پەروەردەو ئەولاتر
3 مانگ پێش ئێستا
(٢)
کاتێ کە کەنیسە، بەڵای مرۆڤبوو، هیومانیزم دێتە پێش، بەڵام کاتێ کە مرۆڤ خۆی ئەبێتە بەڵای هەسارەکە، ئیتر ژینگە دێتە سەنتەر. ڕۆژانێک "عەقڵ پەسەندیی" ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤبوو، بەڵام دوای جەنگە جیهانییەکان، ئیتر ڕەخنەگرتن لە خودی عەقڵ، بوو بە دەریچەی ڕزگاریی..
یەعنی مێژوو چەقی هەیە، بەڵام چەقەکەی جوڵاوەو هیچ شتێک بە هەمیشەیی، چەقی نەگۆڕی مێژوو نیە.
فیکرەی "وەحدەتی وجود"و بیرکردنەوە عیرفانیەکان، لەوێدا ڕاقییە، کە چەقی نیە، هەرچییەک چەقبێ کێشە نیە، چونکە هەمووی هەر یەکە، کە هەمووشی یەکبوو ئیتر شتەکان سواری یەکتر نابن. بەڵام ئەگەر لە زهنی ئێمەدا، وجود پەرت و جیابێ، ئیتر خوا سواری مرۆڤ و مرۆڤ سواری ژینگەو سیاسەت سواری کۆمەڵگاو ئابوورییش سواری هەمووی ئەبێت.
نەزەرییەی خەلق یان نەزەرییەی پەرەسەندن؟ ئەوە پرسیاری قۆناغی شیرکە، لە قۆناغی یەکێتیدا، داروین و موسا هەر یەکەو هەمووی هەر لەناو دەفری بووندایە. ئەوەی تۆ بە خەلقی ئەزانیت، بەناو بیگ بانگ و پەرەسەندن و تەپوتۆزی ئەستێرە مردوەکاندا هاتووەو لێرەدا زانست وەڵامدەرەوەیە. بەڵام خودی پەرەسەندن و بیگ بانگ و ئەستێرەکان، بەناو خەلاقیەت و هونەرمەندیی "بوون"دا هاتوون و لێرەدا ڕۆح وەڵامدەرەوەیە.
دیاری وجود فرەییەو نادیاری وجود یەکێتییە، ئەگەر لەژێرەوە گڵەکە یەکبێ، فەرقی چیە دارەکە پرتەقاڵ بگرێ یان سێو؟ ئەگەر "بوون" خۆی ئازادبێ، ئیتر جەبر کەری کوێیە؟ ئەی کە هیچ ئەگەرێک لە دەرەوەی بووندا نەبێ و "بوون" خۆی، داهێنەرو هەڵگری هەموو ئەگەرەکانی خۆی بێت، ئیتر ئازادی چ کارەیە؟
ئیرادەو بڕیاڕی تۆ، تەواو ئازادو ئێستایی بێت، یان بەناو دنیایەک پاڵنەرو هۆکاری پێشتردا هاتبێ، یان تێکەڵەیەک بێت لەوە.. شتەکە هەر لەناو بووندایە. تۆ لە نێوان ئەگەرەکاندا ئازاد و ناچاریت، بەڵام خودی ئەگەرەکان، هەر مناڵی بوونن. لێرەشەوە، ئیتر بوون نابێتە یەک ئەگەرو تاکڕەهەندیی، بەڵکو ئەبێتە دایکی فرەیی و شیر ئەدا بە هەموو ئەگەرەکان، ئەوەش شتێکی باشە بۆ کرانەوەو نادەمارگیری!
(شۆڕش و کۆنزەرڤاتیزم) هەردوکیان پووچن. ئەمیان ئەڵێ ئێمە ئیرادەی ئازادمان هەیەو ئەبێ واقعەکە بگۆڕین، ئەویان ئەڵێ ئێمە ناچارین و ئەوەی هەیە حوکمی خوا یان نەریتەو نابێ دەسکاری بکەین. پووچێتییەکەش لەوەدایە، کە پرسەکە ئەوەنیە ئێمە ئازادین یان ناچار، پرسەکە ئەوەیە ئێمە چ بە گۆڕین، چ مانەوە، لەبەردەم یەک ئەگەردانین، بەڵام حیکایەتی هەردولا تاکڕەهەندەو هەردوکیان هەر مەحکومت ئەکەن بە یەک ئەگەر!
