ماڵی ئیبراهیمی - بەشی یەكەم

3 مانگ پێش ئێستا

پەیكار عوسمان
دینی ئیبراهیمی نەبوو، ماڵی ئیبراهیمی بوو. دینێکی تازە نەبوو، هەوڵێکبوو بۆ پێکەوەژیانی دینە کۆنەکان. بەڵام فەیک نیوز، ماڵەکەی کرد بە دین و دینەکەی کرد بە موئامەرەو کۆنەکەی کرد بە تازە. مادام شتەکەش وا کەوتەوە، ئێمەش لەم نوسینەدا هەر وا مامەڵەی لەگەڵ ئەکەین، چونکە ئەسڵەن کێشەکە ئەوەنیە کە هەواڵەکە درۆبوو، کێشەکە ئەوەیە کە کاردانەوەکە ڕاستییەو عەقڵیەتی دژەپێکەوەژیان، حەقیقەتی تاڵی ئەم ناوچەیەیە!
تۆ کێشەی ئەوەت هەیە، کە دینەکەی ئیمارات ئەجندای سیاسی لە پشتەوەیە، لەکاتێکا هیچ فۆڕمێکی دین نیە کە ئەجندای لەپشتەوە نەبێ و بەجۆرێکی ئا لەم بابەتە دروست نەبووبێ. کۆمیدیاکە ئەوەیە، هەر خودی ئەو فۆڕمەی دین، کە زۆر دژی هەواڵەکە وەستایەوە، خۆی فۆڕمێکە لە دین، کە ئەجندای سیاسیی هەیەو تازەشەو تەمەنیشی هەر سەت ساڵێکە! 
جا تۆ شانست هەیە کە ئەمەی ئێستای سعودیەو ئیمارات لەبەرچاوتا ڕووئەدا، بۆئەوەی یارمەتیت بدا تێبگەی لەوانەی پێشتریش، کە هەمووی هەر وایەو بەناو قوڕو لیتەی مێژوودا هاتوون، نەک بەناو خەیاڵە خۆشەکەدا. 
ئەوەی کە تۆ دەستت پێوە گرتووە، دین نیە، فۆڕمی دینە، هەموو فۆڕمەکانی دینیش بەناو واقعێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هاتوون، نەک لە گیرفانی دڕاوی ئاسمانەوە کەوتبنە خوارەوە. فۆڕمی دین هەیە، تەمەنی تەنیا چل ساڵەو هەلومەرجی شەڕی سارد دروستی کردوە، کەچی تۆ لێتبووە بە مەتری خواو دنیای پێ ئەپێویت! 
ئەمانەی ئێستای سعودیەو ئیماراتیش، چل پەنجا ساڵی تر، شکڵ وەرئەگرن و ئەچنە هەمان دۆخ و ئەبن بە هی خواو پێغەمبەر، ئەوەش هیچ کێشە نیەو شتەکە هەروا هاتووەو پەیوەندی "دین و سیاسەت" ئەوە هەڵئەگرێ،، ئەوە کێشەیە کە کاڵاکەی ئەو وا ببینی، بەڵام کاڵاکەی خۆتت لێبووبێ بە هی ئاسمان!
کۆمەڵگا هەر ئەونەی زەحمەتە تا ڕادێت لەسەر شتێک، کە ڕاهات، ئیتر وەهمی خۆی بە هەزار حەقیقەت ناگۆڕێتەوە، چونکە ئەسڵەن کۆمەڵگا ڕاستی بۆ گرنگ نیە، ئیستقراری بۆ گرنگە. "ڕاستی" پرسی تاکە نەک کۆمەڵ، لە تاکیشدا پرسێکی عەقڵییە نەک سایکۆلۆژی. نوخبەی عاقڵیش، ئەوانەن کە فۆڕمەکانی دین، بە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەپێون، لەوێدا کە شتەکە لە عاملی ئیستقرارەوە بۆتە عاملی ڕق و فیتنە، ئیتر ئەیگۆڕن بە فۆڕمێکی ترو ئاشتی کۆمەڵایەتی پێ بەرهەمئەهێننەوە.
