رۆڵی ناو لەسەر كەسایەتی مرۆڤ
2 مانگ پێش ئێستا
راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید
ئایا رۆژێك لە رۆژان بیرت لە گرنگی ناو كردۆتەوە بۆ منداڵەكەت؟ تاچەند ناو دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە بونیادنانی كەسایەتی مرۆڤدا؟ ناسناوی ناشیرینت لكاندووە بەناوی منداڵەكەتەوە؟
ناو فۆڕمێكە لەكاتی دەربڕیندا بۆ ناساندن بەكاردێت، هەر لەوساتەی منداڵ لەدایك دەبێت ناوی دەبێتە یەكەم دیاری بۆی لەلایەن دایك و باوكییەوە، چونكە ناو بەشێكی گەورەی كەسایەتی مرۆڤە.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو ناوە لەسەر چ پێوەر و بنەمایەك دیاریدەكرێت بۆ ئەم منداڵە، چونكە زۆرجار لەپشت هەر ناونانێكەوە هۆكار و رووداوێكی خۆش یان ناخۆش هەیە.
لە هەر كۆمەڵگەیەكدا كەلتور و رێسای تایبەت هەیە بۆ دیاریكردنی ناوی منداڵەكانیان، چونكە ناو بەشێكە لە كەسایەتی مرۆڤ لە رێیەوە تاكی كۆمەڵگەی پێدەناسرێت، بەهۆی ناوەوە كەلتورە جیاوازەكان لەیەك جیادەكرێتەوە. بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەشدا زۆركات ناوی منداڵەكانیان دەلكێنن بە رووداوە ناخۆشەكانی ژیانیانەوە، بەم هۆیەوە چەند پرسیارێكم ئاڕاستەی چەند كەسێك كرد لەپشت ناوەكانیانەوە چ رووداوێك هەیە؟
رووداوی پشت ناوەکان
ئەوین كچێكی 28 ساڵە و باسی لە رووداوی پشت ناوەكەی خۆی كردو وتی: نۆ ساڵ لەمەوبەر ناوی خۆمم لە شێواوەوە گۆڕی بۆ ئەوین لەڕاستیدا هیچ ناوەكەی خۆمم بەدڵ نەبوو، چونكە هۆكاری ناوەكەم بەسترابۆوە بە رووداوێكی دڵتەزێنەوە ئەوكاتەی من لەدایك بووم ساڵی 1994 لە شەڕی ناوخۆ خاڵم شەهید بووە، هەر لەم رۆژەدا 34 كەسی تر لە كۆیە شەهید كراون. واتا رۆژی لەدایك بوونم رۆژێكی سەخت و شێواو و ئاڵۆز بووە هەر بۆیە ناویان لێنابووم شێواو، دایكم لەگەڵ هەر ناو هێنانێكم زۆر ئازاری دەچێشت و برینی كۆنی بیر دەكەوتەوە و بێتاقەتی دەكرد، بۆیە لە كۆتاییدا بڕیارمدا ناوەكەم لە رووداوێكی ناخۆشەوە بگۆڕم بۆ ناوێكی ئەرێنی و خۆشەویستی.
فرمێسك تەمەنی 24 ساڵە و باسی رووداوی پشت ناوەكەی خۆی کرد و وتی، هەر لە ساتی لەدایك بوونم دایكم تووشی غەم و ئازارێكی زۆر هاتووە، دایكم دەڵێت ئەوكاتەی تۆ هاتیتە ئەم ژیانەوە ژیان بۆ من تەنها فرمێسك و گریان بووە بۆیە ناویان لێناوم فرمێسك، هەرچەندە ئەوە تەنها بەستراوە بە خەم ئازاری ئەوكاتی دایكمەوە، بەڵام هەستەكەم ئێستاش ناوەكەم لەگەڵ ژیانم تێكەڵاوییەكی دروستكردووە ژیانی منیش بووە بە فرمێسك و بێتاقەتی هەمیشە دەڵێم خۆزگە ناوەكەم ئەوەندە ئازار بەخش نەبوایە.