ئەمیان لەڕێگەی ختوکەی ئەخلاقەوە مەحکومت ئەکات، ئەویان لەڕێگەی دەغدەغەی ئازادییەوە، لەکاتێکا ئەخلاق و ئازادی جیانین و هەردوکیان هەر ئەوەن کە دنیای ئەگەرەکانت لێ نەکرێ بە کونەمشک و بە یەک ئەگەر. ئا لێرەشدا شۆڕش و محافزکاری هەردوکیان هەم بێئەخلاقن هەم بێ ئازادی، چونکە گرەو لەسەر یەک ئەگەر ئەکەن و ڕێگایەکی ترت بۆ ناهێڵنەوە.
ڕێگایەکی ئاسانتر، بۆئەوەی بزانیت کە ڕادیکاڵیزم و کۆزەرڤاتیزم، هەردوکیان هاوپووچن، ئەوەیە کە هەردوکیان جەماعەت پیرۆزکەرن و لەسەر کەوشاندنی فەرد دامەزراون، هەردوکی هەر تۆپەڵمان ئەکاو لەهیچیاندا تۆ بۆت نیە وەکو بوونێکی هۆشیار هەبیت، "دازاین"ێکی خاوەن پرسیار، خەتەرە بۆ سەر هەردو تۆپەڵەکە!
بەوجۆرە، ئیتر شۆڕش سەرکەوێ، هەر تاریکییەو دژەشۆڕش سەرکەوێ هەر تاریکییە، چونکە هەردوکی هەر تاکڕەهەندییە، بەڵام لەوێدا کە فرەیی سەرئەکەوێ، هەمیشە ڕووناکییەک هەیە، ئەمەش پەیوەندی بە لیبرالیزم و هیچ یزمێکەوە نیە، پەیوەندی بە هارمۆنی جیاوازەکان و خودی فرەییەکەوە هەیە!
عاقڵیی مرۆڤ، لە دۆزینەوەی پەیوەندی هۆ و ئەنجامەوە دەسپێئەکات، بەڵام بێعەقڵیشمان هەر لەوێدایە، کە وائەزانین هۆکار یەکێکەو ئەنجام یەکێکە، لەکاتێکا شتەکە کۆبوونەوەی دنیایەک هۆکارو هێنانە ئارای دنیایەک ئەنجامەو بوون کراوەیە بەسەر ئەگەرە ناکۆتاکانی خۆیداو هەرگیز لە ئەگەرێکی پێشین و ئەگەرێکی پاشیندا ناگیرێ و لەوە سرکترە.
تۆ وا ئەزانیت پێشکەوتن شتێکی خاڵییە لە دین، لەکاتێکا کۆڵەکەیەکی ئەساسی ڕۆشنگەری، ڕێفۆرمی ئایینەو شتەکە ڕێک بە ناوجەرگەی ئایندا هاتووە. یان لای ئیسلامییەک ناوی مارکس بهێنە، ئەستەغفیرەڵا ئەکات، لەکاتێکا خودی ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزم، لە سیاقێکدا دروست بووە، کە مارکسیزم ئایدۆلۆژیای باڵای جیهان بووەو ئەوانیش ئیلهامێکی گەورەیان لێ وەرگرتووە.
شتەکان تێکەڵ و بەیەکداچوون، سەیرکە "هیۆم" پەیوەندی هۆکارێتی ڕەتئەکاتەوە، بۆئەوەی میتافیزیک و بەدیاریکراوی "سەبەبی یەکەم"ی پێ بکاتە دەرەوەی بازنە، کەچی "غەزالی" هەمان پەیوەندی ڕەتئەکاتەوە، بۆ ئەوەی هەموو شتێک میکانیکی و ئەزموونی نەبێ و لە سوچێکەوە خوا بهێنێتەوە ناو بازنەکە. یەعنی هەمان ئارگۆمێنت بۆ دوو مەبەستی جیاو پێچەوانە! یەعنی ئەوەی کە وا ئەزانیت بۆی نابێ، لەڕاستییدا بەهۆی مەوقعی خۆتەوە وایە، تۆزێ بچۆ بەولاوە، ئەبینی بۆی ئەبێ و چاکیش!
