کەرکوک و کەرکوکیەکان

3 مانگ پێش ئێستا

رۆژگارێک دڵی کوردستان بووی، دواتر گۆڕای بووی بە قودس، ئێستا دووبارە گەڕایتەوە بۆ باوەشی عروبەو لە ژێر ناوی شاری برایەتی و پێکەوە ژیان. 
لە دوای روخانی بەعس کورد بە کۆمەڵێک ئومێدو پلان خۆیان کردەوە بەم شارەو موژدەی ئازادی و شاری ئاوەدانی و ئاشتی و پێکەوەژیانیان هەڵکردبوو، بەڵام وردە وردە لە جیاتی ئاوەدانی و پێکەوە ژیان لە کەرکوک بەهەموو جۆرێک خەڵکەکەمان روتاندنەوەو چی ستەم و ناحەقی بوو کردمان و چەقۆکەمان تا سەر ئێسقان برد.
ئاشکرایە کەرکوکیەکان بەردەوام لەبەرەی پێشەوەی جەنگی کوردایەتی بوینە لەگەڵ هەموو ئەو گروپ و حزبانەی کە دەوڵەتی عیراقیان بەرێوەبردوە، کەرکوک وەکو قەڵایەک بووە بۆ کورد و ناوچە کوردستانیەکان، ئەگەر بەرەنگاری و بەرخودانی ئەوان نەبا، ئێستا دەبا بەدوای مادەیەکی دەستوری وەکو سەدو چل گەڕاباین بۆ گەڕاندنەوە هەولێرو دهۆک و سلێمانی بۆ سەر کوردستان!!!!!! کەچی لەگەل ئەو هەموو رۆحیەتە بەرەنگاری و کوردانەیە، تەنها لە یەک رۆژە جێمان هێشتن و میراتی قودس و دڵەکەمان رادەستکردنەوەو بەشێنەیی تێمان گەیاندن کە ئێمە شایستەی ئیدارەدانی ئێوە نین و دەتوانن خۆتان بخزێنەوە باوەشی بەغداو بەڵکو ئەمان باوەشێکی باوکانەی گەرمتان بۆ بکەنەوەو رزگارتان ببێت لەو هەموو بگرەو بکێشەییەی بەدرێژایی مێژوی دەوڵەتی بەزۆر سەپێندراوی عیراق بۆی دروستکردون. 
ئەبێت ئێستا کەرکوکیەکان چۆن سەیری ئەم سەرکردایەتیەی کورد بکەن، پێتان وایە ئێستاش وەک سەرکردایەتیەک لێان بنواڕن کە قەدەری خۆیان رادەست بکەنەوە؟ دڵنیام گومان دەکەم جارێکی وێنەی کوردبونی خۆیان لەم گروپە ببینەوە، بە پێچەوانە لەوە دەچێ سەرلەنوێی بەدوای کوردایەتیەکی تازە بگەڕێن کە ئەستمە لەوانەی هەرێم بدۆزرێتەوە.
ساڵێ رابردوو رۆیشتمە کەرکوک و دوکاندارێکم دواند، پرسیاری بارودۆخی کوردم لێ کرد، لەوەڵامدا زۆر بەهێمنی و نائومێدانە وتی جاران کورد زوڵمی لێ دەکردین لەژێر ناوی کوردایەتیەوە ئێستا حەشد و میلیشیا عەرەبیەکان دەیکەن لەژێر ناوی عروبەو شیعەدا. بۆیە کە دەچیتە ناو کەرکوک جگە لە بێهیوایی و بێ دەرەتانی هەستێکی تر ناتگرێت، خەفت لە رۆژگاری رابردوو دەخۆیت بۆ چارەنوسی ئەم شارە گەیشتە ئەم قۆناغە، نەدەکرا تۆزێ دڵسۆزی بڕێک ئیلتیزام هەندێک خەمخۆری، تەنها شتێکی کەم ئەم شارەی لەوە دەپاراست کە بەم دۆخە بگات و جارێکی تر کورد ببێتەوە کەمینەو روبەرووی هەڕەشەی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیا نەبێتەوە!!!! 
ئیمڕۆ قەڵای کەرکوک خۆی چاماندۆتەوە بۆ ئەوەی کەمدەرکەوێت، عەلی مەردان و سەڵاح داودە نایەنەوێت چیتر گۆرانی و قەتارەی کوردی بچڕن، مامە رێشەش لەو سەرەوە خەریکی شانەکردنی ریشەکەیەتی و دەیەوێت دوور بڕوات و تا کەسێک لە کەرکوکیەکان نەیبینەوە. چەمی خاسە دەمێکە بۆڵەی دێت و ساڵانە هەڕەشەی وشکبوون دەکات. گەڕەکەکانی ئازادی شۆریجەو شۆراویش….. بە کزیەوە باسی ئازایەتی گەنجەکانی کۆمەڵە دەکەن و چاویان بۆ دەگێڕێن و دەیانەوێت جارێکی تر لەباوەشیان بگرن و تێر بۆنیان بکەن…….
دڵزار عارف