ژیان چیە..؟ تۆ چیت..؟
4 مانگ پێش ئێستا
نوسینی: لوقمان حەوێز...
تێبینی: پرسیارەکەم قوڵ و قورسە، بەڵام وەڵامەکەشم سەدا سەد زانستی دەبێت...
تۆ قەت ئەم پرسیارەت لەخۆت کردوە من چیم..؟ لە کوێوە هاتووم..؟
بێ گومان زۆربەمان وەڵامێکی خۆمانمان هەیە کە لە ئایینەکان یان کەلتور و کۆمەڵگاکەمان وەرمان گرتووە، من لاریم نیە و ڕێزیشم هەیە بۆ هەر بۆچوون و بڕوایەک کە یەکە یەکە هەتانە وەکو وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە قوڵ و قورسە...
بەڵام وەرن با هەڵکۆڵینێکی زانستیتان بۆ بکەم و بەدوای وەڵامێکی زانستی ئەم پرسیارەدا بگەڕێم و بەکورتی شرۆڤەی بکەم بۆتان...
دەزانین و دڵنیاین لەوەی کە هەموو پێکهاتەیەکی زیندو وەکو پێکهاتەکانی تری نێو ئەم گەردوونە لە ئەتۆم و وزە پێکهاتووە، بەپێی فیزیای کلاسیکی بارستەکان تەنۆچکەن کە لە پڕۆتۆن و نیۆترۆن و ئەلیکترۆن پێک دێن و وزە و تیشکەکانیش لە فۆتۆن پێک دێن، بەپێی تیۆری کوانتەم یان فیزیای کوانتەمیش بارستەکانیش دەشێت شەپۆڵ بن وەکو تیشک هەروەها دەشێت تەنۆچکەش بن...
بەڵام خودی ژیان بارستە و وزە نیە بەڵکو ئەوەی ئێمە بە ژیان ناوزەدی دەکەین دەرئەنجامی دۆخێکی تایبەتی بارستە و وزەکانە کە لە دۆخێکی تایبەتیدا پێی گەیشتوون، مەبەستم لێرە پێکهاتەکانی ژیان نیە بەڵام دیاردەکەیە کە بەشێک لە بارستە و وزەکانی کردوە بە بەشێک لە ژیان، کەواتە خودی ژیان شتێکی فیزیکی نیە بەدەر لە بارستە وزە، گۆڕانی بەردەوامی گەردوون لەسادەییەوە بەرەو ئاڵۆزی یەکێک لە دەرخستەکانی سەرهەڵدانی ژیان بووە لەو شوێنانەی دۆخەکان گونجاو بوون بە نمونە سەر هەسارەکەمان و لەوانەیە گەلێک شوێنی تر کە تا ئێستا نەماندۆزیوەتەوە و پێیان نازانین، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا سەدا سەد نازانین هەرە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ژیانی سەرەتایی چۆن بووە، بەڵام بەپێی هەموو ئەو زانیاریانەی هەمانە دەکرێت بڵێین دیاردەی سەرهەڵدانی ئەو دۆخەی پێی دەڵێین ژیان بەرهەمی ئاڵۆزی کیمیاییە لە نێو گەردوون...
پەلە مەکەن جارێ هێشتا باسی ژیانی سەرەتایی دەکەم و نەگەیشتووم بە مرۆڤ...
کەواتە لە کوێدا تۆپەڵێک بارستە و وزە بە ژیان لەقەڵەم دەدرێت و دەبێتە بەشێک لە ژیان..؟
هەموو یەکەکی ژیان لە بەکتریاوە تا مرۆڤ دەبێت ئەم سیفاتانە تیایاندا بەرجەستە بێت بۆئەوەی بە بەشێک لە ژیان ناوزەد بکرێن:
یەکەم: پەردەیەک بەدەوری خۆیدا دروست بکات و توانای خۆ جیاکرنەوەی هەبێت لەدەوروبەری خۆی، واتە بەشێوەی خانە هەبێت جیا لە بڕە بارستەی تر...
