صەحوەی ئیسلامیی و هەڵپەی دەستەڵات
4 مانگ پێش ئێستا
شاسوار هەرشەمی
زووتریش لە بابەتێکی دیمدا، ئاماژەم بە دوو دیاردەی سەرەتای ساڵانی نەوەدی سەدەی بیست کردووە، کە بۆشاییەکی ئایدیۆلۆژیی گەورەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دەوڵەتانی دی دنیاش دروست کرد.
یەکەمیان بوونی دەوڵەتی زلهێزی یەکیەتی سۆڤیەت، یان شورەوی بوو، کە وەک قەیوم و دایکانەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە هەموو گۆشەیەکی سەر زەوی خۆی دەنواند. کاتێک کە ئەمە دەنووسم، لەمەش بێئاگا نیم، کە هەر زوو دەیان باڵی ئایدیۆلۆژیی دژبەیەکی کۆمۆنیستی بەیەکەوە هەبوون. وەک هێڵی مائۆتسە دونی چینی، هێڵی کیم ئێل سونگی کۆریای باکور، هێڵی هۆشی مینەی ڤێتنامیی، هێڵی پۆل پۆتی کەمبۆجی. هێڵی چاوشیسکۆی ڕومێنیی، هێڵی جۆزیف تیتۆی یوگوسلاڤیی، هێڵی مەمەد شێخۆی ئەلبانیی و دواهەمینیشیان دەرکەوتنی هێڵی ئێورۆکۆمۆنیزم سەرەتا لە ئیتالیا و دواتر لە زۆر شوێنی دی ئەوروپای ڕۆژئاوا.
بەشێک لەو هێڵانە، پەیوەست بوون بە هەلومەرجی کات و جوگرافیای ناوخۆیی دەوڵەتەکانەوە، بەشێکیشی، ڕێک بۆ دژایەتی کردنی هێڵی یەکیەتی سۆڤیەت بوون، کەچی بە هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ز، هەر هەموو هێڵە کۆمۆنیستیەکانی دی ئیفلیج بوون، یان پەردەی کۆمۆنیستیان لەسەر ڕوو لاچوو. لە هەندێک دەوڵەت، کۆمۆنیستانی دوێنێ، دواتر وەک دەستەڵاتی دیکتاتۆر و میراتیی، درێژەیان بە حوکم کردنی خەڵکی دا. واتا هەموویان بەو هەوایەوە هەناسەیان دەدا کە لە مۆسکۆوە هەڵی دەکرد.
کۆمۆنیزم، لەم سی ساڵەدا، بە گەواهی لایەنگران و ناحەزانیشی، لە پاشەکشێیەکی بەردەوامی ئایدیۆلۆژیی و هیژمۆنیی دایە. ئەم بۆشاییە ئایدیۆلۆژییە، بە گشتی هەموو دەوڵەتانی گرتەوە، بەڵام زیانی گەورەی بۆ ئەو گەلانە بوو، کە هێشتا قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانیان کۆتایی پێنەهێنابوو. خاوەنی دەوڵەت و دامەزراوەی حوکمداریی نەبوون.
هاوکات لەگەڵ داڕمانی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستیی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بیرۆکەی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی یەک نەتەوەیی کەوتە تێکشکان. یەکەمین گورز، ساڵی ١٩٧٩ز، بەر ڕەستاخیزی پان ئاریامیهری فارسستانی ئیرانێ بوزورگ کەوت. دوای ئەوە و هەر بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕیانەی لە ئێرانەوە دەستی پێکرد، عێراق بۆ ئەوەی قەرزە زۆرەکانی شەڕی لەگەڵ ئێران بداتەوە، ناچار بوو تا کوەیت داگیر بکات. من زۆر زوو نووسیومە، کە پان عارەبیزم و بیرۆکەی نەتەوە پەرستی عارەب، لە ساڵی ١٩٩١، هەر لە کوەیت گۆڕی بۆ لێدرا و کۆتایی پێهات. دیارە دواتر دەوڵەتە پان تورکیزمەکەی عەتاتورکیش بووە ئیسلامی ئیخوانچیی.
بەهۆی بۆشایی گەورەی ناسیۆنالیزم و کۆمۆنیزم، بیری ئاینیی، کە زووتر دەمێک بوو خەڵک پێی ئاشنا بوو، توانی بە خێرایی بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە. جگە لە ئێران و تورکیا و پاکستان و ئەفغانستان و قەتەڕ و بەرەی غەززە، هەوڵی دەستەڵات گرتنە دەست، لە سەرجەم دەوڵەتە ئیسلامیەکانی دیش، بە شێوەی جۆراوجۆر لە ئارادایە.
