زارا لەبەر زاری گیرا و لە ترسی زاریشی ئازاد کرا

4 مانگ پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری
زارا محەمەدی تەوارەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە سەر زمان و زاری کوردی زیندانی کرا و هەر لە ترسی زار و زمانی کوردیش ئازاد کرا. ئەو ڕۆژەی بە شەرعی عەمامە ١٠ ساڵ زیندانی کردنی بۆ بڕایەوە و دواتر کرا بە ٥ ساڵ. ئەوە بڕیاری زیندانی کردنی تەواوی جەستەی زارا نەبوو، بەڵکو زیندانی کردنی زار و زمانی زارا بوو. قفڵدان بوو لە ڕێنووس و وشە و پیتی کوردی. 
ئاشکرا کولتور و شۆڕش و ڕۆشنبیری و مێژووی هەر نەتەوەیەک، لە پێناو مانەوەی خۆی، ئەشێ لە قۆناغێکدا یان هەرگیز کۆمەک بە مانەوەشی نەکەن. بۆ نموونە لە تورکیا تەواوی کولتوری کوردی بە ئاواز و گۆرانی و ساوەر و ماست و قەرەخەرمانەکەشییەوە، مۆرکێکی تورکی لێدراوە و بە تورکی بە دونیادا بڵاوبۆتەوە. شۆڕشەکانی کوردیش یەک لە دوای یەک هەڵئەگیرسێن و گەشە ئەکەن و دواتر پڕ ئەبن لە خیانەت و ئەپووکێنەوە. مێژوو ئەکرێ وەها چەواشە بکرێ کە قێز لە خوێندنەوەشی بکەیتەوە. مێژووی کوردیش عەرەبێک و فارسێک و تورکێک بۆت بنووسێتەوە، یان ئەتکات بە ڕێگر یان شاخاوی یان جنۆکە. 
 کەواتا هەموو ئەو پایانەی مانەوەی نەتەوەیەک ئەشێ لەق بکرێن و خۆیان ڕانەگرن. زمان تاکە هۆکاری مانەوەی نەتەوەیەکن کە دوژمنان لە مەترسی ئەو وشە و پیت و دەنگانە ئەزانن کە لە زمانی خۆیان ناچن. لە مەترسی ئەو ڕستە و مانایانە ئەفامن کە ئەوان تێیانناگەن. دوژمنی نەفام مانەوەی خۆی لە نەمانی تۆ ئەبینێتەوە. ئەوان توانیویانە تاوەکوئێستا مێژوومان بۆ بنووسنەوە و کولتور و ڕۆشنبیریمان بشێوێنن و شۆڕشمان لێ  بکەن بە کۆنتەراکت و سەرکردەمان بە بازرگانی خۆین. بەڵام تاکە شتێک کە لە هەقی نایەن زمانەکەمانە. زمانی کوردی نە پێشمەرگەیە بە فیشەک بیکووژیت و نە سەرکردەشە بە پارە بکڕدرێت. زمان سەنگەرەکەی لە نێو زاردایە و چەکەکەی پێنووس و جبەخانەکەشی مێشکمانە. کەواتا بۆ نەهێشتنی زمانمان ئەبێت ملیۆنان زمان ببڕدرێن، سەددان ملیۆن پەنجە بشکێندرێن و دەیان ملیۆن مێشکیش بپژێنرێن.
زمان ئەو پاسۆردەیە کە دایک مناڵی پێ فێر دەکات و وەکو پۆستێک پشت بە پشت و زمان بە زمان ئەگوێزرێتەوە. زمان وەکو عەبدوڵا پەشێوی شاعیر ئەڵێ کۆدی نەتەوەییمانە، ناسنامەمانە، ئێمە بە بێ زمان نین. لە بەر هەموو ئەمانە هێز و مەترسی زارای موحەمەدی لەو چەکە ترسانەکە بوو کە هەڵیگرت بوو بۆ مانەوەی نەتەیەک. زارا دەستی بۆ ئامرازێک بردبوو کە کاریگەر بوو بۆ بوژانەوەی کلتوری و ڕۆشنبیریمان. زارا دەبوو دوور بخرێتەوە و کپ بکرێت. گەر تا ئێرەش گرنگی زمانمان بۆ مانەوەمان نازانن، ئەوا بە یادەوەرییەکانی مووسا عەنتەردا بچنەوە، بزانن گەر زمان لە گەرێلا و فیشەک و شۆڕش کاریگەرتر نەبووایە، بەدرێژایی دەیان ساڵ حکومەتەکانی تورکیا باجیان لە سەر بەکارهێنانی دانەدەنا. هەڵبەتە ئێرانیش درکی بە مەترسی زمان کردبوو، بۆیە لە زارای موحەمەدی ئاڵاندبوو. 
لە گرتەیەکدا دوێنێ زارا دەڵێت نازانم بە هۆکاری چی و بە پەلەپرووسکێ و لە ناکاو ئازادکرام. من وای بۆ دەچم ئێران لە مانەوەی زارا لە زیندان تۆقیوە. زارا ساڵێک زیاترە زیندانی کراوە. شۆڕشی ژینا پێ دەخاتە مانگی شەشەمییەوە. بە هۆی گۆڕانی کەش و هەواوە لە هەڵکشان و داکشاندایە. ژیلەمۆکەی ماوە و بەهەموو شنەبایەک ئەگەشێتەوە. لە ٢١ ی ئەم مانگەدا ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە. لە ئێستاوە چالاکوانی ئەو بوارە بۆ یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی زمانی دایک لە جووڵەدان. مانەوەی زارا لە زینداندا و یادکردنەوەی ئەو یادە ئەگەری هەبوو زارا بکرێ بە بیانووی گەشانەوەی ژیلەمۆی شۆڕشەکەی ژینا. ماوەتەوە بڵێم ئەگەر ژینا ئەمینی ڕەمزی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە، ئەوا زارای موحەمەدیش سەرقافڵەی بوژانەوەی زمانی دایک و زمانی کوردییە. بۆیە زارا لە سەر زاری گیرا و لە ترسی زاریشی ئازادکرا.