شەڕەکان شەڕی جیاییە، بەڵام وردیکەیتەوە هیچ شتێکی جیا بوونی نیەو هەموو شتێک تێکەڵەیەکە لە کەرەستەکانی ناو سیاقەکەی خۆی. خودی مێژوو، تێکەڵەی هەموو ڕەگەزەکانی سیاقێکە، نەک مادەیەکی یەک پارچەی دەرە سیاق. هیچ مێژوویەک نیە یەک هۆکار دروستی کردبێت، هیچ شۆڕشێک نیە یەک ئەنجامی هەبێت، هەر دەرگایەک دنیایەک وردە پەنجەرەیە.
جەدەلی جەبرو ئیختیار بۆیە حەلنابێ، چونکە شتێکی کوانتەمییە. هەر هەمان شتە، لەملاوە سەیریکەی جەبرەو لەولاوە سەیریکیەی ئیختیارە. ئەوەش خەتای تۆ نیە، "بوون" خۆی وایەو بە تۆڕەکەی ئێمە ناگیرێ، ئەو نەگرتنەش شتێکی سلبی نیە، بەڵکو بەرەکەتی بوونەو هۆکاری جوڵەو گەشەی ژیانە.
یاخود ئارگۆمێنتە کۆنەکەی ئەبیکۆر، کە هەمیشە لەگەڵ کارەساتە سروشتییەکاندا تازە ئەبێتەوە: ئەگەر خوا خێری موتڵەقە، کارەساتەکان بۆ هەیە؟ ئەگەریش خەلەل و کارەساتەکان هەیە، ئیتر خوا کەی خێری ڕەهایە؟
کێشەکەش ئەوەیە، ئێمە لێرەدا خوامان کردوە بە "خەیر"، لەکاتێکا ئەوە پێوەری دنیای دووانییەو خوا بە خێرو شەڕ ناپێورێ. کە گەیشتینە سەر "فیکرەی خوا" لەوێدا ئیتر دووانییەکان سفر ئەبنەوەو خواش ئەبێتە (سفری ڕەها) نەک خەیری ڕەها، چونکە خەیر عەکسی شەڕەو شتەکە ئەبێتەوە بە دووانیی، بەڵام سفر عەکس و بەرامبەری نیە!
بەکارهێنانی وشەی "ڕەها" لە پاڵ خەیردا، شەڕ ناکاتە دەرەوەی بازنە، بەپێچەوانەوە بەهێزتری ئەکاو ئەویش ئەبێت بە خوایەکی تەرتیب و بە "شەڕی ڕەها". یەعنی کاتێک کە خوا ئەکەیت بە خەیر، تەنیا بتێک نا، بەڵکو دوو بت دروست ئەکەیت، چونکە خەیر بەرامبەری هەیەو شەڕت لێ قوت ئەبێتەوە. ئا لێرەشدا زەردەشتی مەزن، هەڵەیەکی مەزنی کردو ئەولادی ئیبراهیمیش بەسەرا کەوتنە ناوی. خۆی لەڕاستییدا زەردەشت مەبەستی دوو خوای دەرەکی نەبوو، مەبەستی دوو هێزی ناوەکی ئینسان خۆی بوو، بەڵام ئەمانە برانە دەرەوەو بوون بە دوو دێوی ئەفسانەیی.
یەعنی خوا هەر نەزانراوەکەیە، بەڵام ئەشێ بڵێین ئەو نەزانراوەیە کە "ئەویتر"و بەرامبەری نیە. ئەمەش تاکە زانینی ڕاستەقینەیە لەبارەی خوداوە، چونکە هەر زانینێکی تر بخەیتە جێگەی، درۆ دەرئەچێ. ماباقی باسی بتە نەک خودا، چونکە ئەکەونە دنیای دژو پێچەوانەکانەوە. ئەگەریش بۆ تێگەیشتنی خۆمان شتەکە بیکەین بە ژمارە، لەڕاستییدا ئەوەی کە هاوتای نیە، سفرە نەک یەک و دوو سێ، بێدەنگییە نەک وتنەکان!
