فیلمی «ناڕێکیی» (پشێویی)
3 مانگ پێش ئێستا
پێشڕەو محەمەد
شاکارێک دەربارەی کات و پیۆتر کرۆپۆتکینی لاو لە سویسرا
چەند رۆژێک پێش ئێستا هاوڕێیەکی بەرلینیم (ئەمانوێل) کە لە پاریس پۆست دکتۆراکەی دەخوێنێت، گەڕابووەوە بەرلین و تەلەفونی کرد کە پێکەوە بڕۆین سەیری فیلمێکی سویسریی بکەین کە تازە هاتووەتە سینەماکان و بە زمانی فەڕەنسیی و ئەڵمانیی سویسرییە و لە پاریس هەمووان باسی دەکەن. هەر ئەوەندەی گوت: فیلمەکە دەربارەی کرۆپۆتکینی لاوە کە لە ڕووسیاوە دەچێتە سویسرا. هەم بۆ بینینەوەی هاوڕێکەم و هەمیش جۆش و خرۆشی بینینی فیلمەکە، بێ دوودڵی گوتم بەڵێ با بڕۆین. پاشان دوو هاوڕێی دیکەمان، ئەکسێل و نیکلاس، هاتنە ناو گروپەوە و دوای فیلمەکە، تا درەنگانی شەو، گفتوگۆی چڕ لەبارەی فیلمەکەوە لە باڕێکی نزیک لە سینەماکە دەستیپێکرد. نیکلاس دکتۆرای لەبارەی چەمکی «کار» لە نازیزمی ئەڵمانییدا هەیە. ئەکسێل شارەزای ئابووریی سیاسیی تورکیایە و ئەمانوێلیش دکتۆرا لە فەلسەفەی ئەڵمانیی، بەڵام لە فەڕەنسا و لای ئاتین بالیبار، دەخوێنێت و خۆشتان پسپۆڕیی من دەزانن. ئەم چوار مێشکە پێکەوە گفتوگۆی فیلمەکەمان لەگۆشەی جیاوازەوە کرد.
فیلمەکە شاکارێکی سینەماییە، ڕیتمی ڕۆیشتنی ڕووداوەکانی زۆر هێواشە، لەڕووی سیاسییەوە شایانی دەرککردنی خێرا، لەنیگای یەکەمەوە، نییە. پەیوەندیی چرکەبەچرکەی لێدانی کاتژمێر، قووڵایی سیاسیی و ئێستاتیکیی و هەروەها جوڵەی بلیمەتانەی کامێرایی دیاریدەکات. فیلمەکە لەبارەی چییەوەیە؟
سەرەتا بە دیمەنی سێ ژنی ئەریستۆکرات لە سان پترزبۆرگ دەستپێدەکات، کە کۆتایی فیلمەکەیە، کچێکی لاو باسی کرۆپۆتکینی پیر دەکات کە جارێک لە مۆسکۆ بینیویەتی و دەڵێت بووە بە ئەنارشیست. ژنی دووەم دەپرسێت دەزانیت ئەنارشیزم چییە؟ بەڵێ: کرۆپۆتکین خوا و سەرمایە و دەسەڵاتی دەوڵەتی ڕەتدەکاتەوە. گفتوگۆ لێرەوە دەستپێدەکات. ژنە بەتەمەنترەکە ئاخێک هەڵدەکێشێت: ئاخ کرۆپۆتکینی داماو. دیمەنەکە تێدەپەڕێت. لاوێکی ڕووسیی دەگاتە کانتۆنی ئازادی یورای سویسرا. بە فەڕەنسیی پرسیاری ناوونیشانێک لە خانمێک دەکات و خانمەکەش لەگەڵ خۆی دەیبات و دوو پۆلیس ڕایدەگرن و داوای لێدەکەن وێنەی تازە بۆسەر بەڵگەنامەی گەشتەکەی زیادبکات. هەرچۆنێک بێت گیری پێنادەن.
