گواستنەوەی ئاڵتون(2022)
3 مانگ پێش ئێستا
هێمن مەحمود
GOLD RUN
یەکێک لەجیاوازییەکانی ئەم فیلمە ئەوەیە باس لەبەهایەکی ئەخلاقی گەورە دەکات کە ئەویش خۆشویستنی نیشتیمان و پاراستنی دامودەزگاو سەروەت و ماڵ و موڵکی نیشتیمانە لەکاتی داگیرکاریدا.
فیلمەکە بە ڕۆژێک پێش داگیرکردنی نەرویج لەساڵی 1940 دەستپێدەکات، حکومەت تێکدەچێت و یەکەم بڕیاریش گواستنەوە ئاڵتونی وڵاتە لەبانکی نیشتیمانییەوە بۆ شوێنێکی ئارام و پاراستنیەتی. ڕووداوەکان دەستپێدەکەن و کەسایەتییەکان کتوپڕ دەکەون بەچەند گرفتێکدا کە پێشتر هەرگیز تاقییان نەکردۆتەوەو کوڕی ئەو بارودۆخانە نەبوون، بۆ نمونە لەکارمەندێکی ئاسایی بانکەوە بۆ گوێزەرەوەی سەرەوەتی نیشتیمانی و لەسکرتێری نوسینگەی سەرۆک حزبێکەوە بۆ سەرپەرشتیاری گواستنەوەی هەموو یەدەگی ئاڵتون و دراوی نەرویجی. ڕووداوەکە لەچیرۆکێکی ڕاستەقینەی ئەو کەسانە وەرگیراوە کە لەو ساڵەدا ئەو پرۆسەیان ئەنجامداوەو ڕووبەڕووی کوشتن و هێرش و پەلاماری نازییەکان بوونەتەوەو توانیویانە سەروەتی نیشتیمانی خۆیان بپارێزن و بۆ نەوەکانی ئێستایان بەکاریبهێنن و نەهێڵن بکەوێتە دەست داگیرکەران.
لەزۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرچەندە زۆرترین دروشمی نیشتیمانپەروەری دەوترێتەوەو هەزاران کەسی بۆ دەدرێتە کوشت، بەڵام لەیەکەم شکستی دەوڵەت یان شۆڕشدا یەکەمین شوێنێک کە دەدزرێن بانکەکان و دامەزراوە حکومییەکانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە و هەمووشی دەیان بیانووی بۆ ئەوە هەیە.بەبینینی ئەم فیلمە بۆت دەردەکەوێ کەچۆن کۆمەڵە کەسێک دەیان تۆن ئاڵتون دەگوازنەوەو ڕزگاردەکەن بەبێ ئەوەی ماندووبوون بزانن، ئەوەشت بۆ دەردەکەوێ بۆچی ئەوان گەیشتوون بەم ئاستەو میللەتانی ڕۆژهەڵاتیش تا دێت دۆخیان خراپتردەبێت.