ئا لێرەشدا، داناترینی حەکیمەکان، ئەوانەیان نیە، کە قسەیان کردو کتێبی پیرۆزو حیکمەتی جوانیان هێنا، کە بێگومان ئەمانە گەورەو گەوهەرن. بەڵام لەمانە داناتر، ئەوانەن کە بێدەنگبوون لە ئاستی بووندا، کە ئەوە باڵاترین ئاستی تێگەیشتنە لە (سفری ڕەها) چونکە هەر ڕەقەمێک لێدەی هەو نیە. تەنانەت ئەگەر "یەک"یش لێدەی، ئەو یەکە ئەبێتە بت و ئەبێ ناوی بنێیت و فۆڕمی بدەیتێ، کە ئیتر ئەوە وەهمی خۆمانەو وێنای هەیە، نەک ئەوی بێ وێنە (لیس کمثلە شیئ).
لەڕاستییدا "یەک" بۆ ئەوانەیە کە تەنیا لە زمانی بەرجەستە تێئەگەن و کە لە بۆشایی ئەترسن، ئەگینا شتەکە خۆی سفرە. بەڵام سفر بە مانای "نیە" نا، بەڵکو سفر بە مانای نەزانراوێک، کە جەماعەتی "هەیەو نیە" هەر بەقەت یەکی لێ ئەزانن، چونکە ئەو ماسی نیەو دەریاکەیە، ئیتر نە قولاپی ئەرێ ئەیگرێ نە قولاپی نەرێ و هەردوکیان ڕاوێکی بۆش ئەکەن. ئا لێرەشدا نیتچە، لە هەزار مەلاو قەشە خواناسترە، چونکە ئەو گەیشتە سفرو بە تیرێک، بتی سیانی و دووانی و یەکی، هەموویانی شکاندو ئەو "هیچ"ی پێ خواتربوو لەو دومبەڵەو ئەزنیفە!
جا ئەم قسانە، چ پەیوەندی بە پەروەردەوە هەیە؟ با هەیەتی. پەروەردەی ڕاستەقینە، ئەوەیە کە شوێنی ژمارەکان بە زانست پڕئەکاتەوەو شوێنی سفرەکان بە بەتاڵیی و بە پرسیاریی بەجێئەهێڵێ، بۆ ڕامان و بیرکردنەوە.
پەروەردەی ڕاستەقینە، شوێنی سفرەکان بە هیچ کۆدێک پڕناکاتەوە، چونکە ئەگەر سەرەتا کۆدی ناپێویستت تیا دابنرێ، دواتر دەجالێک، کۆدەکە لێئەداو لێتئەخوڕێ. پەروەردەی دروست، لە ڕێگەی پڕکردنەوەوە، کۆمەڵگا هاک ناکاو پاس ۆردی ئینسانەکان نادزێ، بەڵکو لە ڕێگەی بەجێهێشتنی مەساحەی بەتاڵەوە، خۆیان ئەکاتە سەروەری پاس ۆردی خۆیان.
خەیاڵپڵاونیم و ئەوە ئەزانم، کە پەروەردەو نەریت و کولتورەکان بۆ دانانی کۆدن، بەڵام باشترینیان، ئەوەیە کە هەموو تۆ پڕنەکاتەوەو هەنێکی پەرداخەکە بە بەتاڵیی جێبهێڵێ بۆ خۆت. ئینسان بە هەردوکی ئینسانە، بەشە پڕەکە کەڵەکەبووی مەعریفەی بەشەرییەو لێرەدا مرۆڤ پێویستی بەوانیترە، بەڵام بەشە بەتاڵەکە، هەم شوێنی بوونی تۆیە، هەم شوێنی ئیزافەی تۆیە بۆ مەعریفەی بەشەریی و لێرەدا ئەوانیتریش پێویستیان بە تۆیە!
ماویەتی