غەمبار سەباح باسی رووداوی پشت ناوی خۆی بۆكردین و وتی، لە 1992 لەدایك بووم رووداوە تراژیدیاكەی خێزانەكەم ئەوە بووە كێشەیەكی كۆن و دوژمنداری هەبووە لە نێوان دوو خێزان كە هاوخوێن و ئامۆزابوون، بەردەوام شەڕ و ئاژاوە و ناكۆكی لە نێوانیاندا هەبووە تا كاتی لەدایك بوونم خاڵم لە ئاهەنگێكی زەماوەند دەكوژرێت بەهۆی ئەو دوژمندارییەوە، بۆیە دایكم ناوم دەنێت غەمبار، لەبەرئەوەی زۆر غەمبار بووە و ناخۆشترین ساتەوەختی خێزانەكەم بووە، دایكم دەڵێت: هەرگیز ئەو رۆژە رەشە لەیاد ناكەم.
كاریگەریی ناو لەسەر كەسایەتی
ئەو رووداوانەی لە ژیانماندا روودەدەن تاڵ بێت یاخود شیرین شوێنەوارێك جێدەهێڵن لەسەر بیرەوەرییەكانمان هەمیشە بە زەردەخەنەیەكەوە یاخود ئاهێكی ساردەوە باسیان لێدەكەین، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بەستنەوەی ئەو رووداوانەیە به ناوی منداڵەوە بەتایبەت رووداوە خەمناكەكان، چونكە منداڵ پاكە و بەر لەوەی لەدایك بێت بێ ئاگایە لە رەوشی خێزانەكەی بۆچی ناوەكەی تێكەڵی رووداوی ناخۆش بكرێت؟
خۆ ئەگەر تێكەڵ بە رووداوە جوانەكان بكرێت ئەمە كارێكی زۆرباشە، بەڵام بەداخەوە ناوەكەی دەبەسترێتەوە بە كارەساتێك یاخود دۆخێكی نالەبارەوە.
كاریگەریی و رۆڵی ناو لەسەر كەسایەتی منداڵ وەك رەنگدانەوەی ئاوێنەیەكی روون وایە، بۆیە باشترە تابتوانین ناوێكی ئەرێنی و خۆشەویستی بنێین لە منداڵەكانمان بۆئەوەی كاریگەری ناوەكەی تیشك بداتەوە لەسەر كەسایەتی و بە ئومێد و هیواوە لە ژیان بڕوانێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا زۆرجاری تر هەیە منداڵ خاوەن ناوێكی جوان و مانادارە، بەڵام لە كەلتوری ئێمەدا ئەو ناوە دەشێوێنرێت ناوەكە كورت دەكرێتەوە بە لادانی پێشگرێك یان پاشگرێك یان سەرتاپای ناوەكە دەشێوێنن بۆ نموونە: پێشڕەو - پێشە، سەركەوت- سەرە. جگە لەمانەش زۆر كاتی تر هەیە تەواوی ناوی كەسەكە دادەماڵرێت و دەیكەن بەناوێك كە زۆر دوورە لەناوی خۆیەوە ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو كەسە لە كەسێكی تر دەچێت یاخود ئاخاوتنی نان خواردنی پێكەنینی رۆشتنی لە كەسێكی تر دەچێت رێك ناوی كەسی دووەم دەلكێنن پێوەی بەهۆی ئەو گریمانەیەی كە لەو دەچێت.
دایك و باوك زۆرجار كۆمەڵێ ناو و ناتۆرەی وەك كوێر، سەقەت، كەڕ، گێژ، درۆزن دەخاتە پاڵ ناوەكەی. بێ ئەوەی بیر لە كاریگەرییە خراپەكەی بكاتەوە بۆ سەر كەسایەتی و دەروونی منداڵەكەی وایلێدەكات هەر لەگەڵ ئەم قسەیەدا بژی و هەست بەكەموكوڕی خۆی بكات .
چۆن پارێزگاری لەناوی منداڵەكەت دەكەیت؟
*ناوی منداڵەكەت وەك خۆی بڵێ و كورت و بێمانای مەكەرە و رێگە بەهیچ كەسێك مەدە ناوی منداڵەكەت سووك بكات.
*وەک رێز و خۆشەویستی بۆی ناوەكەی جوان و گەورە بكە بۆ نموونە گوڵ، خاتوو، كاك، خان ....هتد بەكاربهێنە.
*ناوێكی مانادار و خۆش بۆ منداڵەكەت بدۆزەرەوە و مانای ناوەكەی بۆ روون بكەرەوە.
*خۆت بپارێزە لە ناوێك كە واتاكەی دیارنییە و نازانیت بەمانای چی دێت.
*هەوڵبدە دووربیت لەو ناوانەی نەرێنین و مایەی بێتاقەتین.