كوشتنی گەنج، شەقامی غەزالی بەنمونە
3 مانگ پێش ئێستا
پەرێز عومەر
سیاسەتی خنكاندنو زیندانیكردنی دەرونی گەنجان، لەچەند ساڵی ڕابردوی حوكمڕانی كوردیدا، بەتایبەت لەشاری هەولێردا بویتە هۆی ئەوەی هەزاران گەنجی خاوەن بەهرەو دڵسۆزو بەتوانا وڵات بەجێبهێڵنو ڕوو لەو بەهەشتە خەیاڵیە بكەن كە خودی دەسەڵاتی نابەرپرس لەكوردستان دەستی هەبوو لەوێناكردنو چەسپاندنی لەهزری گەنجی كورددا.
ئەم سیاسەتە هەڵەیە، جگە لەوەی تواناو لێهاتویی بەرچاوی لەكوردستان داماڵی، سەدان گەنجیشی لەڕێگهی قاچاغ توشی مەرگ كردەوە.
ئێستا لەكاتێكدا ڕێگهكانی هەڵاتن لەمشارەو گەیشتن بەژیانێكی ئارام لەدەرەوەی نیشتمانیشدا، قورسو تاڕادەیەك مەحاڵ بوە، دەسەڵات لەپایتەخت ڕێچكەیەكی دیكەی ترسناكی گرتۆتەبەر، ئەویش هەراسانكردنی گەنجانە بەهەموو شێوەیەك، لەڕێگریكردنو ئەزیەتدانی ئەوانەوە بگرە كە دەیانەوێت بزنسێكی بچوكیان هەبێت تا قۆرخكارییە بێ شومارەكەی ئابوری، خۆ باسی گەندەڵیش هەر ناكەین.
لەلایەكی دیكەشەوە، لەهەموو كونجێكی ئەم دونیایە (جگە لەهەولێرو كوردستان) دەسەڵات هەمیشە بیر لەوەدەكاتەوە زۆرترین پڕۆژەی فكریو هونەریو ڕۆشنبیریی لەلایەكو شوێنو پڕۆژەی تایبەتیش لۆ گەنجانو كات بەسەربردنیان لەلایەكی تر، دروستدەكات، تا لەلایەك، پەرە بەتواناكانیان بدەنو لەلایەكی تریشهوه گرنگی بەگەنجیو جوانی بەسەربردنی كاتەكانیشیان بدەن.
لەكوردستان چی ڕوو دەدات؟
بۆچی هەموو پلانەكان لەپێناو هەراسانكردنو كپكردنو پاشەكشەپێكردنی گەنجانن؟، داخستنو تێكدانی یەكێك لەشەقامە هەرە سادەو ساكارو جوانەكانی شاری هەولێر كە گەنجان دەتوانن بچن چایەكی لێ نۆشكەن، كاتی خۆیانی تێدا بەسەرببەن.
لەمشارەدا، هیچ شوێنێك نییە گەنج تەنانەت لێی دانیشێت، شەقامی غەزال هەمیشە دەدرەوشایەوە، بەڕێكوپێكییەكی جوانەوە گەنجو پێكەنینو دانیشتنەكانیان لەباوەش دەگرت.
گەنجان لەوێ بزنسی بچوكیان هەبوو، بەڵام ئەوێش كرایە قوربانی شوققەو ئەو تاوەرە بەرزانەی هەموو خزمەتگوزارییو ئاوو كارەبای گەڕەكەكانی هەولێریان قۆرخكردوە.
ئەرێ دەزانن لەشاری هەولێر سەردانی پاركو باخچەكانیش سنوردارەو دەبێت دەسەڵات ڕێگەت پێبدات لەڕێگای پرسگەكانیەوە تا پیاسەیەكی تێدابكەیتو دەبێت لەكاتی دەوامی پۆلیسەكان، بچیت پیاسەی پاركێك بكەیتو بەئەسپایی هەنگاو بنێیت نەوەك پۆلیسێكی بەڕێز یاخود ئاسایشێكی پارك بەجلی مەدەنییەوە بەدەنگی پێكەنینت بێزاربكەیت، ئەگەرنا بەشەق لەپارك فڕێت دەدەنە دەرەوە؟
لەهیچ شوێنێكی دونیا ئاسایشو پۆلیس خەریكی كۆنتڕۆڵكردنی باخچەو پاركەكان نین لەهەولێر نەبێت!!، تكایە ئەو هێرشانە لەسەر گەنجی هەولێر بوەستێنن.
چایەك لەهەولێر بە 4 لۆ 5 هەزارە!!! لێگەڕێن با لەمشارەدا گەنجیش بژی، بێكارتان كردوە، ئاستی زانستی زانكۆكانو نرخی خوێندنو ژیانكردنیشتان كردوە بەسەد قاتی داهاتی مانگانەی گەنجێك ((ئەوە ئەگەر كارێكی هەبێت)).
ئەدی گەنجی بێكار؟! ئەوە هەر باسی مەكە!!!، بەڕێزینە ئەگەر هەر ئاوابن ڕۆژێك دێت گەنجەكانی ئەمشارە بۆ هەڵمژینی ئۆكسجینێكی پاك دێنە پاركی ماڵەكانتان، دڵنیابن.