من بازرگانی کەلوپەلی خەراپی خۆراکم!

3 مانگ پێش ئێستا

محمد خۆشناو
من یەکێکم لەو بازرگانانەی کە خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو دەهێنم و دەشزانم سبەی تا ئێوارە بەر جوێن و نەفرەت دەکەوم و جێی سکاڵای هەموو ماڵێکم.

ئەوە منم خەڵکێکی زۆرم دووچاری جۆرەها نەخۆشی و نەخۆشی ترسناک کردووە و ماوە نا ماوە مەرگی هاوڵاتیان لە منداڵ و گەنج و پیر دەدوورمەوە، ئێمەی بازرگانی خۆراک.

من لێرە هەر باسی خۆم ناکەم ، بەڵکو هەموو ئەوانەی کە لە بوارەکەی مندا کاردەکەن دەناسم و دان بەوە دەنێین کە ڕۆلمان هەبووە لە تیکدانی تەندروستی هاوڵاتی، ئێمە پێشتر ئەوە دەزانین کە خۆراکەکان خەراپن و کاریگەری خەراپی لەسەر هاوڵاتی دەبێت.

من هەندە باکم بە بەرنامەی تەلەفزیۆنی لەسەر خۆراکی خەراپ و قسە و قسەڵۆکی خەڵک و ووتاری نوسەران نیە کە جەدوایان نیە، ڕوخساری من تابلۆیەکی هەمەڕەنگی چاوچنۆکی و قۆرخکاری و قۆستەنەوە و گەمەکردنە بە نرخەکان .

من لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگ و قەیران و کارەساتەکان دەگەشێمەوە، ئای ئەوە چ موچوڕکێکی خۆشیە کە بە لەشم دادێت کە بینیم جەنگێکی گەردوونی و زەوی لەکاتی هەناسەدانیدا ژان و تووڕەیی تووند لە بومەلەرزە و لافا و تسۆنامی لە دەمیدا دەردەدات، وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین کە دەیان وڵات دووچاری هەژاری و برسێتی و هەڵاوسان بۆتەوە .

دەبێت خەڵک ئەو شاهێدیەم بۆ بدات، کە ئێمەی بازرگانانی کەلوپەل هەر بەتەنیا نین، ئەدی بەو گەورە فەرمانبەرانە دەڵێن چی! کە بەرتیلیان دەدەینێ و ئەگەر بازرگانێکی گەندەڵ هەبوو چاک بزانە لەبەرانبەریدا فەرمانبەرێکی گەندەڵ و چاودێریکی گەندەڵ هەیە .

من شارەزایەکی باشم هەیە و لەناوەوە بەهێزم و ناڕوخێم بۆیە بە ئازادانە ئەوە دەکەم، هەمیشەش نزا دەکەم کە ئەو بایەعەی کە حکومەتی عیراق دەینێریت نەمێنێت ئەنجا دەمانزانی چ بازاڕێکمان دەبوو و چۆن دەچووینە کەشکەڵانی ئاسمان! وا مانگی ڕەمەزانیش هات بۆ ئەمبارکردن و بەرزکردنەوی نرخی کەلوپەل، بەڕاستی مانگێکی بە پیت و بەرەکەتە . بەداخەوە چڵیسی و چاوچنۆکی مرۆڤ واکردووە کە هیج شتێکی ساغ و تەندروست نەمێنێت و بەمانا ئایینەکە حەڵاڵ و حەرام تێکەڵ بووە و لەمیژوودا زۆر چیڕۆک هەن بۆ ئەو گەلانەی کە حەرام ڕووخاندوینی و گەڵانی تریش کە بەحەلال ژیایە و کەڕامەت و دادی هەڵبژارد، ئەوەی بەسەر گەلان دێت بەسەر کەسەکانیش دێت، لەو سەردەمەی ئێستا حەرام بۆتە ڕەفتارێکی قبولکراوی ئاسایی کە لەهەموو شتێکدا دەیبینیت، خەراپترین زەمەن ئەو زەمەنەیە کە ئاڵای حەرام هەڵبکەیت و حەلال ببیتە شتێکی نامۆ، ئەمە هەرەسێکی گەورەی ویژدانی و ئەخلاقیە و دەبێت دەسەڵات بەجدی چاکسازی و پێداچوونەوە بکات