پەروەردەی هەڵە و هەموومان تاوانبارین
7 مانگ پێش ئێستا
کەوسەر شاخەوان
چالاکوان و ڕاهێنەری پەروەردەیی
ئەوکاتەی ( خێزان ) پێک دەهێنن بێ ئەوەی زانیاریتان لەسەر تێگەشتن لە جیاوازی و زانینی ماف و ئەرکەکانتان هەبێت ، ئەو ساتانەی ئامادە نین ڕۆژانە زۆر نا تەنها نیو کاتژمێر لەگەڵ منداڵەکانتان گفتوگۆ بکەن ، ڕێک ئەوکاتەی لەجێی خوێندنەوە و سەیرکردنی بەرنامەی پەروەردەیی گوێتان تەنها بۆ کۆمەڵێک کەسی ناتێگەشتوو لە ئاین و مرۆڤایەتی و سەدان ڤیدۆ و دراما و فیلمی پڕ خراپە ڕاگرتووە ، منداڵەکەتان دەدەنە دەستی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و دەستی جیهانێکی دەرەوەی خێزان ببێتە پەناگە کە بێگومان لەو دونیایەش هەرکەس بەپێی فیکر و خواستی خۆی کاریگەری لەسەر دادەنێت بۆچی …؟
چونکە ترسان لەوەی ئازادی ببەخشن بە بیرکردنەوەی منداڵەکانتان لە چوارچێوەی خێزان ترسان لەو پرسیارانەی دەیکەن دەترسن لە خوێندنەوەیان دەترسن لەوەی ڕایان جیاواز بێت ، هەر لەبەر ئەمەش کاتێک کەشێکی ( زۆرە ملێ ) دەڕەخسێنن پێتان وانەبێت کۆت و بەندەکانتان عەقڵ و بیرکردنەوەیان کۆت دەکات نا بە پێچەوانە ، ئەوکاتەی هەر لەمنداڵیەوە کوڕەکەت لەجێی ڕێزگرتن لە خوشک و دایکی و ئافرەتان فێردەکەیت شەق و جنێو و وشەی نەشیاو بەکار بهێنێت خۆی بسەپێنێت ، کچەکەت لاواز دەکەیت و دەتەوێت سنوورێک بۆ بیرکردنەوەی دابنێیت لێرەوە مرۆڤێکی پڕ لە خراپە و ترسنۆک و لاواز دەخولقێت تاکێکی پڕ زیان و ناهۆشیار پێشکەشی کۆمەڵگا دەکەیت ، بۆیە هەمووان تاوانبارین لەوەی ڕوودەدات ، لێرە ژیانی هیچ مرۆڤێک پارێزراو نابێت لەدەست خراپەی ئەوانەی پەروەردەی هەڵە کراون ، نە گەنجێک و نە پیر و نە ئافرەتێکی باڵاپۆش و نە ئافرەتێکی سفور و نەمنداڵێک و نە مسوڵمان و مەسیحی و بێ دین ،
بابەتەکە هەڵە تێگەشتن و هەڵە پەروەردەکردنە ،کەواتە( کلتورێکی هەڵە ) جێگای هەموو شتێکی گرتۆتەوە و چارەسەری خراپی پەروەردەش تەنها (پەروەردە و چاکردنی یاساکانە) .
س: ڕوماڵ