مرۆڤی موسڵمان و چێژوەرگرتن لە ئازاری ئەویدیکە

4 مانگ پێش ئێستا

پێشڕەو محەمەد
لە ئەڵمانییدا زاراوەیەک هەیە پێیدەگوترێت «شادنفخۆیدە» (Schadenfreude)، کە وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆ و دەقیق لە هیچ زمانێکدا بەرانبەر بەم وشەیە بوونی نییە و بەگشتیی هەمووان وەک خۆی بەکاریدەهێننەوە. بە کورتیی مەبەست لەوەیە: کاتێک دەبیستیت یەکێک ئازاری بەرکەوتووە و دەناڵێنێت، تووشی کەش و هەوایەکی پڕ لە جۆش و خرۆش دەبیت کاتێک دەبیتە شایەتحاڵی ئازار، مەینەتیی، ئیهانە و تێکچوون و داوەشانی ئەویدیکە. هیچ گرنگ نییە ئەو ئەویدیکەیە کێیە، گرنگ ئەوەیە ئەم ئازارە دەبێتە هۆی حاڵلێهاتن و نەشئەی دەروێشانەی تۆ. وشەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە: «Schaden» (واتا: شکان، وێرانبوون، زیانپێگەیشتن، ئازارچەشتن)، و «Freude» (خۆشحاڵبوون و چێژوەرگرتن). هەندێک کەس بە «سادیست» وەریانگێڕاوە (پییر کلۆسۆڤسکیی فەڕەنسیی)، بەڵام لە ڕاستییدا سادیست نییە و زۆر قووڵترە لە تەنها چێژی جەستەیی لە ئازاردانی ئەویدیکە. 
نیچە یەکەم بیرمەندی ئەڵمانییە، لە دژی ئەخلاقیاتی مەسیحیی ڕەهەندی فەلسەفیی بەم زاراوەیە بەخشیوە، بەتایبەت لە کتێبی «زانستی شاد»دا و هاوکات تێگەیشتنەکەی دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بەشێکی زۆر لە دەروونشیکارانیش. لەو دەروونشیکارییەی ئیلهامی لە نیچە وەرگرتبوو، عەشق و خۆشەویستیی بۆ یەکسانیی لەنێو مرۆڤەکاندا لەژێرناوی دادپەروەرییدا، لە بنەڕەتدا ماسکێکە بۆ شاردنەوەی ئیرەیی و حەسادەت و لەم ڕێگەیەوە ئەوە چینەکانی خوارەوەن دەیانەوێت لەژێر ئایدیای یەکسانییخوازییدا زیان بە چینەکانی سەرەوە بگەیەنن و لەم ڕووەوەش خۆشحاڵ ببن. نیچە مەسیحییەت بە ئەخلاقیاتی بەزەیی و دوورکەوتنەوە لە زەبری هێز و چێژوەرگرتن لە ئازاری ئەویدیکە تۆمەتبار دەکات و لێرەوە پێیوایە محەمەد لە مێژووی ئایینەکاندا، دوای هیندووسەکان، یەکەم کەسە پێی ناکەوێتە نێو ئەخلاقیاتی بەزەییەوە، بەڵکو سەر بە ئەخلاقیاتی دژە-بەزەیی، بەکورتیی، سەر بە ئەخلاقیاتی «شادنفخۆیدە»یە، واتا چێژوەرگرتن لە ئازاری ئەوانیدیکە. 
ئەمڕۆ لە دونیادا کە هاوسۆزییەکی گشتیی سەبارەت بەو کارەساتە مرۆییە دروستبووە و لە سەرتاسەری دونیادا، کۆمەکی دارایی و مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کۆدەکرێتەوە، هاوسۆزیی و هاودەردیی مرۆڤەکان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان و لێقەوماوان لە دەرەوەی هەموو چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی و نەتەوەییەوەیە، کەچی تەنها لێرە و لەوێ دەبینیت نوێنەرانی موسڵمانان چێژ لە ئازاری ئەوانیدیکە وەردەگرن بەبێ ئەوەی لە خوارەوەی کۆمەڵگەوە لەلایەن موسڵمانانەوە ڕووبەڕووی هیچ جۆرە ڕەخنە و دادگاییکردنێکی مرۆییانە ببنەوە. لەم دۆخانەدا تۆ دەتوانیت لەوە تێبگەیت کە بۆچی فەیلەسوفێکی ئەڵمانیی بێ ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر موسڵمانان هەبێت، بە تەنها نوێنەری ناو تیۆری «چێژوەرگرتن لە ئازاری ئەوانیدیکە» دەیانبینێت. 
چێژوەرگرتن لە ئازاری لێقەوماوان، زیانلێکەوتووان و قوربانیان، ئەوانەی وەک-تۆ-لەدایک-نەبوون، شتێکە بەردەوام مرۆڤانێک بەرهەمدەهێنێت، هەمیشە دەست-لەسەر-سینە ئامادەبن حوکم بکرێن، ئیهانەیان پێبکرێت و ژێردەست بمێننەوە. بەپێچەوانەوە هاوسۆزیی و هاودەردیی لەگەڵ زیانلێکەوتووان و قوربانیان جۆرە بەهایەکی ئەخلاقیی بەرهەم دەهێنێت، لە مرۆڤدا مۆدێلێکی سیاسییش دروستدەکات ڕێگە بەوە نەدات ژێردەست بێت. لێکۆڵینەوە لە مرۆڤی موسڵمان کە بۆچی هێندە توندوتیژە، هێندە خۆشحاڵە بە زیان و ئازاری ئەوانیدیکە کە تەواو وەک خۆی نین، (زۆرجار بگرە ڕەنگە لە نەتەوە و چین و پێکهاتەی خۆشی بن، کە لێرەدا پەڕگیرییەکە دەگاتە لوتکە) پێویستە بچێتە ناو قوڵایی ڕۆحی مرۆڤی موسڵمانەوە. 
تێبینیی: هیوادارم کەس نەنووسێت ئەمانە نوێنەری کۆمەڵگەی موسڵمانان نین. پرسیارەکە ئەوەیە کە نوێنەری موسڵمانان نین، ئەی بۆ تەنها لەناو موسڵماناندا سەرهەڵدەدەن و دەبنە سیلیبریتی؟ لەبری ئەم جۆرە پاساوانە، سەردەمی بەخۆداچوونەوە هاتووە. مرۆڤی موسڵمانیش پێویستە وەک هەر مرۆڤێکی دیکە، لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیای دینەکەیەوە، بەشداریی لەکۆمەڵگەی مرۆییدا بکات.