لەبارەی فیلمی (Atonement)ەوە...
5 مانگ پێش ئێستا
حەمە ك. تۆفیق
مرۆڤ لەنێو هەموو شت و بوونەوەرەکانی دونیادا بەئاسانی تێکدەشکێت و بەئاسانیش چاکنابێتەوە ئەوەی لەنێو تاریکی دەروونی مرۆڤدا دەگوزەرێت، هەندێ جار نە ڕق و کینەیە، نە ئیرەیی و نە توڕەییە، بەڵکو هەموو ئەوانەیە لەگەڵ بیناییەکی لێڵ و تەماویی بۆ ڕووداوەکان، یاخود نەبینی واقعی ڕووداوەکانە وەک ئەوەی کە هەیە!
ڕووداوەکانی نێو ئەم فیلمە لە سێ زەمەنی جیاوازدایە، سەردەمی پێش جەنگ و سەردەمی دوای جەنگی جیهانی و سەردەمی ئێستا، کە بریتییە لە ڕوداوگەلێکی خەیاڵی، خەیاڵێک بۆ کەفارەتی دوو ڕوحی شکێنراو، لە پێش جەنگی جیهانی دووەمدا، کوڕێکی گەنچ بەهۆی تێکەڵبوونی ئیرەیی و خەیاڵپڵاوی و توڕەیی کیژۆڵەیەکی نووسەرەوە، دەچێتە زیندان بە تۆمەتی دەستدرێژیەکی سێکسی کە لە بناغەدا بێتاوانە بەو تۆمەتەمە. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە، پاش ئەوەی جەنگی جیهانی دووەم هەڵدەگیرسێت، ئەم کوڕە لە زیندان دێتە دەرێ بەو مەرجەی بچێت بۆ بەرەکانی جەنگ, ئازادبوون بە مەرج، دەچێتە بەرەکانی جەنگ و هەموو بیرەوەریەکانی بیرکردنی خۆشەویستەکەیەتی لەگەڵ هیواخواستن بە بینینیەوەی.. سەرەڕای چوار ساڵ زیندان و ئازاری جەنگ و کردنی دەیان شتی دیکە، ناتوانێت ئەوە فەرامۆشبکات، کە ئەوەی ئەم دەیەوێت شتێکی دیکەیە و ئەوە نییە کە ئێستا دەیکات و خەریکیەتی! ئەوەی جەوهەری ئەم ڕووداوانەیە، تێزێکە دەربارەی ڕووداو و پێشهاتەکان کە من هەمیشە سەرنجم داوە، گەر زۆر لە ڕووداوەکان و بینینی خۆمان بۆ ڕووداوەکان وردببینەوە، تێدەگەین، ئەوەی کە پێمان وایە دەیزانین و دەیبینین، ئەوە نییە کە دەیزانین و دەیبینین، بەڵکو بینین و زانینی ئێمە پشتبەستە بە خەیاڵ و تەسەوڕی خۆمان بۆ ڕووداوەکان. لێرەدایە کارەکتەری نووسەر کە بۆ هەموو ڕووداوەکان پشتی بەو خەیاڵە ئەدەبییە بەستووە کە بۆ ژیان هەیەتی، لە جەنگی جیهانی دووەمدا، لە نامەیەکدا بۆ خووشکەکەی دەڵێت:"وازم لە بیرۆکەی خوێندن هێناوە لە کامبرێج و ئێستا خەریکی فێربوونی پەرستاریم لە بێلهام، دەمەوێت کارێکی واقعیی ئەنجامبدەم".