دووەم: توانای زۆربوون یان دابەشبوونی هەبێت و لەو ڕێگایەوە توانای گواستنەوەی زانیاریەکانی خۆی هەبێت کە خۆی لە سیفاتەکانی دەبینێتەوە بۆ بەشە نوێیەکان، بەکورتی واتە توانای خۆ کۆپی کردنەوەی هەبێت...
سێیەم: توانای دەستکەوتن و بەکارهێنانی وزەی هەبێت کە لە ژینگەوە وەریدەگرێت و بەکاریدەهێنێت، لەو ڕێگەیەوه توانای گەشەکردن و مانەوەی ببێت...
چوارەم: توانای کاردانەوە و خۆگونجاندنی هەبێت، واتە کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر کاریگەریە ژینگەییەکان، هەروەها خۆی بگونجێنێت لەگەڵ دۆخە ژینگەییەکان...
ئەی خودی من و تۆی مرۆڤ چین..؟
مرۆڤیش وەکو هەموو زیندەوەرێک یەکەیەکی ژیانە، ڕاستە ئەگەر تەنیا تەماشای خودی خۆمان بکەین و لێکۆڵینەوە زانستیەکان پشت گوێ بخەین وا دەزانین کە مرۆڤ لەنێو هەموو زیندەوەراندا زۆر زۆر تایبەتە تەنیا لەبەر ئەوەی زیرەکترینە و تاکە زیندەوەرە توانای گەیاندنی زانیاری هەیە لە ڕێگەی زمان، هەروەها لەبەر ئەوەی کەلتور و کۆمەڵگای داهێناوە و خاوەنی هەموو داهێنانەکانە وەکو هونەر و زانست و تەکنەلۆژیا کە لە ئێستادا هەن، بەڵام هەموو لێکۆڵینەوە زانستیەکان و زانستی زیندەوەرناسی پێمان دەڵێن و بە وردی بۆمان ڕووندەکەنەوە کە چۆن ئێمەش زۆر تایبەت نین لەنێو زیندەوەراندا بەڵکو وەکو هەموو زیندەوەرەکانی تر یەکەیەک و بەشێکی زۆر بچوکی ژیانین لەسەر ئەم هەسارەیە...
چۆن و بۆچی هێندە تایبەتی نین..؟
ژیان لەوەتەی هەیە و سەریهەڵداوە ئەوەندەی هەبووە لەسەر هەسارەکەمان بەر لە پتر لە 3.5 ملیار ساڵەوە تاوەکو ئێستا بە پڕۆسەی ئێڤۆڵیوشندا evolution.process تێپەڕیوە کە بریتیە لە گۆڕانی سیفاتەکان و تواناکانی زیندەوەران لە چەند نەوەیەکدا، ئەو پڕۆسەیە پشت بە بژاردەی سروشتی natural.selection دەبەستێت کە لەو ڕێگەیەوە خۆ گونجاندن و مانەوە بۆ تاک وجۆری زیندەوەرەکان زیاتر و باشتر دەبێت، واتە بژاردەی سروشتی وا دەکات زیندەوەران لە ڕێگەی سیفەت و توانا نوێیەکانیان هەلی خۆگونجاندن و مانەوە و زۆربوونیان زیاتر و باشتر بێت، کەواتە پڕۆسەی ئێڤۆڵیوشن لەو ڕێگەیەوه لەو ماوە درێژەی بوونی ژیان بۆتە هۆی گۆڕانی بەردەوامی ژیان و لە ئەنجامدا فرەجۆری و فرەڕەنگی و هەمە چەشنیەکی زۆر لەنێو ژیاندا پەیدابووە لەسەر هەسارەکەمان، ئەو پڕۆسەیە بۆتە هۆی ئەوەی لەماوەی سەدەها ملیۆن ساڵدا ملیۆنەها جۆری نوێ لە زیندەوەران لە گیانداران و ڕووەکەکان سەرهەڵ بدەن و ژیان لەسەر هەسارەکەمان بەو شێوەیەی ئێستا هەیە بڕازێننەوە...
