جەنگی باتمانەكان و جۆكەرەكان
4 مانگ پێش ئێستا
بــاتمانەکــان، بەردەوام دژی جۆکەرەکـان دەجەنگن، بەڵام ھەمیشە جۆکەرەکان براوەی خەڵاتەکان دەبن! واتا؛ بەرەی چاکە لە بەرانبەر خراپەدا شکست دەخوات.
بە بەمانایەکی دی، لە دونیادا بە ڕێژەیەکی بەرچاو گەرچی بەرەی چاکەخوازان و ئاشتیخوازان بەردەوام لە ھەوڵی بە دەستھێنانی ئاشتی و چاکە و دۆخی سەقامگیریدان، بەڵام زۆرکات لە بەرانبەر بەرەی خراپەکاراندا شکست دەخۆن! چون بە زۆری بەرەی ئاژاوە و ئاشووب لایەنگریان زۆرترە، تاوەکو چاکەکاران! ھەر ئەمەیش بۆ خۆی تا ڕادەیەکی بەرچاو نیشانەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بەوەی بەرەی خراپەکاران بەسەر بەرەی چاکەکاراندا زاڵترن. ھەربۆیە ئەو کەس و مرۆڤانەی ڕووبەڕووی گەندەڵی و فەسادی کەسەکان و جیھان دەبنەوە ئەرکیان زۆر قورس و ئەستەمتر دەبێت و بەردەوام دوچاری گێرمە و کێشەی زۆر قورس دەبنەوە و زۆرکاتیش لە بەرانبەریدا نەک شکست دەھێنن، بەڵکو باجی ژیانیشی لەسەر دەدەن، تەنانەت گەر لە سەر ئاستی جیھاندا ڕاپرسیەیەک ئەنجام بدرێت سەبارەت بەوەی لایەنگرانی بەرەی ستەمکار زۆرترن، یاخود دژە ستەمکار، پێدەچێت بەرەی ستەمکار براوەتر بن!
ھەربۆ وێنە؛ بە ئێستایشەوە گەر سەرنج بدەین ھێندەی کەسە دیکتاتۆر و ستەمکارە دیارەکانـی وەک؛ ھیتلەر و ستالین و سەدام و ھاوشێوەکانیان لایەنگریان زۆرترە، ھێندە سەرکردە خاکی و میانڕەو و شۆڕشگێڕەکانی وەک؛ ماندێلا و گاندی و خۆسیە مۆھیکا و چێ گێڤاراکان لایەنگریان نیە.
شــادمان محەمەد