شۆڕش بەهێوریی، بەڵام نائارام:
کۆمۆنیستەکان، ئەنارشیستەکان، سۆسیالیستەکان، و ڕادیکاڵەکان، هەمیشە پێیانوایە نەزمی باڵادەست بەبێ توندوتیژیی ڕێکخراو هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت. هەموو ئەوانەی ئەم بیرۆکەیەیان هەیە، لە فیلمی «پشێویی»دا، لە دەرهێنانی سیریل شۆیبلینسی سویسریی، تووشی نائومێدیی و هەژان دەبن. دەکرێت شۆڕشەکان بەشێوەی زۆر سەرنجڕاکێش و بەئەدەبەوە ڕووبدەن، وەک چۆن لاوێکی خانەدانی ڕووسیی، لە دەیەی ١٨٧٠ی سەدەی نۆزدەدا دەگاتە ناوچەیەکی کارگەی کاتژمێرسازیی (Uhrenfabrik) لە کانتۆنی یورای سویسرا. ناوی لاوەکە: پیۆتر کرۆپۆتکین (کە پاشان بە پیتەر ناسرا)، دواتر وەک تیۆریزەکاری ئەنارشیزم ناووبانگ پەیدا دەکات، بەڵام جیۆگرافیناس و نەخشەسازە، بۆ ئەم مەبەستەش دەچێتە سویسرا. لەوێ چی دەبینێت؟
لەو کانتۆنە کرۆپۆتکین بۆ یەکەمجار ئاشنایەتیی لەگەڵ کرێکارانی کارگەی کاتژمێرسازیی پەیدا دەکات، کە خۆیان لەنێو یەکێتییەکی کرێکاریی ئەنارشیستیی و ئەنتەرناسیۆنالییدا ڕێکخستووە. کۆمۆنیزمی ئەنارشیست هەموو فۆرمێکی دەسەڵاتی ناوەندیی ڕەتدەکاتەوە، ئایدیالی خۆی لسەر کۆمۆنە و کۆمەڵی لۆکاڵیی و خۆبەڕێوەبەریی بچووک بونیاد دەنێت. بەڵام ئەو کانتۆنە چکۆلەیەی سویسرا خاڵی پێچەوانەی ڕەهای ئاژاوە و پشێوییە. کارگەی کاتژمێرسازییەکە خاوەنێکی سەرمایەداری هەیە، کاتی کار بەشێوەیەکی ڕەها ڕێکدەخرێت، پۆلیس هەمیشە چاودێریی چرکەلێدانی ڕێکی کاتژمێرەکان و نەزم و ڕێکخستن دەکات. دوو پۆلیس، کە وا دەردەکەوێت هاوڕێیانە بن، ئەرکی کۆنتڕۆڵی ئارامییان پێ سپێردراوە، بێ ئەوەی توندوتیژیی ئەنجام بدەن و زۆرجار وەک کۆمیدیش دەردەکەون. بەڵام حیکمەتی فیلمەکە ڕێک لەم خاڵەدایە: کۆنتڕۆڵی ئاشتییانەی نەزم لەلایەن هاوڕێیەتییەوە.
بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێز و چینە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگ بەرزکردنەوە و ئیهانە و سوکایەتییپێکردن ڕوونادات. جووڵەیەکی دووبارە: هەرکەس بیەوێت بە شقارتە جگەرەکەی پێبکات، پێشنیاری بۆ دەکرێت، ئاگای لە کارتۆنەکانیش بێت.
کرێکاران ئامرازی سەرکوتکردنی خۆیان بەرهەم دەهێنن
وەک باسمکرد، ئەگەر بۆ سیاسەت و خێرایی بگەڕێیت لە فیلمەکەدا، نائومێد دەبیت، بەڵام فیلمەکە هاوکات نائارامیی و گرژییە سیاسییەکان لە قۆناغێکی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا شیدەکاتەوە، بەڵام نەک ڕاستەوخۆ لەڕێگەی پێکدادان و ڕێکخستنی سیاسییەوە، بەڵکو لەڕێگەی چرکەلێدانی کاتژمێرەکانوە، کە لە شارەکاندا هەلدەواسرێن و پیشانی کۆمەڵی گشتیی دەدرێن. چەمکی «پشێویی» یان «ناڕێکیی» لە زمانی کاتژمێرسازیی (Uhrmachersprache)یەوە هاتووە، لە سیستەمێکی ئاسانکارییەوە بۆ کارکردنی کاتژمێرەکان کە دەبێت بە وریاییەوە «تەرازوو» بکرێن. پرۆسەی ناو فیلمەکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، و چاودێرانیش چاودێریی کاتژمێرسازان دەکەن: چونکە کات پارەیە. کێ کەم کاتژمێرەکان ڕێکبخات، پارەی کەمتر بەدەست دەهێنێت و نامەیەکی پارەی پێدەدرێت کە لەگەڵ چرکە بەچرکەی کارکردنی کاتژمێرەکاندا ڕێکخراوە و هیوای ڕۆژێکی زۆر خۆشیش بۆ کرێکارەکە دەخوازن.
بەکارگەییکردن و فۆتۆگرافیی:
فیلمەکە باس لە بەکارگەییکردن و بەستانداردکردنی کات و شوێن لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا دەدوێت. هەر لەبەرئەوەشە هاوشان و هاوکاتی پیشاندانی کاتژمێرسازیی، فۆتۆگرافییش بە فراوانیی ئامادەیە. پۆرترێتەکان دەگیرێن، بۆ مەبەستی تایبەت بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە کاتێک کرۆپۆتکین بەناوبانگ دەبێت، وێنەکەی پارە دەکات. هەروەها نەخشەی دابەشبوونی قەڵەمڕەوی کانتۆن، شار و نەتەوەکانیش هەن. لێرەوەیە نەخشەسازە لاوەکە بیرۆکەی داڕشتنی کۆمەڵێک «نەخشەی ئەنارشیستیی» بەبێ ناوەند و بەبێ سنوور، بە مێشکیدا گوزەر دەکەن.