ئا لێرەشدا فۆڕمەکەی سونەو شیعەو ئیخوان و سەلەفی، کەڵکی نەماوەو بەس بۆ فڕێدان باشە، بە دەلیلی ئەوەی کە ئەگەر دوژمنی دەرەکیش نەبێت، هەر خۆیان لەناو خۆیاندا عاملی فیتنەن و جگە لە ڕق هیچی تریان پێ نیە بۆ یەکتر، کە هەر ئەوە بەسە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵگا. ئا لێرەشەوە فەردی عاقڵ، ئەوەیە کە لە یاری فۆڕمەکان تێئەگاو کۆمەڵگای عاقڵ، ئەوەیە کە زوو خۆی لە فۆڕمی کۆن دائەماڵێ و فۆڕمی نوێ دائەهێنێ. 
ئەوەی جاران بە هەزار ساڵ جێ ی خۆی ئەکردەوە لە مێژوودا، ئێستا هەر بیست ساڵێکی ئەوێ و تۆ بەختەوەریت کە لەسەردەمی خێراییدا ئەژیت. جاران تەمەنی حیکایەتەکان لە تەمەنی مرۆڤ درێژتربوو، ئیتر بە حوکمی فەرقی تەمەن، شتەکەت لێ ئەبوو بە ئەفسانە. ئێستا لەسەردەمێکداین، کە تەمەنی مرۆڤ لە تەمەنی حیکایەتەکان درێژترەو ڕەنگە هەر لە ژیانی خۆتدا، فریای بینینی سێ دین و چوار یزمی تازە بکەویت و بە "واقعی" لەدایکبوونی حیکایەتەکان ببینیت نەک بە "ئەفسانەیی" بۆتی بگێڕنەوە!
دین فۆڕمە مێژووییەکانی دینە، نەک ئەوەی ئەسڵێکی جێگیرو نامێژوویی بوونی هەبێت. هەر فۆڕمێک لە دین، لەناو سیاقێکدا دروستبووە، بە خودی فۆڕمە یەکەمەکەشەوە، نەک ئەوەی شتەکە دەرەکات و دەرەشوێنبێ. مێژووی دوورو نزیک هەر وا بووەو داهاتووی دوورو نزیکیش هەر وا ئەبێ. فەرقەکە هەر ئەوەیە پێشتر مێژوو خاوبوو، ئێستا بڕێک خێرایەو بواری دروستبوونی ئەفسانە کەمتربۆتەوە. 
جاران تەنیا ڕادیۆیەک ئەیتوانی ئەفسانەی مامەڕیشە دروست بکات، کەچی لە شەڕی داعشدا، ئەو هەموو میدیاو سۆسیالمیدیایە نەیانتوانی مامەڕیشەیەک دروست بکەن، چونکە ئەفسانە لە خاویی و نادیارییدا دروست ئەبێت، ئێستا هەموو شت خێراو دیارەو بواری ئەوە نەماوە ماوەیەکی زۆر خەیاڵ بە شتێکەوە لێدەی. 
ئەوەی لە مێژوودا بووە بە ئەفسانە، خاویی مێژوو کردوێتی بە ئەفسانە، نەک ئەوەی خۆی نامێژوویی و ئەفسانەیی بێت!
ئەوەی کە بە سەرەتا ڕەسەنەکەی ئەزانیت، نە سەرەتایە نە ڕەسەن، کۆمەڵێک ململانێ و کەرەسەتەکانی ئەوکاتەو لەگەڵ عیرفانی مرۆڤێکدا چووە بەناو یەکدا. ئەوەی هەیە مێژووە بە هەموو پەیوەندی و ململانێکانی ناویەوە. ئەوەی هەیە مرۆڤ و کۆمەڵگایە، بە هەموو دیوە مادی و مەعنەوییەکانییەوە. لە مێژوودا وێستگەی گرنگ و ساتی وەرچەرخان بوونی هەیە، بەڵام سەرەتای ئەفسانەیی بوونی نیە، چونکە مێژوو نامێژووی تێدانیە. 
