چ مەزهەبێکی دینی لەسەر حەقە؟
3 مانگ پێش ئێستا
ڕێبین ئەحمەد رەشید
دین و حزوری دینی ئەمڕۆ لەهەر شتێکی دیکە زیاتر لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی ئێمەدا خۆیان دەردەخەن. هەندێ جار خودی ئەم حزورە زۆرە کارێک دەکات دین و تێکستی دینی ببنە قوربانی دەستی پارێزەر و دژەکانی دین لە هەردوو سەرەوە. لایەک دەیەوێت تەنها تێگەیشتنە دۆگما سحەتحیی و زاهیربینەکەی خۆی بکاتە کۆی دین و بیگشتێنێت، لاکەی دیکەش گوتارەکەی بە هەموو شێوەیەک هەر دژایەتی ڕەتکردنەوەی دین و ڕەکیزە دینییەکانی نێو کۆمەڵگادا خۆی بەیان دەکات بەبێ ئەوەی بتوانێت بەدیلێک بداتە دەست کۆمەڵگا.
لەم نێوەندەدا کاری ڕۆشنبیری دینی زۆر قورس و گران و نەکردەیە، کە دەبینێت لایەنێک تەدلیل تەنها بە دەق دەکات و عەقڵ قوفڵ لێدەدا، لایەکی دیکەش دەق لەبەرژەوەندی دۆگماکەی خۆی تەحریف دەکا و ەجەڕێنێت ئەم ناتوانێت بێدەنگ دانیشێت. لەلایەک مەلەو ئەربابانی دین بە بێدینی دەزانن، لەلایەکی دیکەوە دژە دینییەکان وەک دینباز تەماشای دەکەن، بەڵام ئەم باکی نییە.
ڕۆشنبیری دینی نەپارێزەری دینە نە دژە دین، ئەو کەسێکی حەقیقەت سەنتەرە، بە شوێن حەقیقەتدا دەگەڕێت. ڕۆشنبیری دینی نەک هەر نابێتە کۆیلە و ئەندامی ئایدۆلۆژیایەکی دینی یان دژە دینی دیاریکراو، بەڵکو ئەو بە چاوێکی حەقیقەت تەڵەبەوە بەدوای ڕیشەی کێشە و دەرکەوتە دینییەکانی نێو کۆمەڵگادا دەگەڕێت. حەقیقەتسەنتەرییەکەی وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکانی دەداتەوە. ڕۆشنبیری دینی جیاوازییەکان وەک نەگبەتی و ئافەت نابینێت. چونکە لە ڕیشەوە لە بونیادی مرۆڤ تێگەیشتووە سەبارەت بە دین و دیاردە دینییەکان.
ڕۆشنبیری دینی باش لەوە تێدەگات کە هەروەک چۆن ئەوەی ئەمڕۆ هەیە بەناوی پرۆتستانت و کاتۆلیکەوە پەیوەندی بە حەزرەتی عیساوە نییە، بەهەمان شێوە فیرقە و بۆچوونە مەزهەبی و دینییەکانی نێو ئێسلامیش لە شیعە و سوننە، ئەشعەری و موعتەزیلە، سۆفی و سەلەفی پەیوەندییان بە حەزرەتی موحەمەدەوە نییە. کات و تێپەڕینی ئەم تێکستە دینیانە بەنێو دڵ و دەروون و زیهنە جیاوازەکانی نێو جوگرافیا جیاوازەکان ئەم جیاوازییانە دروستدەکات و زۆریش ئاسایین، ئەوەی نائاساییە فیرقەیەک لەنێو ئەم فیرقانەدا بێت بیەوێت ئەوە بڵێت کە دینی ئۆرجیناڵ و بێ خەوش لای ئەوە و ئەوەی دەرەوەی تێگەیشتنەکەی خۆی بکاتە دەرەوەی بازنەی خۆی.
ئێمە لە ئێستادا نەک بە تەنها دین و بۆچونی دینی پوختمان نییە، لە دونیایەکی ناخەوش و ناپوختی واشدا دەژین کە هیچ شتێک تێیدا بەتەواوی پوخت ڕاست و ئۆرجیناڵ نییە، دیارە خودا خۆشی لەم دۆخە تووڕە و ناڕەحەت و بێزار نییە، چونکە هەر خۆی ویستوویەتی شتکە وابێت.
کاک ناسری سوبحانی لە پێناسەی نەفسدا پێی وایە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی ڕۆحێکی پوخت لەگەڵ جەستەیەکی ناپوخت شتی سێیەم دروستدەبێت و خودا ناوی لێدەنێت نەفس، مانای نەفس لە قورئاندا بە بۆونی سوبحانی ئەمەیە. ئێمە نە ڕۆحە پوختەکەی جارانین "ونفخت فیە من روحی" نە قوڕە تەواو ناپوختەکە. "قوڕ وەک ڕەمز بۆ جیهانی نزمی." ئەوەی هەیە نەفسێکە و ئیختیاری دراوەتێ، دەتوانێ ببێتەوە ڕۆحێکی پوخت یا قوڕێکی تەواو ناپوخت، قورئانیش دەڵێت ئیختیاری دراوەتی ببێتە "احسن التقویم" یان بگەڕێتەوە بۆ "اسفل السافلین" و کەس مافی ئەوەی نییە ئەم ئیختیارەی لێ زەوت بکات.
کەواتە لەم دونیا ناپوختەدا نە حەقیقەتێکی موتڵەق و بێ خەوش هەیە نە باتڵێکی تەواو و ناپوخت، حەقیقەت هەمیشە توێکڵ وڕەهەندێکی ناپوختی هەیە چونکە بۆچوونی ئێمەی تێکەڵ بووە. مادەم ئەوەی هەیە بەنێو فلتەری ئێمەدا ڕۆیشتووە کەواتە خەسڵەتەکانی ئێمەشی وەرگرتووە، ئێمەیی بووە. مەولانا پێی وایە ئەوەی کە دەڵێت هەموان بە ڕەهایی حەقن ئەحمەقە، ئەوەشی دەڵێت هەموان باتڵن ئەوە نەگبەتە، واتە لەهیچ شوێنێک حەقیقەت و باتڵی ڕەها بوونی نییە، لە دونیایەکدا کە قوڕەکەی بە ئاوی ڕێژەیی بوون شێلدراوە کەواتە هەموو شتێکیش تێیدا ڕێژەییە:
ان کە گوید جملە حق اند احمقیست//ان کە گوید جملە باگل او شقی است
مێژوو نەوەی نیشانداوە جیاوازی بۆچوونە دینییەکان و نەلکان بە بۆچوونێک یان مەزهەبێکی دیاریکراوەوە هەمیشە بەرهەمدار و جوان بووە. قەبوڵنەکردنی جیاوازییە مەزهەبی و عەقەدییە دینییەکان بە بیانووی لانەدان لە دینی ئۆرجیناڵی سەلەف "کە نییە"، وەک ئەوە وایە هەمیشە پەنجەرەی ژوورەکەت بە داخراوی بەجێبهێڵێت بە بیانووی ئەوەی تەپوتۆز و مێش و مەگەز نەیەنە ژوورەکەتەوە، هەوا ناپوختەکەی دەرەوە تێکەڵ بەهەوا پوختەکەی ژورەکەی تۆ نەبێت. دیارە هەوای دەرەوە هەوایەکی ئالوودەیە بە زیندەوەر و تەپوتۆز بەڵام نە مێشولە و نە تەپوتۆز ناکەنە ئەوەی تۆ هەرگیز پەنجەرەی ژوورەکەت نەکەیتەوە.