کــۆتایـی کــراوە و داخــراو...
4 مانگ پێش ئێستا
یەکێک لە گلە و گازاندە بەردەوامانەی کە بینەران لە پاش تەماشاکردنی ھەر بەرھەمێکی سینەمایی و زنجیرە تی ڤی و زنجیرە فیلمەکاندا ھەیانە، بە تایبەت لە بەرانبەر زنجیرەکاندا ئەوەیە کە دەڵێن؛«کۆتاییەکـی زۆر خراپ و لاواز! کۆتاییەکـی نامەعقوول! یاخود نەدەبوو کۆتاییەکەی بەوجۆرە بوایە! یان دەبوو کۆتاییەکەی باشترێک بوایە! وە ھیچکەس پێشبینی نەدەکرد کە کۆتاییەکەی بەوجۆرە، یاخود بەوجۆرە نەبێت ... ھد».
سەرەتا؛ بینەر بۆیە ھەیە، تاوەکو ڕای تایبەت بە خۆی ھەبێت، وە گەر بینەر و خوێنەر نەبێت، کار و بەرھەمەکان چ سوودێکیان ھەیە! ھەربۆیە بینەر ڕەگەزێکی سەرەکییە و ئازادە ھەرجۆرە بیروبوچونێکی جیاوازی سەبارەت بە کۆتایی بەرھەمە سینەمایی و تیڤییەکان ھەبێت، وە لەگەڵیدا مافی ھەرجۆرە رەخنەیەکی ژێربێژیانە و لۆژیکانە و تەنانەت ڕەخنەی نالۆژیکیشانەی ھەیە بەوەی کۆتایی کارەکەی بە دڵبووە، یاخود نا.
لە ڕاستیدا، لە دەرەوەی ڕای بینەران، لە پێشدا بابەتێکی دیکەی زۆر گرنگ و بنەڕەتی ھەیە کە وا بەستەیە بە؛ ناوەرۆکـی سیناریۆیەکی نوسراو کە پێشتر (نوسەری سکرینپلەی فیلم، پرۆدیوسەر- بەرھەمھێنەر، دەرھێنەر .. ھد)، لە سەری ڕێکەوتوون کە چۆن و بە چ شێوازێک کۆتایی بە بەرھەمەکەیان بھێنن. واتا؛ بە لە بەرچاوگرتنی سیاسەتی لایەنی بەرھمھێنەران، نەک بینەران. ھەربۆیە لەمڕۆدا زۆررێک لەو بەرھەمانەی کە چەندان وەرز و زنجیرە لە خۆ دەگرن، دەرھێنەر و بەرھەمێنەر دەبێت کارێکی وەھا بکەن بینەر بە ھەڵواسراوی بھێڵنەوە، لەم وەرز بۆ ئەو وەرز بازبازێیان پێ بکەن و پەلکێشیان بکەنە ناو زنجیرە ڕووداوە یەک بە دوای یەکەکانەوە، بەڵام بە بێ بێھیواکردنێکی رەھاییانە، چون بینەر ھەمیشە بە باش و خراپەوە ئەنجامی کۆتایی بەرھەمەکەی دەوێت. وە لە ناخیدا گرەوی پێشوەختەی لەسەر بردنەوە و شکستی کارەکتەرەکان کردووە، ھەربۆیە کاتێک ئەنجامی کارەکان بە ویستی وا دەرناچێت دەڵێت؛ «ئاخر ئەمە کەی کۆتایی بوو! ھۆ ھۆ ئەمیش دیسان بوو بە فشە! بووە بە فیلمی ھندی!
ھەموان دەزانین؛«ھەموو دەستپێێک، کۆتاییەکـی ھەیە»!، بەڵام چ جۆرە کۆتاییەک...
ڕەنگە مرۆڤ ئەنجامی کۆتایییەکان بەڕەھایی نەزانێت باشترێک بێت! یاخود ئەنجام و کۆی ڕووداوەکان لە خاڵێکی بەھێزدا و بە ھەڵواسراوی لە لای بھێڵرێتەوە شیاوتر بێت، چون مەودا بۆ بیرکردنەوە لای بینەران زیاتر دەخووڵقێنێت! چون ھیچ نەبێت بینەر سەرقاڵ دەبێت بە ئەگەر و چانسێکی ترەوە! ئەمە جگە لەوەی کاتێک بینەر ھەر لە سەرتاوە تا کۆتایی بەرھەمێک بەو ھەموو پێکدادان و بەریەککەوتنە خۆش و ناخۆشە گرێ دراوانە ئاشنا دەبێت، بەڵام دواتر کۆتاییەکەی بە دڵ نابێت گلە و گازاندە و رەخنەی دەبێت و بە دوای دەرچەیەکی قایلکەرانەدا دەگەڕێت. بێگومان ئەمەیان بۆ بینەران تەواوە، بەڵام ئەمەیان دادی دەرھێنەر و بەرھمھێنەر نادات و تیماری دەردیان ناکات کە کۆتایی بەرھەمەکەیان بەوجۆرە بێت کە دواتر فرسەتی خاڵی دەستپێکردنەوەیان بۆ نەمێنێتەوە. ھەربۆیە؛ مشتومڕ و نیقاشی زۆر لە مەڕ بابەتی ئەنجامی کۆتایی بەرھەمەکان ھەیە و ھەر ھەبووە و ھەر دەشبێت، بەڵام بە بۆچوونی زۆرێک لە رەخنەگران، لە ئێستادا قفڵـی کۆتایی بەرھەمەکان کەمتر بوونەتەوە و تاوەکو بتوانن ئیدامە بە درێژکردنەوەی بەرھەمەکانیان بدەن کە ئەمەیش زۆرکات دژ بە خواستی بینەرانە و وەک دەڵێن؛ بابەتەکە پارە پەیداکـردنی زیاترە.
شـادمان محەمەد