكجار سكاڵا ناكات، لەبەرئەوەی خێزانەكەی توشی ڕوبەروی كێشەی كۆمەڵایەتی نەبێتەوە، یاخود بەڕێوەبەرەكەی هەڕەشەی دەركردنی لێدەكات، یا لەبەر سومعەی خۆی ناتوانێت قسەی لەسەر بكات چونكە دەبێتە لەكە بۆی لە كۆمەڵگادا. خۆ كاتێكیش سكاڵا دەكرێت، دامودەزگایەكی تایبەت لە هەرێم نییە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گێچەڵی سێكسی تا خانمەكە پەنای بۆ ببات."

ئەو بەرپرسە جەختی لەسەر گرنگی بوونی ڕێوشوێنی لەو شێوەیە كردەوە، بە تایبەت بۆ پاراستنی ئافرەتان لەسەر كار، بە شێوەیەك كە بتوانرێت سكاڵاكان بە نهێنی بمێننەوە.

پەروین حەسەن ڕایگەیاند، "ئەگەر شوێنێك هەبێت كە سكاڵاكار نەكەوێتە بەردەم كۆمەڵگا وەك دەزگایەك ئەوە باشترە، چونكە بەداخەوە لەدامودەزگاكانی ئێمە ئەو نهێنییە ناپارێزرێت تا خانمێك بچێت سكاڵا لەسەر گێچەڵی سێكسی تۆما بكات. بۆ نمونە هەندێكجار كەسێك دەچێت بۆ سكاڵا لە بنكەیەكی پۆلیس، كەچی كەیسەكەی لە بەرزترینەوە تا پۆلیسی بەردەرگاكە دەگات و بڵاودەبێتەوە."

ئاڤان فارس جاف، چالاكوانەكەی ژنان، پێیوایە كە باروودۆخی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستانیش ڕێگربووە لە چارەسەركردنی ئەو پرسە. ئەو دەڵێت ئافرەتان لەوە دەترسن كە دوای سكاڵا تۆماركردن دەترسن "قوڕەكە خەستر ببێتەوە." ئەو هۆكارێكی تری گەڕاندەوە بۆ نەبوونی یەكگروویی لە نێوان ئافرەتان و كەمی زانیاری تەواو، بەتایبەت كە بەشێك لە ئافرەتان "نازانن كە نامەو قسەش هەراسانكردنە."

ئاڤان فارس هەروەها ئاماژەی بە زاڵبوونی دیاردەی نێرسالاری كرد لە دامودەزگاكانی حكومەت بە شێوەیەك كە "پیاوەكان زیاتر پشتگیری یەكتر دەكەن." بۆ نمونە، "كاتێك خانمێك پەنا دەباتە بەر سەروو خۆی لەسەرئەوەی گێچەڵی سێكسی پێكراوە، بەخانمەكە دەڵێن ڕەنگە خەتای تۆ بێت جل و بەرگەكەت ئەو كەسەی وروژاندبێت. جا ئەمە تەنها بۆ سفورەكان نییە، باڵا پۆشەكانیش هەراسان دەكرێن. من هاوڕێم هەبووە باڵاپۆش بووە وتویەتی ئێمە زیاتر هەراسان دەكرێین چونكە ڕەنگە لەبەرئەوە بێت كە بڵێن ئەمانە كۆمەڵێك خەڵكی جیاوازن و ناتوانن دەنگ هەڵبڕن."

ئاڤان دەشڵێت كەرتی تایبەت "وێرانترە" بۆ هەراسانكردنی سێكسی بەهۆی ئەوەی یاسای كەرتی تایبەت كارانییە و "بەڕێوەبەرەكە دەڵێت 'من خۆم بەڕێوەبەرم و یاسا دادەنێم.' تەنانەت بەشێكی زۆرییان كچ لەسەر بنەمای جەستە و جوانی وەردەگرن، بۆ نمونە وتویانە تۆ دێییتە دەوام پێویستە تەنورەی كورتت لەبەربێت و ڕۆژانە ماكیاژ بكەیت چونكە ئەمە لەگەڵ شێوازی كاری كۆمپنیای ئێمە دەگونجێت."

چالاكوانەكەی ژنان لە كۆتاییدا بە دەنگی ئەمەریكای وت، " ئەگەرچی دەسپێشخەری كاری تر بە پلەی باشتر و موچەی باشترم بۆ هاتووە بەڵام من كار لە دەزگایەك دەكەم كە هەمووی ژنن تەنها لەبەرئەوەی توشی ڕووبەڕووی سێكسی نەبمەوە."