لە سایەی زانست...
4 مانگ پێش ئێستا
لوقمان حەوێز
ئێمە کە لە ئەمڕۆدا ژیان دەکەین لەسەردەمێکی زۆر سەرنجڕاکێشدا هەین بە بەراورد بە هەموو نەوەکانی پێشتری هەموو مرۆڤە هۆمۆسێیپیانەکان کە ژمارەیان پتر بووە له 100 ملیار مرۆڤ و چاویان بە ڕووناکی هەڵهێنا لەسەر ئەم هەسارەیە و نەمان و ڕۆیشتن، ئێمە یەکەم نەوەی مرۆڤین کە ئێستا لە سایەی زانستدا:
- بتوانین پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە دەنگ و ڕەنگ ئەنجام بدەین لەگەڵ هەر مرۆڤێکی تر کە لە هەر بست و کونجێکی سەر ڕووی ئەم هەسارەیە بێت لە ڕێگەی ئامێرێکی بچوکی بێ تەل کە هێندەی ناو لەپە، بێ گومان مەبەستم پەیوەندی کردنە لە ڕێگەی مۆبایلی هۆشمەند کاتێک بە تۆڕی ئینتەرنێت دەبەسترێتەوە...
- یەکەم نەوەی مرۆڤین کە دیمەن و وێنەیەکی ڕاستەقینەی کونێکی ڕەشی نێو گەردوونمان بینیوە...
- لە سەردەمی چاوتیژترین تەلەسکۆپدا دەژین کە تەلەسکۆپی جێمس وێبە، لە ڕێگەی وێنەکانی ئەو تەلەسکۆپە ئێمە بووین بە یەکەم نەوەی مرۆڤ کە دیمەنی قوڵترین و دورترین شوێنی ئەم گەردوونەمان بینیوە...
- توانیومانە بگەین بە پلەی گەرمیەک کە 160 هەزار جار گەرمتر بووە لە پلەی گەرمی چەقی خۆر، پلەی گەرمی لە چەقی خۆر لایەنی کەم دەگاتە 25 ملیۆن پلەی سەدی، بەڵام لە ساڵی 2010 کۆمەڵێک فیزیاناس توانیان بگەن بە پلەی گەرمیەک تا ڕادەی 4 ترلیۆن پلەی سەدی لە تاقیگەی بڕوکلین ی نەتەوەیی لە ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمەریکا، ئەویش بە بەیەکدادانی دوو ئایۆنی زێڕ بە خێراییەک زۆر نزیک لە خێرایی تیشک لەو هایدرۆن کۆلایدەرەی کە هی تاقیگەی بڕوکلینی نەتەوەییە لە نیویۆرک و چێوەکەی 3.8 کیلۆمەترە، ئەو پلەی گەرمیە هێندە بەرزە کە دەتوانێت پڕۆتۆنیش بتوێنێتەوە، مەبەست لە تاقیکردنەوەکە ئەوەبوو دۆخێک دروست بکرێت وەکو ئەو دۆخەی گەردوون کە پیایدا ڕۆیشتوە کاتێک تەمەنی لە چرکەیەک کەمتر بووە، زانیاری زیاتر لە بەستەرێکی کۆمێنتە...
- ئێمە یەکەم نەوەی مرۆڤین کە دیمەنی خۆرئاوابوونی سەر هەسارەیەکی ترمان بینیوە، مەبەستم دیمەنی خۆرئاوابوونی سەر هەسارەی مەریخە، وێنەکەم لە کۆمێنت داناوە...
- بەداخەوە یەکەم نەوەی مرۆڤیشین کە بە زەقی هەست بە گۆڕانی کەش و هەواو گەرمبوونی سەر ڕووی هەسارەی زەوی دەکەین کە نا سروشتیە و لە ڕێگەی چالاکیەکانی ئێمەوە هاتۆتە ئاراوە...
- هەر دیسان بەداخەوە یەکەم نەوەی مرۆڤیشین کە ئەگەری ئەوە هەیە دوا نەوەی مرۆڤەکان بین لەسەر هەسارەکەمان لە ئەگەری بەکارهێنانی ئەو هەموو چەکە بەکۆمەڵ کوژە نهێنیە و ئاشکرایەی کە ئێستا لەبەردەستی مرۆڤەکانە، پتر لە دوانزە هەزار کڵاوەی ناوکی وگەلێک چەکی نهێنی و ئاشکرای تر لەوانە بۆمبە هایدرۆجینیەکان و نیۆترۆنیەکان و چەکە کارۆموگناتیسیەکان و لێزەریەکان...