جا ئەو فۆڕمانەی دین، کە لە هەلومەرجێکدا دروست ئەبن، شەرت نیە خراپ بن، بۆی هەیە زبڵ و موخابەراتی و پێوستییەکانی جەنگ و ململانێ بن، بۆشی هەیە زێڕبن و پێویستی خودی قۆناغەکەبێ، یەعنی کۆمەڵگا خۆی ئەزێ و فۆڕمی تازە ئەخاتە جێگای ئەو فۆڕمانەی کە کۆنبوون. هەردوکیشی هەر لە سکی ئەجنداکان و دۆخەکەوە هاتۆتە دەرەوە، نەک بە موعجیزەی کابرای پشتی هەورەکان!
هەر فۆڕمێکیش کە دێ، زەمەن حوکمی ئەکات، ئیتر هەر هەمان شت، ئەشێ لە ساتێکدا زێڕەکەبێ و لە ساتێکیشا ببێتەوە بە زبڵ. هەر ئەو سەلەفیەتەی کە ئێستا کۆنەیە، ڕەنگە لە قۆناغیكدا، نوێ بووبێ بەراورد بە خورافەتی تەریقەتەکان. هەر ئەو ئیخوانەی کە ئێستا باری گرانە بەسەر شانی دەیان کۆمەڵگاوە، ڕەنگە سەردەمێک بارسووکیی بووبێت بۆ میسرییەکان. 
هەر ئەم دینە فەیکەی کە ئێستا کۆمەڵگای ئیماراتی ئەیخوازێ، ڕەنگە پەنجا ساڵی تر پێویستی بە فڕێدان بێت، چونکە ئیمارات بەس جەماعەتی ئیبراهیمی لێ نیە، بەڵکو سەدان هەزار بودایی و هیندۆسی و ئەفکاری تری لێیەو ڕاستە دینی ئیبراهیمی بازنەیەکی گەورەترە بەراورد بە بازنە گرگنەکەی مەزهەبی سوننە، بەڵام هێشتا بچوکە بەراورد بە فرەدینی کۆمەڵگای ئیمارات!
باشترین فۆڕمی دینیش ئەوەیە کە لەناو جەدەلێکی عەقڵانیدا دروست ئەبێ و ئیتر وەکو دژەعەقڵێک شکڵ ناگرێ و ئەبێتە بەشێک لە ڕۆشنگەری نەک بەربەست. یان ئەو فۆڕمەی کە دەسەڵاتێک بە کەمترین ململانێ تێیئەپەڕێنێ، کە ئەمەیان قومارەو ئیتر یان وەهابیەتت بۆ دەرئەچێ، یان کرانەوەکەی ئێستای بن سەلمان، هەردوکیشی بە هەمان پرۆسەو هەر لە هەمان وڵات، نەک ئەوەی یەکێکیان هی ئاسمانبێ و یەکێکیان هی زەمین!
حەدیسی حەفتا فیرقەکە حیکمەتێکی جوانی تێدایە. جارێ پێش هەرشتێ، حەفتا ئاماژەیە بۆ "زۆر" نەک بۆ خودی ژمارە حەفتا، چونکە ئەگەر هەموو دین و فیرقەو ئەفکارەکان وەرگرین، شتەکە هەزارانەو ئەو حەفتایەش مەبەست ئەو هەزارانەیە. ئەو هەزارانەش هیچیان ڕاست نین، تەنیا یەکێکیان نەبێت، ئەو یەکەش نە دینەکەی منە نە دینەکەی تۆ، بەڵکو وازهێنانی هەردوکمانە لە کەرێتییە کۆنەکەی (هەر من ڕاستم).
هەزارانەکە هەرهەمووی لەو کەرێتییەدا هەڵەیەو هەرهەمووشی لە تێپەڕاندنی ئەو کەرێتییەدا ڕاستەو شتەکە پەیوەندی بە هیچ گروپێکی دینی و نادینییەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بەو کەرێتییەوە هەیە، کە بەقەت خودی مرۆڤ کۆنەو تەواوی شەڕو ڕق و جیاکارییەکانیش لەوێوە هاتووە. 
ئەشێ شەیتانیش، هەر ناوێکبێ بۆ ئەو کەرێتییەی ئێمە، نەک بۆ ئەو برادەرەی حیکایەتەکە. هەڵچنینی دیواری پیرۆزییش بە دەوری کەرێتییەکەدا، نایکات بە شتێکی باش و خوایی، بەڵکو خەستترو شەیتانیتری ئەکاتەوە.
ماویەتی