شیردەرەکان کە مرۆڤ تاکە جۆرێکە لەوان گروپێک لە زیندەوەرانن لەسەر هەسارەکەمان، بەپێی گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافیک لایەنی کەم بوونی یەکەم شیردەر دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە 210 ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا کە ئەو کاتە زیندەوەری زۆر بچوکتر بوون، بێ گومان بەو پتر لە دوو سەد ملیۆن ساڵەش بەتایبەتی دوای لەناوچوونی داینەسۆرەکان بەر لە نزیکەی 66 ملیۆن ساڵ گۆڕانێکی زۆر و خێرا لەنێو شیردەرەکاندا ڕوویاندا، ئەو گۆڕانانەش بووە هۆی گەورەتربوونی قەبارەی شیردەرەکان و فرە جۆریان، مرۆڤیش لەسەرەوەی قوچەکی ئیڤۆڵیوشنی شیردەرەکانە و بەپێی نوێترین لێکدانەوەکان لە مەیمونەکانەوە پەری سەندوە بەتایبەتی شامپانزی لە کیشوەری ئەفریقیا، ئەو جیابوونەوە لەنێوان 9 بۆ 6 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکردوە و بەرەنجامەکەی لەکۆتاییدا بەر لە 2 بۆ 3 ملیۆن ساڵ سەرهەڵدانی مرۆڤی کۆن و سەرەتایی بووە، کۆنترین جۆری مرۆڤیش تا ئێستا زانرابێت ژیاوە لەسەر هەسارەی زەوی جۆرێکە بەناوی Homo.habilis و لە نێوان 2.4 ملیۆن ساڵ تا 1.4 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ژیاوە لە ڕۆژهەڵات و باشوری کیشوەری ئەفریقیا، بێ گومان دوای ئەوە جۆرەکانی تری مرۆڤ سەریان هەڵداوە بە مرۆڤی نیاندرتال و ئەوانی تریش، دواتر مرۆڤی هۆمۆسێیپیانە کە ئێمەین واتە مرۆڤی نوێ بەر لە نزیکەی 300 هەزار ساڵ سەری هەڵداوە...
ئەی بۆچی و چۆن ئێمەی مرۆڤ بەئاگاین..؟ ئاگایی چیە..؟
ئێمەی مرۆڤ بوونەوەرێکی بەئاگاین و هەست بەبوونی خۆمان و دەوروبەرمان دەکەین لەڕێگەی هەستەوەرەکانمان، بەردەوام ئەوەندەی بەئاگاین هەستەکانی ناخیشمان تاوتوێ دەکەین و بیردەکەینەوە، ڕابردوش وەکو شریتێکی سینەمایی لە ئەندێشەماندا ماوە وهەیە و دێت و دەچێت، پلانیش بۆ داهاتوو دادەنێین، بەڵام ئێمەی مرۆڤ تاکە جۆری زیندەوەری بەئاگا نین لەنێو ژیاندا لەسەر هەسارەکەمان، لێکۆڵینەوەکان پێمان دەڵێن کە ئاگاییش وەکو پێداویستیەکی ئێڤۆڵیوشن سەریهەڵداوە لە نێو زیندەوەراندا لە قۆناغێکدا بۆ زیاترکردنی هەلی مانەوەیان و خۆ گونجاندنیان، زۆربەی زیندەوەرناسان پێیان وایە زۆربەی هەرە زۆری بڕبڕەدارەکان بە ماسیەکان و خشۆکەکانەوە لەگەڵ هەموو باڵندەکان و شیردەرەکان بەئاگان لەگەڵ ئەوەی هەندێک لەو بڕبڕەدارانە وەکو بۆ نمونە ماسیەکان سیستەمێکی دەماری هێندە پێشکەوتوویان نیە وەکو باڵندەکان وشیردەرەکان، کەواتە دەرکەوتن و بوونی ئاگاییش بەرەنجامی پڕۆسەی ئێڤۆڵیوشن بووە...
بەهێزترین و نوێترین تیۆری ئاگایی لە مرۆڤدا پێمان دەڵێت کە ئاگایی مرۆڤ لە مێشکدا دروست دەبێت لەئەنجامی تاوتوێ کردنی بەردەوام بۆ مێمۆریەکان، ئەو مێمۆریانەی بەدرێژایی ژیان کۆبوونەتەوە و هەڵگیراون لە نێو مێشکدا...