مێخەكی كوردی و سنجاقی ئیخوانیەكان
2 مانگ پێش ئێستا
سەروبەستەكەی نەنکم جوانترین سەرپۆش بوو، بە بۆنی مێخەکی کوردی و چڵە نێرگز رازابووەوە نەک سنجاقی ئیخوانییەکان.
کۆماری ئیسلامی ئێران چ بەرهەمێکی هەبوو:
- لە ٢٠٢٢ ین، تا ئێستاش لە سێدارەدان لە گۆڕەپانە گشتییەکانە
- هەژاری و ئالودەبوون بە مادەی هۆشبەر مۆخی کۆمەڵگاکانی ئێرانی وەک مۆرانە خواردووە
- مافی نەتەوەکان لە خراپترین دۆخەکانێتی
- هەژاری تەنگی بە کۆمەڵگای ئێرانی هەڵچنیوە، کەچی ئەم کۆمارە ئیسلامییە داراییەکی زەبەلاحی لە تێکدانی وڵاتانی ناوچەکە سەرفکردوە هەر لە ئێراق و سوریا و یەمەن بگرە تا دەگاتە لوبنانیش.
باشە چ کارمان بە سیستەمێکی لەو جۆرە هەیە؟ ناکرێ خوا و باوەڕی خۆمان لە ناخی خۆمان و لە چواردیواری ماڵەکانمان بهێڵینەوە؟ ناکرێ ئایین ویژدانی زیندوومان بێت؟ ئەو ویژدانەی مرۆڤدۆستە، ئەو ویژدانەی هیندە بەرفراوان و سپییە مرۆڤایەتی دەگرێتە خۆی بێ جیاوازی؟ یەزدان؟
خوای گەورە و میهرەبان، مەزن و دلۆڤان چ پێویستی بە ڤیستیڤاڵی بە کۆمەڵی هەیە بۆ لەبەرکردنی وتەی پەیامبەرەکەی؟ ئەو سەیر دڵ و هزر و ناخمان دەکات نەک رۆخسار و خۆدەرخستنمان.
تۆیەک بریارت داوە باڵاپۆش بیت و لەچک لەسەر بکەی، چ پێویستت بە ڤیستیڤاڵە بۆ نیشاندانی؟
نەنکی من و باپیری من جوانترین نموونەی موسڵمانی بوون، قسە و ڕەفتار و سۆز و بەزیی و خۆشەویستیان باسی ئاینی ئەوانی دەکرد.
: شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە ماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوو، پێشبرکێ لەبەرکردنی وتەکانی پێغەمبەر، مراسیمی نووری جیهان و لەچک لەسەرکردنی بە کۆمەڵ، ئێرە کابوڵ نییە، هەرێمی کوردستانە
ئاڤان رەفیق