بە دڵنیاییەوە دەڵێم. لە هەر وڵاتێکی ئیسلامیی، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنێکی ئازادانە بکرێت، ئەوا هێزە ئیسلامییەکان لە پێشەوەی دەنگەکان دەبن و براوەن. لە سێ دەوڵەتی باکوری ئافریکا، مەبەستم میسر، تونس و جەزائیرە، دوای سەرکەوتنی حیزبە ئیسلامییەکان، سپا بە کودەتا دەستی بەسەر دەستەڵات داگرتۆتەوە. ئێستاش بە لاواز بوونی دەستەڵاتی سپا لەو سێ دەوڵەتە، ئیسلامییەکان بە ئاسانی دەتوانن بێنەوە سەر دەستەڵات.
لە بەشێک لە دەوڵەتەکانی کەنداوی عارەب (عەرەبستانی سعودییە، کوەیت، ئیمارات...) بەهۆی زووتر سەرکوت کردنی حیزبە ئیسلامییەکان و پشتگیری بەهێزی کارتێلەکانی نەوت و گازیی ڕۆژئاوا لەو دەستەڵاتە خێڵەکیی-دینییانە، هەروەک بەهۆی ئەوەش، کە لەو شوێنانە، بە کردەوە یاساکانی شەریعەت پەیڕەو دەکرێت، جۆرێکی دی لە ئیسلامی سیاسیی لایەنگری دەستەڵات، واتا بزووتنەوە سەلەفییەکان، بواری کارکردنیان پێدراوە.
ئەوان تەنیا بە فتوا دانیان، کە واجیبە و دەبێت هەموو موسوڵمانان، ملکەچی حوکمی دەستەڵاتدار بن، تەنانەت ئەگەر دەستەڵاتدارەکە گەندەڵ و فاسقیش بێت و بەڵام هەر بە ناو موسوڵمان بێت، دەستەڵاتیان ڕازی کردووە.
بەمجۆرە سەلەفییەکان بە خۆ گونجاندنیان لەگەڵ حاکمایەتی گەندەڵ و فاسق و پەسەند کردنی مەرجەکانیان، کە خۆیان وەک حیزب نەناسێنن، بواری ئەوەیان بۆ ڕەخساوە تا لەلایەن حاکمە موسوڵمانە فاسقەکانەوە، پارە و پولیان بۆ هەڵبڕێژدرێت، تا بتوانن کۆمەڵگا بنکۆڵ بکەن.
لە هەرێمی کوردستان، دەستەڵاتی خێڵەکیی، بە سود وەرگرتن لە چارسەرنەکرانی هەموو کێشە نەتەوەییەکان، توانیویانە دەستەڵات بگرنە دەست. هاوکات هەردوو بنەمالەی دەستەڵات، لەلایەن دەوڵەت و دەزگا ئیستیخباراتییەکانی ناوچە کۆمەک و پشتگیریی دەکرێن و لە مەترسی خۆپیشاندان و ڕاماڵینی دەستەڵاتیان پارێزراون. بەمجۆرە حیزبە ئیسلامییەکان لە هەرێم، لە بارێکی چەق بەستووی هاوشێوەی دەوڵەتانی باکوری ئافریکا دان و ناتوانن لێرە دەستەڵات بگرنە دەست. هاوکات هەردوو دەستەڵاتی خێڵەکییش، سەرەڕای ئەوەش کە سیخناخن بە چەکداران، بەڵام دەزانن کە چەندە قێزەون بوون و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی توڕەیی خەڵکیان نیە، بۆیە ئەوانیش هەمان ڕێچکەی دەوڵەتانی کەنداویان گرتۆتە بەر. پارە دان بە دەستە سەلەفییەکان. ڕێگا پێدان و پاڵپشتی کردنیان بە کردنەوەی کەناڵی ئاسمانیی و ڕادیۆ بۆ بانگەشە. کنە کردنیان لە ناو دامەزراوەکان، بەتایبەت کەرتی پەروەردە زۆر بەرچاوە، تەنیا بەو مەرجەی کە سەلەفییەکان پشتگیری لە دەستەڵاتی گەندەڵ و فاسقیان بکەن و جاربەجاریش سەرانی دیاری سەلەفیی، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەربکەون و دەستیان لەناو دەستی ئەم حاکمە گەندەڵانە بێت و داواش لە بڕاوداران بکەن کە:- واجیبە و دەبێت ملکەچی حاکمی فاسقی موسوڵمان بن.