یەکگرتنی وێنە و کات و سافیڕەی پۆلیس:
ئێستا هەموو ئەم ڕووداوانە لە وێنەیەکی جوڵاوی سینەماییدا یەکدەگرن، هاوکات لەگەڵ ئەوەی وێنەیە، بەڵام هەروەها ئامرازێکی زەمەنیی و کاتیشە. فیلمەکە بە جوانیی ئەو کاتە باڵادەستیی پیشان دەدات کاتێک بەردەوام زووم و گۆشەی کامێرا لە کارگە و مرۆڤەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ پیشاندانی کات و شوێن لە وێنەی جوڵاودا، کە حوکم دەکەن. بەڵام فیلمساز هەرخێرا لەم دیمەنە تێدەپەڕێت و دەیشوێنێت، چۆن؟ بەوەدا وێنەکە دەگوازێتەوە بۆ شوێنێک کە نابێت شوێنی ئەو بێت. چوارچێوەی وێنەی لەسەنتەرخراو لەناکاو دەگوازێتەوە سەر خۆڕێکخستنی ئەنارشیستەکان بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی کات. نیگای باڵادەستیی سەنتەر دەشێوێنرێت، نەخشەی ڕێکخراوی سنووردیاریکراوی نەتەوە، تێدەپەڕێنرێت. «پۆلیس بۆ کرۆپۆتکین و ژۆزێفین: بۆتان نییە بێرەدا تێبپەڕن، ئێرە موڵکی کارگەیە؟ ئەوان دەڕۆن. پۆلیس فیکەیەکی ئاڵتووسێریی لێدەدات بۆ ئەوەی ئاوڕ بدەنەوە و کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئەوان دەڕۆن و ئاوڕیش لە فیکەکە نادەنەوە».
پەیوەندیی ئەنارشیی و نەزم:
هەرچۆنێک بێت فیلمەکە ساتێکی شۆڕشگێڕیی لە ساتێکی زۆر ئارامدا تۆمار دەکات. پەیوەندییەکانی نێوان ئەنارشیی و نەزم لە فیلمەکەدا زۆر بەنەزمکراویی دەمێننەوە. فیلمەکە بە پیشاندانی ئەوەی چۆن کارکردنی چرکەی پێوەرکراوی کاتژمێر دەبێتە کاتی چاودێریکردن، بە وێنەی ئەنارشیستیی، تەحەددای دەکات. و ئەمەش لەو کاتەدا بڕگەکەیەکی واڵتەر بنیامینی بیرخستمەوە کە دەڵێت:
«لە شۆڕشی مانگی تەممووزدا شتێك ڕوویدا و ئەوەی ڕوون كردەوە، كە ئەم وشیارییە هێشتا زیندووە. لەیەكەم ئێوارەی شەڕەكەدا ڕوون بووەوە لە خاڵە جیاوازەكانی پاریسدا، كەسانێك بەشێوەی هاوكات، بەڵام جیا و دوور لەیەكتر، تەقە لە سەعاتە گەورەكانی سەر بورجەكان و مەیدانەكانی شار دەكەن، شایەتحاڵێكی زیندوو، كە لەوانەیە لەم بینینەی خۆیدا ئیلهامی لە هونەری كێش و سەروا وەرگرتبێت، دەنووسێت:
كێ باوەڕی دەكرد! وەك پێمان دەڵێن كە
لە خوارەوەی هەر بورجێك،
یوشەعە تازەكان وەستاون
وەك بڵێیت لە خودی زەمەن توڕەن
تەقەیان لە سەعاتە قوڕمیشدارەكان دەكرد
تا ڕۆژ بووەستێنن».
تەقەكردن لە سەعاتەكانی مەیدانی گشتیی شار، لەكارخستنی چركەكان، مێتافۆرێكی ئارەزووكردنە بۆ وەستاندنی زەمەن یان دروستكردنی وەستانێك تێیدا، كە تایبەتمەندیی هەر جۆرە كردە و وشیارییەكی شۆڕشگێڕییە. هەروەها بێ هۆ نییە لە هەردوو شۆڕشی فەڕەنسیی و شۆڕشی ئۆكتۆبەردا، دوو شۆڕش كە مێژووی مرۆڤایەتییان لە ڕەوتی لێكدانەوەی چینە باڵادەستەكان دابڕی، لەهەردوو شۆڕشەكەدا، یەكەم ئەركی شۆڕشگێڕان گۆڕینی تەقویم بوو.
ئازادیی بیروڕا و پارە:
بڕگەیەکی سەیر لە فیلمەکەدا هەیە: وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دێتە سویسرا تا داوا لە حکومەتی سویسریی بکات چالاکیی ئەنارشیستەکان سەرکوت بکات و ئەمەش لە هەموو ئەوروپادا. بەڕێوەبەرێکی حوکمیی کە دەزانێت دەزگای پۆستە و تەلەگراف زۆرترین پارە لەڕێگەی نامەناردنی ئەنارشیستەکان بۆ جیهان، پەیدا دەکات، ئەمە بە زەینیدا گوزەر دەکات و دەڵێت: ئێمە ناتوانین ئازادیی چاپەمەنیی و بیروڕا کۆنتڕۆڵ بکەین. بەڵام بەبیر وەزیریشی دەهێنێتەوە: ئێمە پارەشمان لەوە دەستدەکەوێت.