تەواوی ئەم چیرۆکە گێڕانەوەیەکی خەیاڵی چیرۆکێکە، بۆچی خەیاڵی؟ چونکە چیرۆکەکە خەیاڵپڵاوی کیژۆڵەیەک کوشتویەتی و نووسەر دەیەوێت لەڕێگەی خەیاڵەوە لەناو چیرۆکەکەدا بیانژێنێتەوە و ببنە پاڵەوانی چیرۆکەکە. چونکە ئەو کوڕەی چووە جەنگ لە کەناراوەکانی دەنکیرکدا لە چاوەڕوانی بەلەماکانی چەرچڵدا مرد و خۆشەویستەکەشی لە بێلهام لەژێرزەمینێکدا بەهۆی بۆمببارانەوە گیانی سپارد و مرد. ئەوەی بە زیندووی مایەوە و ئەم کۆتاییەی پێ قبوڵ نەکرا، ئەو کیژۆڵە خراپبینە خەیاڵپڵاوەیە کە دوای فەترەیەکی زۆر بۆی دەرەکەوێت شاهیدیەکی هەڵەی داوە، لەژێر کاریگەریی توڕەیی و ئیرەیی و خەیاڵدا ئەو شاهیدیەی داوە، وێرانکردنی ژیانی دووکەس لە واقعدا و زیندووکردنەوەیان لە ڕۆمانێکدا بەناوی (پاکبوونەوە - Atonement)ەوە، دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە خۆی پاکبکاتەوە، ئەوەی لە واقعدا بە خەیاڵێکی هەرزەکاری کوشتی، ویستی بە ڕۆمانێک لە دونیای ئەدەبیدا بیانکاتە پاڵەوانی چیرۆکێکی خۆشەویستی، بەڵام لە کۆتایدا تۆ کە بینەر و خوێنەری ئەو ڕووداوەیت، هەرگیز لێی خۆشنابیت، چونکە هێشتا ئەوە ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە گەیاندوێتی، چونکە جۆرێک زیان هەیە، قەرەبوو ناکرێتەوە، وەک لەدەستچوونی ژیان، کێ ئەتوانێ قەرەبووی لەدەستچوونی ژیان بکاتەوە!
لە کۆتایی ئەم فیلمەدا دیمەنێکی فریدریک نیتچەم هاتەوە پێشچاو کە دەڵێت؛"سزادانی ستەمکاران بە دۆزەخی ئەو دونیا، چ سوودێک بە ستەملێکراوانی ئەم دونیا دەگەیەنێت"؟ قوربانیەکانی ئەم ڕووداوە، نە بە سزادانی هیچکەس قەرەبوو دەکرێنەوە، نە هیچ پاداشتێکیش قەرەبووی ئەو ئازارەیان بۆ دەکاتەوە، وەک زۆربەی کەیسەکانی دونیا، ئەوەی لەژێر ناوی قەرەبوودا دەستیان دەکەوێت، تەنها ناوی قەرەبووە، دەنا هیچ شتێک قەرەبووی ئەوە ناکاتەوە کە لە دەستت چووە! لە ڕاستیدا هیچ شتێک قەرەبووی ئەوە ناکاتەوە کە پڕ بە بوونت دەتەوێت و بەهۆکارێک لەدەستت دەچێت، جا بەهۆیی ستەمەوە بێت یاخود بەهۆی ژیانەوەبێ، بەهۆی هەرچیەکەوە بێت، ئەوەی مرۆڤ دەیەوێت، زۆربەی کات ئەوە نییە کە ئەیکات و پێوەی سەرقاڵە، بەڵام لەپای کردنی دەیان شتی دیکەدا هێشتا هەر ئەوەی دەوێت کە دەیەوێت، ئەم فیلمە لەناوبردنی ویستێکە لەگەڵ وێناکردنی ئازاری ئەو لەناوبردنە، دەبێت چەنێک بەئازاربێت بەتەواوی ئەوە لەناوبچێت کە دەتەوێت، سەرەڕای ئەوە هێشتاش هەر بتەوێت، فیلمەکە پڕە لە دیالۆگی سەرنجڕاکێش و دیمەنی زۆر جوان و ڕووداوەکان وردتر و ئاڵۆزترن لەوەی باسمکردووە، بۆیە هەموویم نەگێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی گەر یەکێ ویستی دوای ئەم نووسینەش هێشتا بتوانێت بینەری فیلمەکەبێت، هێشتا چێژی لێببینیت.
فیلمەکە لە ڕۆمانی (پاکبوونەوە- Atonement)نووسەری بڕیتانی (ئییان مەیکیوون)ە، وەرگیراوە کە یەکێکە لە (100)باشترین ڕۆمانەکانی دونیا کە بە زمانی ئینگلیزی نووسرابێت.